لە یادی ھەتوانبەخشی زامی چەوساوەکان

 
ن. ئەردەڵان


بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد لە ھەر چوارپارچەی کوردستان لە سەرەتایی دەستپێکییەوە تاکوو ئێستا و بەتایبەتی لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوو و لە رۆژھەڵاتی کوردستان گەلێک رابەر و کەسایەتی خۆنەویست و لێوەشاوەی و پێشەنگی بەخۆیەوە بینیوە کە ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی ئەو خەباتکارانە دەتوانێت چرای رێگای خەباتکارانی ئەمڕۆی و نەوەی نوێی خەباتی گەلی کورد بێت. کاتژمێر ٦ی ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە ٧ی گەڵارێزانی ١٣٦٦ ھەتاوی رێکەوتی ٢٩ی ئۆکتۆبری ١٩٨٧، قەدەرێک ھاوڕێیەکی لێ ئەستاندین کە ھێمای درەوشاوەترین رەھەندە مرۆییەکانی خەباتکارێکی شۆڕشگێڕ بوو. باسی دکتور جەعفەر دەکەم. دکتور جەعفەری شەفیعی. رووداوێکی تاڵ و جەرگبڕ کە ھەموو گەڵارێزانێک، جارێکی تر برینی سارێژ نەبووی لە دەستچوونی رابەرێکی دڵسۆز و رۆڵەیەکی بەئەمەگی کورد و  خەباتکار و خەمخۆرێکی چینی چەوساوە و ھەژاری کوردستان، دەکولێنێتەوە.

شاملوو گەورە شاعیری شێعری نوێی فارسی لە پێشەکی کتێبی حافز دا دەنووسێ: " بەڕاستی ئەمە کێیە ئەم قەڵەندە کە کتێبەکەی لە ماڵی ھەژارترین خەڵک و توێژەکانی کۆمەڵگا ھاوتای قورئان لە سەر تاقەکان دادەنرێت، دەستی پیسی لێ نادەن و وەک کتێبی ئاسمان ماچی دەکەن و دەینێن بە ناوچاوانیانەوە، بە شنەبای غەیبوێژی دەناسن و چارەنووسی خۆیانی بە متمانەوە پێ دەسپێرن؟ کێیە ئەم کافرە کە بۆ رێز لێنان دەیخەنە ریزی پێغەمبەرانەوە؟" بۆ دکتور جەعفەریش ھەر ئەو پرسیارانە بەکارن. ئەم پیاوە کێیە؟ خاوەنی چ سیحر و چ سڕێکە کە وەھا مەحکوومە بە خۆشەویست و رێز؟ ئەو قەڵەندرە کێیە کە بیر و ئاکاری ئەوندە شیرین و لەبەر دڵانە؟ تەنیا وردبوونەوە لە ژیانی خەباتی شۆڕشگێڕانە بەسە بۆ وەڵام بەم پرسیارانە.

دوکتور جەعفەر سیمای ناسراو و رێبەر و نوێنەری جەماوەری و خۆشەویستی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان کە کۆمەڵە بەشێکی بەرچاو لە دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی خۆی قەرزداری لێھاتووی و لێوەشاوەیی و کارامەیی ئەو ھاوڕێیەیە. رۆڵەیەک کە بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی و رەوای کورد بە گشتی و چینی چەوساوەی کوردستان بە تایبەتی، پێویستی بە کات و خەبات و ئەزموون و کۆڵنەدانێکی زۆرە تا جارێکی دیکە لە داوێنی خۆیدا رۆڵەیەکی دیکەی وەک دکتور جەعفەر پەروەردە بکاتەوە.

دکتور جەعفەر لە ماوەی ١٧ ساڵ چالاکی سیاسی خۆی لە ریزی پێشەوەی خەباتکارانی کوردستان کاریگەری گەورەی لە سەر رەوتی رووداوە سیاسییەکانی پەیوەست بە کوردستان دانا. بیر و کرداری دکتور بەر لە گیانبەختکردنیشی سەرمەشقی کار و چالاکی خەباتکاران پشوو بوو و ئێستاش بۆ خەباتکارانی نەوەی نوێی میللەتەکەمان لە کوردستانی رۆژھەڵات، رێبازێکە بۆ وەستانەوە و تێکۆشان، کۆڵنەدان، راستگۆیی و خۆنەویستی، سادە و ساکاری و میھرەبانی، دڵگەورەیی و ھێمنی، لێبڕاوی و وەفاداری، ورەبەرزی و رۆشنبیری، پڕوزەیی و پڕکاری.  دکتور جەعفەر لە ماوەی خەباتی سیاسی خۆیدا بەرامبەر بە نیزامە ستەمکار و چەوسێنەرەکانی شاە و رژیمی کۆماری ئیسلامی لە رێبەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان گەلێک بەرپرسایەتی گەورە و گرانی لە ئەستۆ بوو. 

بەرپرسایەتییەکانی لە دۆخ و دۆزی جیاوازی حیزبی و رێکخراوەییدا، لە کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەدا، سەرنووسەری رادیۆ کۆمەڵە، سەرنووسەری بڵاوکراوە حیزبییەکان، نووسین و وتاربێژییەکان، لە راسپاردە جۆراوجۆرە تەشکیلاتییەکان و بە گشتی لە راپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و حیزبییەکانیدا نموونەیەکی درەوشاوە لە لێھاتووی و کارزانی، فیداکاری و خۆنەویستی بوو. ھاوڕێ جەعفەر یەکێک لە ئاڵاھەڵگران و پێشەنگانی ماندووی نەناسی کۆمەڵە لە بواری رێکخستنی کرێکاران و چینی چەوساوە و ھەڵسووڕاوانی سیاسی کوردستان بوو. دکتور ھەتوانبەخشی زامی نەزانی و ناوشیاری بوو. دکتور دەستی باڵای ھەبوو لە لەقاودانی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ھەر دوو رژیمی پاشایەتی و رژیمی کۆماری ئیسلامی. 

وەک تەبیب و پزیشکێکی شۆڕشگێڕ، لایەنگری خەڵکی زەحمەتکێش، خۆشەویستییەکی کەم وێنەی بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو. پێوەندی ئەو لەگەڵ خەڵک تەنیا بە پێوەندی و ھەست بە بەرپرسیارییەتی و ویژادنی کارییەوە کورت نەدەکرایەوە. دکتور وەک شۆڕشگێڕێکی راستەقینە دژوارترین راسپاردەکان، سەفەر و زەحمەتە بێ خەڵات و بەراتەکانی بۆ نەخۆشەکانی _کە زۆربەی ھەرزۆریان لە توێژی ھەژار و کەم داھات بوون_ بە گیان و دڵ بە ئەنجام دەگەیاند. دکتور ھەرگیز پسپۆریی پزیشکی لە خەڵکی ھەژار و چەوساوەی کوردستانی جوێ نەکردەوە بەڵکوو گەرم و گوڕ و خۆماڵی بوون یەکێک لە پێناسەکانی ئەو بوو. دکتور جەعفەر کانگایەک بوو لە وزەی خەباتکارانە و چالاکی سیاسی، خاوەن پێگەیەکی بەھێزی کۆمەڵایەتی، بیرتیژێکی وەرە پۆڵایینی داھێنەر.

ئەو ھەموو ماندوونەناسانە ژیانی تەرخانکردبوو بۆ شۆڕش و لە ھەر دۆخێکدا گرنگترین شت بۆی راپەڕاندنی ئەرک و راسپاردەکانی شۆڕش بوو. چ لە گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، چ لە دۆخی سەختی ژینگەی کۆمەلە و بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە کوردستانی باشوور سەرەڕای نەخۆشی و  مەترسی ھێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و چ ئەو کاتەی کە وەک نوێنەری کۆمەڵە لە ئۆروپا ئەرکی دیپلۆماسی کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان پێ سپێردرا. دکتور شەیدای زانست و فێربوون و توێژینەوە بوو. دکتور جەعفەر ئەگەر چی لە پێوەندییەکانی کوردستانی بوون، بەڵام بیر و تێڕوانینی ئەو مرۆڤ تەوەر و جیھانی بوو. دڵسۆز و خەمخۆری و بەھەڵوێست بوو لە بەرامبەر ھەر چەشنە سەرکەوتن یان ژێرکەوتنێکی بزووتنەوەیەکی رزگاریبەخش لە ھەر کوێیەکی ئەم گۆی زەوییە.

دکتور لە تەمەنی خەباتی دا لە بەشداری لە کۆڕ و کۆمەڵە مارکسیستییە نھێنی و شاراوەکانی سەردەمی شا و پێوەندییەکانی لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشان، تا ئەزموونی ساواک و زیندانی سیاسی کە رووسوور و سەربەرزانە لێی ھاتە دەرێ، تا چالاکی ئاشکرا و وتاربێژییە جەماوەرییەکان و وشیاری بەخشییە بەربڵاوەکان لە سەردەمی راپەڕین، تا جەولە سیاسییەکانی کوردستان و بەشداری کە ھەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە وتووێژەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و باقی دان و ستانەکانی کۆمەڵە لەگەڵ باقی رەوتە سیاسییەکانی کوردستان، تا بەرەوپێش بردن و رێبەری کردنی چالاکییە راگەیاندنەکان و ھەڵسووڕانی ماندوو نەناسانەکانی لەم بوارەدا، تا بەشداری لە ریزی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک پزیشکێکی شۆڕشگێڕ کە لە سەخترین دۆخەکانی ژیانی خەباتکارانەدا بوون و تا ئەنجام راسپاردە جۆراوجۆر و پڕ مەترسی و پڕبەرپرسایەتییەکان، مەودایەکی دوور و درێژی پێوا. رێگا و مەودایەک کە دەکرێ وەک قۆناغەکانی گەشەی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردیش لە کوردستانی رۆژھەڵات، پێناسە بکرێت.

بەبێ ئەوە و بەدوور لە ھەستی رومانسییانە کە دکتور جەعفەر و ژیان و چالاکییەکانی بپێچینە بەرگێکی پیرۆز، بەڵام لەم دۆخە سەرخت و پڕ ھەڵەمووتانەی ئێستا کە گەلی کورد و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژھەڵات تێیدایە جێی ھاوڕێ و رابەر و سەرکردەیەکی وەک دکتور جەعفەر زۆر بەتاڵە. چالاک و رێبەرێکی بزووتنەوەی خوێندکاری، داکۆکیکارێکی بەھا پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی لە سیاچاڵەکانی ساواک، خەمخۆرێکی کرێکاران و چەوساوەکان، پزیشکێکی شۆڕشگێڕی بەئەزموون و لێھاتوو، راگەیاندکارێکی بەتوانا بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد، وتاربێژێکی لەفز شیرین و کاریگەر، ھاندەر و رێکخەری خەباتی سیاسی جەماوەری بەرینی خەڵکی ناڕازی و وەزاڵە ھاتوو دژی رژیمی شا و کۆماری ئیسلامی، رێبەرێکی جێی متمانەی خەڵک لە کاتی وتووێژەکان لەگەڵ دوژمنان و داگیرکەران، کادرێکی پێشەنگ و پێشکەوتنخواز، نووسەرێکی بەتوانا و قەڵەم بەبڕشت، سیاسەت دارەێژەرێکی کارامە، ئینسانێکی ھێمن و ھێدی، فیداکار و خۆنەویست، خەباتکارێکی ماندووی نەناس و پڕوزە لە رێبازی مرۆڤایەتی و سڕێنەوەی چەوسانەوە و نابەرابەری، نەخش و یادگارییەکانی دکتور جەعفەری شەفیعین لە ماوەی ١٧ ساڵ چالاکی سیاسی و رێکخراوەیی خۆیدا کە لە مێژووی خەباتی چەوساوەکان، رزگاریخوازان و خەباتکارانی شۆڕشگێڕی بەجێ ھێشتووە.

ئەگەرچی لەدەستدانی ھاوڕێ دکتور جەعفەری شەفیعی کۆستێکی گەورە بوو بۆ کۆمەڵە و خەباتی چەوساوەکانی کوردستان، بەڵام ئەمرۆ ئامانج و رێباز و بیری دکتور جەعفەر کە ئەو بانگەشەکاری بوو لە ھەناوی کۆمەڵگای کوردستان و خەباتکارانی رێبازەکەی رەگی داکوتیوە و یاد و بیرەوەری درەوشاوەی دکتور ھیوابەخشی رزگاری و سەرکەوتنە.

بیوگرافییەکی کورتی دکتور جەعفەری شەفیعی:

_ساڵی ١٣٣٠ ی ھەتاوی (١٩٥١) لە بۆکان لە دایک بوو.
_ساڵی ١٣٤٩ی ھەتاوی (١٩٧٠) لە کۆلێژی پزیشکی تەورێز وەرگیرا.
_ ساڵی ١٣٥١ی ھەتاوی (١٩٧٢) بۆ ماوەی ٦ مانگ لە لایەن ساواکەوە دەستگیر کرا.
_ ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاوەی (١٩٧٨) بۆ یارمەتی پێشمەرگاکانی ی.ن.ک وەک پزیشک پێیان پەیوەست بوو.
_ساڵی ١٣٥٨ یەکێک بوو لە ئەندامانی تیمی کۆمەڵە لە ھەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
_ساڵی ١٣٦٠ ژیانی ھاوسەرێتی لەگەڵ مەلەکە خانمی مستەفاسوڵتانی پێکھێنا و بوون بە خاوەنی کچێک بەناوی "بەیان".
_ساڵی ١٣٦٢ی ھەتاوی ١٩٨٢) نوێنەرایەتی کۆمەڵەی لە ئۆروپا وەئەستۆ گرت.
_لە ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاوی (١٩٧٩) تا دوا ساتی ژیانی (١٣٦٦ھەتاوی_١٩٨٧) ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە بوو.
_لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە "دکتور عەزیز" دەناسرا.
_نوێنەری کۆمەڵە بوو بۆ پەیوەندی لە گەڵ "ئاڵای رزگاری" لە کوردستانی باکوور.
_"گڵکۆی تازەی یار" ناونیشانی نامەیەکی پەخشاناوی کاک سەلاحودینی موھتەدییە کە دوای گیانبەخت کردنی ھاوڕێ دکتور جەعفەر بۆ دادە مەلەکەی موستەفاسوڵتانی نووسیوە.
_"دەلالۆ" شێعر مامۆستا شێرکۆ بێکەس بۆ یادی دکتور جەعفەر ھۆنراوەتەوە کە ھونەرمەند ناسری رەزازیش بە مەقامێک وتوویەتەوە. 

PM:12:15:08/11/2015




ئه‌م بابه‌ته 1249 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌