به‌یاننامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات له‌ ساڵیادی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌



ره‌شه‌ممه‌ بۆ ته‌واوی گه‌لانی جیهان، به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد وه بیرهێنه‌ری كاره‌ساتی له‌بیرنه‌كراوی بومبارانی شیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لایه‌ن رژێمی چه‌وسێنه‌ر و خوێنمژی به‌عسه‌. هه‌رچه‌ن زۆرێك له‌ بیرمه‌ندان ئه‌و رووداوه‌یان له‌ ئاستی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی وه‌كوو دوو شه‌ڕه‌ جیهانیه‌كه‌ و بومبارانی ئه‌تۆمیی هیرۆشیما و ناكازاكی هێناوه‌، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر زۆر دڵته‌زێنتره‌!!! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌ك به‌ ده‌ست وڵاتێكی داگیركه‌ر و دوژمنی ده‌ره‌كی، به‌ڵكوو له‌وانه‌یه‌ ته‌نیا وێنه‌ی نامۆی مێژووی هاوچه‌رخ بێت كه‌ هاووڵاتیانی یه‌ك وڵات به‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆی جینۆساید بكرێن، هه‌ر به‌م هۆیه‌ ده‌توانین بڵێین ته‌نیا هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كوو هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و به‌س!. هه‌ر بۆیه‌ یادكردنه‌وه‌ و زیندوو راگرتنی ئه‌و كاره‌ساته‌ تاڵه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌ركی هه‌ر ئینسانێك و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌ركی رۆڵه‌كانی كوردستانه‌.

مخابن، كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وتۆ كه‌ ده‌كرا نه‌كه‌وته‌ به‌رچاوی جیهانیان به‌گشتی و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ به‌تایبه‌تی!. ئازار و ژانی بایكۆتی هه‌واڵنێریی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌متر له‌ خودی كاره‌ساته‌كه‌ نه‌بوو. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو راگه‌یاندن و ده‌زگا هه‌واڵنێریه‌ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان بچووكترین رووداوی سیاسی، ئابووری، سروشتی وهتد، ده‌خه‌نه‌ به‌رباس، به‌ڵام گوایه‌ له‌ راستای سیاسه‌تی حاشا و له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد، دیسانه‌وه‌ هه‌ر وه‌كوو ئه‌وه‌ی شوناس، مێژوو، وڵاتمان و ته‌نانه‌ت بوونی حاشا كراوه‌، ره‌شه‌كوژی و جینۆسایده‌كه‌شی بایكۆت بووه‌!. بێده‌نگی وڵاتانی چوارده‌ور و به‌تایبه‌تی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان، ئه‌ویش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بوونی دوو رێكخراوی كونفرانسی وڵاته‌ ئیسلامیه‌كان و یه‌كێتیی عه‌ره‌ب، تا ئه‌و راده‌یه‌ قورس و بێ پاساو بوو كه‌ ده‌بوو له‌ بوون و مانای "ویژدان" و "رۆح"ی ئینسانییان گومان بكرێ.

له‌م سه‌رووبه‌نده‌دا خوێندكارانی كوردستان و رێكخراوی خوێنده‌وارانی كوردستان به‌ گوێره‌ی ئامانجه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری كوردی كه‌ گرینگترین چوارچێوه‌ی چالاكیه‌كانمان په‌ره‌پێدانی گوفتمان و وتو وێژی دیموكراسی، مافی مرۆڤـــ، پشتگیری له‌ ئازادیی به‌یان، رخنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌شنه‌ نابه‌رابه‌ری و بێ عه‌داڵه‌تییه‌كه‌، به‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌مایشه‌كان، میتینگه‌كان، كونفرانسه‌كان و پیشانگاكانی وێنه‌ و فیلم له‌م دوو ده‌یه‌ی رابردوو به‌ كه‌مترین پشتوانه‌ی داهات و ماڵی له‌ لایه‌ن زانستگاكانه‌وه‌، یادی ئه‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌یان هیچ كات له‌ بیر نه‌كردووه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ دوژمنانی مرۆڤایه‌تی ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌ بێده‌نگی و حاشا بگۆڕن، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ كه‌ بڕێ له‌ خاوه‌ن بیروڕایان به‌ڕێوه‌بردنی یادی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ نه‌ماد و سیمبولی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كوردی ده‌زانن. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كوردی یا كوردستانی وه‌كوو به‌شێك له‌ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی ده‌زانێ به‌ پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی خۆی راسته‌قینه‌ترین و كارامه‌ترین چالاكیه‌كانی خۆیی له‌ كارنامه‌ی خۆی تۆمار كردو,ه‌ و هیچ كات مل بۆ زه‌ڕ و زۆر و ریا ناخه‌وێنێ هه‌تا ده‌وڵه‌مه‌نان و ده‌وڵه‌تمه‌ردان و ریاكاره‌كان بزانن بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كورد به‌رده‌وام زیندوو و زیندوو كه‌ره‌وه‌یه‌.


كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات

AM:10:56:13/06/2012




ئه‌م بابه‌ته 1039 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌