رۆژ ژمێری داگیرکردنی وڵاتێک

 
ئامادە کردن: مستەفا زاھیدی


رۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاوی (١٩٧٩ زایینی) خومەینی رێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی فەرمانی جەھادی دژ بە خەڵکی کورد راگەیاند و فەرمانی بەسەرجەم ھێزەکان دا بەوەی ھێرش بکەنە سەر کوردستان و کۆتایی بە کێشەی کوردستان بێنن و بیانووی رژیم بۆ ھێرش بۆ سەر خەڵکی کورد ئەوەی بوو گۆیا ژمارەیەک لە ژنان و پیاوانی موسڵمان لە لایەن ھێزە کوردییەکانەوە گەمارۆ دراون. رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، واتە رۆژی دوای فەتواکەی خومەینی رژیم بە ھێزێکی گەورەوە ھێرشی کردە سەر کوردستان و ئەم ھێرشە لە شاری پاوەوە دەستی پێکرد و دواتر لە پرۆسەیەکدا سەرجەم کوردستانی گرتەوە. فەرمانی ھێرشێک کە دۆخێکی سەربازی لە کوردستان جێگیر کرد و تا ھەنووکەش ئەو دۆخە نائاساییە ھەر بەردەوامە. لەگەڵ دەست پێکردنی ھێرشەکان بۆ شاری پاوە ھاوکات لە شارەکانیتری کوردستان رژیم دەستی دایە ئێعدامی ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی – کرێکاری شارەکان. سەرەتا ئەم ئێعدامانە لە شاری پاوەوە دەستی پێکرد. 

داگیر کردنی شارەکانی کوردستان و دەستپێکردنی شەپۆلی ئیعدامەکان

رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ھێزەکانی رژیم لە شاری پاوە ١٢ کەسیان لە دادگایەک فەرمایشی و چەند چرکەییدا ئێعدام کرد و دواتر شەپۆلی ئێعدامەکان شارەکانیتری کوردستانی گرتەوە. ئەو ١٢ کەسەی لە شاری پاوە ئێعدام کران بریتی بوون لە: عەبدوڵڵا نووری، ھوشەنگ عەزیزی، محەممەد عەزیزی، یەدوڵڵا موحەممەدی، حسێن شیبانی، ھورموز گورجی بەیانی، موزەفەر فەتاحی، بەھمەن عیزەتی، محەممەد مەحموودی، ئەسغەر بێھنوودی، ئازەرنووش مەھدەویان، دوکتور قاسم رەشووندی سەرداری. شەپۆلی ئیعدامەکان کە لە شاری پاوەوەو رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ دەستی پێکردبوو ھەر بەردەوام بوو، رۆژی دواتر واتە رۆژی ٢٩ی گەلاوێژ ھەر لەشاری پاوە ٧ لاوی ئەو شارە ئیعدام کران. دیاری سپای ئیسلام و رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بۆ سەر کوردستان کە ئیعدام و کوشت و بڕی خەڵک بوو و لە پاوەوە دەستی پێکردبوو شارەکانیتری کوردستانی گرتەوە لەوانە، مەریوان، سنە، سەقز، مەھاباد. 

رۆژی ٣ی خەرمانان و ٥ رۆژ دوای ھێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان لە پادگانی شاری مەریوان ٩ کەس لە چالاکانی سیاسی-کرێکاری ئەو شار کە سەرجەمیان لە چالاکانی یەکیەتی جووتیاران و رێکخراوە مەدەنییەکانی ئەو شارەبوون کە کۆمەڵە دایمەرزاندبوون ئێعدام کران و ئەو ٩ کەسە بریتی بوون لە : ئەمین مستەفا سوڵتانی، حسێن مستەفا سوڵتانی، جەلال نەسیمی، حسێن پیرخزری، ئەحمەد پیرخزری، دوکتور ئەحمەد ئەخزەری، فایەق عەزیزی، ئەحمەد قادرزادە و عەلی دادستانی. بەم شێوەیە فەیلەقووس کە جارێکیتر رووی کردبۆوە شار ٩ کەس لە چالاکانی کرێکاری- مەدەنی ئەو شارەی لە دادگایی کردنی چەند چرکەییدا ئێعدام کرد. ماشینێکی ئیعدام  کە درێژەی کێشا و پەلی ھاوێشت بۆ شارەکانیتری کوردستان. 

ئامادەبوونی سەربازی و ھەوڵدان بۆ ترساندن و چاوترسێن کردنی خەڵک لە لایەن رژیمەوە ھەر بەردەوام بوو، بەڵام خەڵکیش بەردەوام دژی ئەم سیاسەتەی رژیم دەوەستانەوە. ھەفتەیەک دوای ھێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان خەڵکی شاری سنە چوونە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان بە ھێرشی سەربازی رژیم بۆ سەر کوردستان دەربڕی و لەو خۆپیشاندانەدا گەنجێکی ئەو شارە بە گوللەی ھێزەکانی رژیم گیانی بەختکرد. گیانبەختکردنی ئەم گەنجە ناڕەزایی زیاتر خەڵکی لێکەوتەوەو خۆپیشاندانەکان پەرەی سەند و رژیم ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی خۆپیشاندەری شاری سنەی قۆڵبەست کرد. ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکان ئازاد کران، بەڵام ١١ کەسیان رۆژی ٥ی خەرمانان و لە دادگایی کردنێکی ٥ خولەکیدا بە مەرگ مەحکووم کران و لە فڕۆکەخانەی شاری سنە ئیعدام کران کە بە ئیعدامەکانی فرۆکەخانە ناوی دەرکردووەو ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانە ئێعدام کران بریتی بوون لە: ئەحسەن ناھید، شەھریان ناھید، جەمیل یەخچاڵی، مزەفەر رەحیمی، عەتا زەندی، ئەمجەد موبسری، عیسا پیرۆلی، ناسر سەلیمی، مزەفەر نیازمەند، یەدوڵڵا فوولادی و سیرووس مەنووچێھری.  

دوو کەس لەم ١١ کەسەی کە لە فڕۆکەخانەی شاری سنە ئێعدام کران بریندار بوون و یەک کەسیان بە برانکارد برایە بەر جوخەی ئێعدام و بڵاو بوونەوەی رەسمی ئێعدامەکانی شاری سنە لە بڵاوکراوەکانی ناوخۆ و دەرەوە ھەر ئەو کات ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتەوەو "جەھانگیر رەزمی" فۆتۆگرافەری ئەوکاتی رۆژنامەی ئیتلاعات فۆتۆی ئیعدامەکانی بڵاو کردەوە، ھەرچەند ئەوکات ناوی فۆتۆگرافەرەکە نەنووسرا بەڵام دواتر و ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی پۆلیتزەری پێبەخشرا. لەبەر ئەوەی تا ساڵی ٢٠٠٧ کەس نەیدەزانی ئەو فۆتۆگرافەرەی خەریکە ئەم تاوانە مێژووییە بە کامیراکەی تۆمار دەکات کێیە. 

خەڵکی شاری سەقزیش وەک شارەکانیتری کوردستان دژ بە رژیمی ئیسلامی، کە ھیچکات خەڵکی کوردستان قبووڵیان نەکردبوون و رۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ھەمان ساڵ ھەمووان بە نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان دەنگی (نەخێر)یان بە کۆماری ئیسلامی وتبوو،وەستابوونەوەو بەردوام بوون لە خەبات و وەستانەوە دژی رژێم. بۆیە رژیم رۆژی دوای رووداوی شاری سنە ، واتە رۆژی ٦ی خەرمانان جەلادی لاوانی کوردستان (خەڵخاڵی) بەرەو شاری سەقز رەوانە کرد و لەو رۆژەدا ٢٠ کەس لەو شارە  کە ١٠ کەسیان لە لاوانی شار و ١٠ کەسیان لەو نیزامی و ئەرتەشیانە بوون کە لە شوێنی کارەکەیان نەبوون ئێعدام کران و لە ناو ئیعدامیەکاندا تەنانەت منداڵی ١٢ ساڵان و ١٤ ساڵانیش دەبینرێت. ئەو ٢٠ کەسەی لە شاری سەقز ئیعدام کران بریتی بوون لە: ئەحمەد سەعیدی، قادر بەھادور، تاھێر خەتیبی، محەممەد بابامیری، ناسر حەدادی، رەسووڵ ئەمینی، محەممەد غەفاری، ناجی خورشیدی، کەریم رەزایی، ئەنوەر ئەردەڵان، سەیفوڵڵا فەیزی (١٤ ساڵان)، عەلی فەخرایی، سەید حەسەن ئەحمەدی، کەریم شیربانی، عەبدوڵڵا بەھرامی، محەممەد دەروێش نوقرەیی، ئەبووبەکر سەمەدی، ئەحمەد موقەدەم، جەلیل جەماڵزادە، ئازرگەشب دارایی (١٢ ساڵان).  بەم شێوەیە رژیم لە جینایەتەکانی بەردەوام بوو و بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و ھێزی خۆی لە کوردستان پەنای بردە بەر ھێرشی سەربازی و رێکخستنی دادگایی نمایشی چەند خولەکی و ئیعدامی لاوان و ھەڵسووڕاوانی سیاسی-کرێکاری لە شارەکانی کوردستان. 

ئەم ماشین مەرگ و ھێرشەی کە رژیم لە شاری پاوەوە دەستی پێکردبوو بڕیاربوو سەرجەم شارەکانی کوردستان بگرێتەوە تا ئەو کاتەی کوردستان داگیر دەکرێت و بە قەولی خۆیان خەڵکی کورد بەچۆکدا دێنن. بۆیە دوای ھێرش بۆ سەر پاوەو سنە و مەریوان و سەقز رژیم لە قۆڵێکی ترەوەو لە لایەکیترەوە بە ھەموو ھێزەکانیەوە، سپا، ئەرتەش و ژاندارمێرییەوە ھێرشی کردە سەر شاری مەھاباد، شان بە شانی ھێزە سەربازییەکان خەڵخاڵی و ماشێنی ئیعدام لە شارەکانی کوردستان دەستیان کرد بە ئیعدامی خەڵک کە بە ناڕەزایەتی بە بوونی ھێزە سەربازییەکان لە کوردستان خۆپیشاندانیان دەکرد. 

شەھید بوونی کاک فوئاد

رۆژی ٩ی گەلاێژی ١٣٥٨ی ھەتاوی فوئاد مستەفا سوڵتانی (کاک فوئاد) یەکێک لە رێبەران و دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە ئاوایی بستام سەر بە سەرشیو، نێوان سەقز- مەریوان، لە حاڵێکدا لە شاری بانەوە بەرەو مەریوان دەڕۆیشت کەوتە شەڕێکی نابەرابەرەوە کە فەرماندەیی ھێزەکانی رژیم لەو شەڕەدا وەک دەوترێت "مستەفا چەمران" بووە و بە داخەوە کاک فوئاد لەو شەڕەدا گیانی بەختکرد. گیانبەختکردنی کاک فوئاد لەو شەڕەدا لە حاڵێکدا بوو کە چەند رۆژ پێشتر واتە رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ٢ برای بە ناوەکانی ئەمین و حسێن مستەفا سوڵتانی لە پادگانی شاری مەریوان ئیعدام کران. ھەواڵی گیانبەختکردنی کاک فوئاد زۆر زوو لە میدیاکانی رژیمدا رەنگی دایەوەو رۆژنامەکانی رژیم بە خۆشحاڵیەوە باسیان لە شەھید بوونی کاک فوئاد کرد و ھەواڵەکانی سەعات ٢ی نیوەڕۆ وەک ھەواڵێکی بەپەلە، ھەواڵی شەھید بوونی کاک فوئادیان بڵاو کردەوە. شەھید بوونی کاک فوئاد لەو قۆناغە ھەستیارە مێژووییەدا خەسارێکی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەی گەلی کورد بە گشتی و بۆ کۆمەڵە بە تایبەت و ھەواڵی شەھید بوونی کاک فوئاد بوو بە خەمێکی گەورە لای لایەنگرانی بزووتنەوەی کوردستان و دۆستان و ئەندامانی کۆمەڵە بە تایبەت.

داگیرکردنی شاری بۆکان

رۆژی ١٠ خەرمانان رژیم بە ھەموو تواناکانییەوە ھێرشی کردە سەر شاری بۆکان و دوای شەڕو پێکدانان لە نێوان ھێزەکانی رژیم و ھێزە کوردییەکاندا شاری بۆکان لە لایەن رژیمەوە داگیرکرا. ھەر ئەو رۆژە لە بەشی سەرووی کوردستان و لە شاری سەڵماس، جەنگ و رووبەڕوو بوونەوە لە لایەن ھێزەکانی رژیم و خەڵکدا روویدا و ھێزەکانی رژیم بە فڕۆکە و فانتۆم ھێرشیانکردە سەر خەڵک و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو شارە لە لایەن رژیمەوە دەستگیر کران و چەند کەس شەھید کران و ماشێنی ئیعدام لەم شارەش خرایە گەڕ. ھەر لەم رۆژەدا واتە رۆژی ١٠ی خەرمانان شاری پیرانشار (خانێ) لە لایەن رژیمەوە داگیرکرا.

قاڕنا و قەڵاتان

رۆژی ١١ی خەرمانان ھێزەکانی رژیم بە فەرماندەیی ئاخووند حەسەنی ھێرش دەکەنە سەر دوو گوندی (قاڕنا و قەڵاتان) لە دەورووبەری شاری نەغەدە و کۆمەڵکوژییەکی گەورە لەو شارە رێک دەخەن و لەو کۆمەڵکوژییەدا ٦٨ کەس لە خەڵکی ئەو دوو گوندە، بە ژن و پیر و منداڵەوە لە لایەن ھێزەکانی رژیمەوە دەکوژرێن و رژیم کە عادەتی بوو ھەواڵی ئیعدامەکانی کوردستان بە پەلە لە میدیاکانی خۆیەوە بڵاو بکاتەوە بەڵام بۆ پەردەپۆش کردنی ئەم رووداوە ٢٠ رۆژ دواتر ھەواڵی کۆمەڵکوژی قاڕنا و قەڵاتانی بڵاو کردەوەو بە ناو لێژنەیەکیان پێک ھێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوەو ھیچکات ئەو لێژنەیە بە ئامانجێکی تەواو نەگەیشت و ھیچ شتێکی نەدا بە دەستەوە.

بۆمباران کردنی شاری مەھاباد

رۆژی ١٢ی خەرمانان، لە چوار سووچی شاری مەھابادەوە، ئەم شارە بۆمباران کرا و دوای بۆمباران کردن و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری مەھاباد، شاری مەھاباد لە لایەن رژیمەوە داگیرکرا و ماشێنی ئیعدام لەو شارە کەوتە ڕێ و نەک ئەو شارە بەڵکوو ژمارەیەک لە گوندەکانیش لەوانە سەرچنار، ئیندرقاش ، ھێرشیان کرایە سەر و کۆمەڵکوژی لەو گوندانە بەڕێوەچوو.

داگیرکردنی شاری بانە

رۆژی ١٣ی خەرمانان دوای شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە گەردەنەی خان، لە نێوان ھێزەکانی رژیم لەوانە لەشکەری ٢٨ی سنە و ھێزە سیاسیە کوردییەکان، شاری بانە لە لایەن رژیمەوە داگیر کرا. لە شەڕی گەردەنەی خاندا بەرەی کورد توانی زەربەی کاریگەر لە ھێزەکانی رژیم بدات بەڵام تۆپخانەکانی رژیم و فڕۆکەکانی رژیم ھێزە کوردییەکانیان ناچار کرد بەوەی ئەو شارە بدەن بە دەستەوە.

ئیعدامی ٤ کەس لە شاری سەقز

ھەر لە رۆژی ١٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ دا چوار کەس لە شاری سەقز لە لایەن ماشینی ئیعدامی رژیمەوە ئیعدام کران. ئەم چوار کەسە بریتی بوون لە: عەتا محەممەدی، حسێن محەممەدی، ئیبراھیم محەممەدی، حسێن نووری. ئەم چوار کەسە بە تاوانی چالاکی چەکداری دژ بە ھێزەکانی رژیم ئیعدام کران.

داگیرکردنی شاری سەردەشت:

رۆژی ١٥ ی خەرمانان، تەکاوەرەکانی ھێزی دەریایی و ئاسمانی شیراز بە یارمەتی ھێزە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئەرتەش دەستیان کرد بە بۆمباران کردنی شاری سەردەشت کە چۆڵ کرابوو و سەرەنجام ئەم شارەیان داگیرکرد. بەم شێوەیە ھێزەکانی رژیم لەسەر فەتوای خومەینی و بە فەرمانی بەنی سەدر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی کوردستان ھێرشیان کردە سەر کوردستان و کوردستانیان کرد بە مەیدانی جەنگ و دۆخێکی سەربازییان لە کوردستان جێگیر کرد و ئەم دۆخە سەربازییە تا ئێستەش لە کوردستان ھەر بەردەوامە. ئەوەی لە دوای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ەوە لە کوردستان دەبیندرێت راگەیاندنی دۆخێکی نائاساییە لە کوردستان کە تا ئێستەش کە ئێستەیە ئەم دۆخە لە کوردستان ھەڵنەوەشاوەتەوەو رژیم بە ھەمان روانینی ئەمنیەتییەوە چاو لە کوردستان دەکات. لە بەرامبەریشدا خەباتی گەلی کورد بۆ وەستانەوە دژ بە رژیم بە ھەموو فۆڕمەکانییەوە سەرەڕای ھەموو کێشەک کە بۆ ئەم خەباتە ھاتۆتە پێش ھەر بەردەوامەو گەلی کورد بە ئێستاشەوە ئامادە نەبوون و نین ملکەچی رژیم بن و رژیمیش کوردستان بە ئەویترێکتر دەبینێت کە ھەرکات ھەوڵ دەدات ئەم ئەویترەوە سەرکوت بکات. خەڵکی کورد لە یەکەم ساتەکاندا خۆی لە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا بینیوەو ئێستەش ھەر لەو تاقیکردنەوەدایە.

AM:11:13:02/09/2015




ئه‌م بابه‌ته 1244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌