ناوەندی هاوکاری حیزبەکان و پێویستییە هەنووکەییەکانی

ناوەندی هاوکاری حیزبەکان و پێویستییە هەنووکەییەکانی

عادڵ محەمەدی


سەرجەم نیشانەکان و فاکتە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لەماوەی نزیک بەدووساڵی رابردوودا ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە وڵاتی ئێران لەبەرانبەری گۆڕانکاریەکی گەورەدایەو دەسەڵات و خەڵک و دژبەرانی کۆماری ئیسلامیش سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەم گۆڕانکاریە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێویستە خۆی لەدووبەشی دەرەکی و ناوەکیدا تەیار بکات و ئەوەی کە تائێستا بینیومانە بەدووشێوەی جیاواز و دووسیاسەتی جۆراوجۆری بۆ ئەم مەبەستە رچاو کردووە. بەشی دەرەکی ئەم رووبەڕووبوونەوە سەرەڕای ئەوەی کە گرینگیەکی تایبەتی هەیە بەڵام ئێمەی ئۆپۆزیسیۆن بە کوردی و ئێرانیشەوە ناتووانین رۆڵێکی ئەوتۆمان تێیدا هەبێت. ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری هەڵگرسانی شەڕ یان هاتنەئارای هەر گۆڕانکارییەک کەلە ئاکامی قەیرانی بەرانبەری دەسەڵاتتدا رووبدات، پێویستی تەواویان بەهێزی جەماوەری و رێکخستنی بزووتنەوەیی خەڵکی ناوخۆ هەیە.

حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات وەکوو نوێنەری خەڵک و ناوەندی هاوکاری حیزبەکان وەکوو مەشرووعترین ئورگان کە خۆی بەدەنگی بزووتنەوەی کورد لە ئێران دەردەخات، پێویستە لەم دۆخەدا و بەبوونی سەرجەم نیشانەکان بۆئامادەبوونی خەڵک لەوانە «ناڕەزایەتی لە دۆخی هەنووکەیی»، «بوونی هاودەنگیەکی باش لەنێوان خەڵک بۆ بەهاناوە هاتنی بانگەوازی ناوەندی هاوکاری»، «رووانگەی پۆزێتیڤی خەڵک بەرانبەر بە هاوکاری ئەحزاب لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاری و تێپەڕبوونیان لە چوارچێوەی حیزبی» و زۆر خاڵیتر هەوڵی سازکردن و تەیارکردن و رێکخستنی خەڵک لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی جەماوەی بەریندا بدات. مێژووی خەباتی کورد لەڕۆژهەڵات نیشانی داوە هەرکات هاودەنگیەکی بەرین بوونی هەبێت دەسکەوتی باشیشمان بووە. لەئەمڕۆداو بەدەرسگرتن لە رابردوو و کەڵکوەرگرتن لە زانستی سەردەم پێویستە خەباتی کورد بەرینە قۆناخێکی نوێ کە گەرانتی بەردەوامی و مانەوەی دەسکەوتەکانی لەگەڵ بێت. رێکخستنی هێزی خەڵک کە تەنیا هێزی یەکلاییکەرەوەیە، لەچووارچێوەی بزووتنەوەی جەماوەری کوردستان ئەو گەرانتیەیەو پێویستی حاشاهەڵنەگری هەنووکەیە.

ئەوەش لەبیر نەکەین کە چالاکی مەدەنی کەلەم ساڵانەی پێشوودا یەکێک لە رێگاچارەکان بوو بۆ چارەسەری پرسی کورد لەئێران، ئەمڕۆکە بەزۆر هۆکار کەلە نووسینەکانیتردا لەسەری باسمان کردووە، رێگەیەکی سووتاوە بۆکورد. چالاکی مەدەنی لە ئەساسدا لە چووارچێوەی دەسەڵاتگەلێکی دیموکراتدا دەتووانێت بوونی هەبێت و بەشێوەی یاسایی هەوڵ بۆ گۆڕینی یاساو پاشەکشە بە دەسەڵات بدات. ئەوەی لە ئێران و کۆماری ئیسلامی شاهیدی بووین تێچووی زۆر لەم رێگەداو دەسکەوتی نزیک بەهیچ بۆ خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان بوو. کاتی ئەوە هاتووە ئێمەی کورد یەکجار بۆ هەمیشە بڕیارێکی مێژوویی بدەین وبەهەموومانەوە هەوڵ بۆ خەبات لەژێر چەتری «بزووتنەوەی جەماوەری کوردستان» بخەینەگەڕ. بزووتنەوەی کوردستان بەردەوام بوونی هەبووە بەڵام ئەوەی کە چالاکتر ببێتەوە پێویستی ئەمڕۆی کوردە لە ئێران.

خەبات لەچووارچێوەی بزووتنەوەدا دەتووانێت دەنگی کورد بەگشتی بەرانبەر بە دەسەڵات، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زۆردلێرتر بکات. ئەوەی بەردەوام دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و جووڵانەوە فاشیستیەکان لێی ترساون، بزووتنەوە جەماوەرییەکان بوون لەبەر ئەوەی تووانای رووخاندنی هەر زۆرو ستەمێکیان هەیە. لەبزووتنەوە جەماوەرییەکاندا زۆرتر لە هێزی کەممی هێزی کەیفی گرینگی هەیەو ئەمەش دەتووانێت خاڵێکی گەورە بێت بۆ کورد. سەرژمێری کورد لە ئێران ناتووانێت زۆرتر لە ٢٠% بێت و ئەمەش ئەوەمان بۆدەردەخات کە بەتەنیایی تووانای گۆڕینی دۆخی هەبوومان نیە بەڵام ئەگەر لەچووارچێوەیەکی یەکدەنگ و بەرنامەداردا خۆمان تەیار کردبێت خۆناکرێت یەکسەر ئەو رێژەلە خەڵکی بسڕنەوەو ئەگەری بەلاڕێبردنی بەشێک و نانەوەی دووبەرەکێی هەروەک ئەوەی لەساڵانی پێشتردا کردیان، کەمتر دەبێتەوە. خەباتی هەمەلایەنەی حیزبەکان و خەڵکی ناوخۆ لەژێر چەتری بزووتنەوەیەکی جەماوەری گشتگیرو بەرنامەدار ئەوڕێگەیەکە کوردی رۆژهەڵات لەم دۆخەدا پێویستی پێیە.

بۆ ئەم کارەش پاش یەکەم هەنگاو کە پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستان بوو، پێویستە هەنگاوی گەورەتر هەڵێنین و لەوانەش پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی هاوبەشی کوردستان بە بەشداری لانیکەم پێشمەرگەی لایەنەکانی بەشداربووی ئەو ناوەندە. ئەمە دەتووانێت رەسمییەتی بێت و دڵخۆشکەر بێت بۆ خەڵک و بزووتنەوەی کورد لەکوردستانی رۆژهەڵات. لەهەمانکاتتدا دەتووانێت گەرەنتییەک بێت هەم بۆگەلی کورد و دڵسۆزانی بزووتنەوەکەمان و هەم بۆ نەیاران و دژمنانمان و لەوانەش کۆماری ئیسلامی و لایەنە پێوەندیدارەکانی کە چییتر هێزی پێشمەرگەی کوردی رۆژهەڵات رووی چەکی لەخۆی نابێت. لەکۆمەڵگای نێونەتەوەییشدا قۆناخێکی نوێ لە خەباتی ئێمەی کوردی رۆژهەڵات دەردەخات و قورساییەکی زۆرترمان پێدەدات. ئەم هێزە دەتووانێت پارێزەری خەڵک و دەسکەوتەکانی خەباتی بزووتنەوەی کوردستان بێت و بەدڵنیاییەوە خەڵکیش پشتی پێدەبەستن و پێش بەتاکڕەویی و هەڵەکانی پێشووش دەگرێت.

لەهەمان کاتتدا پێویستە دەستەی دیپلۆماسی نێونەتەوەیی و دەستەی دیپلۆماسی روولە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ناوخۆی ئێران و هەروەها وتەبێژێکی رەسمیش لەلایەن ناوەندەوە دیاری بکرێت کە چییتر هەرکەسەو بەدڵی خۆی لەمیدیاکاندا بەزمانی ناوەندەوە دەرنەکەوێت و سەردانی وڵاتان و دانیشتن لەگەڵ پارلمانتارێکی کۆمیسیۆنی کەشاوەرزی وەکوو دەسکەوت بەخەڵک نەفرۆشێتەوەو و لەمەش زیاتر لەقورسایی کورد کەم نەکەنەوە. ئەوەی تائێستا کراوە سەرەڕای ئەوەی کاری باشیشی تێدا بووە بەڵام بەگشتی هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نەبووە و هیچی لەدۆخەکە نەگۆڕیوەو ئەمەش دەرخەری ئەوەیە پێویستە گۆڕینێکی جیددی لە سیستەمی کاریماندا بێرینە ئاراوە کە ئەو گۆڕانکاریەش بەبڕوای نووسەری ئەم بابەتە دەتووانێت ئەم خاڵانە بێت کە ئاماژەمان پێیداوە لەگەڵ چەند هەنگاوی رەسمیتر.

 دامەزراندن و دیاری کردنی دەفتەرو ئۆفیسی رەسمی ناوەندیی هاوکاری لەدەرەوەی وڵات لەوانە ئوروپاو ئامریکا کەسەرجەم هەنگاوە دیپلۆماسییەکان و کاری ئیداری و وەرگرتنی مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان و بەڕێوەبردنی هەر بۆنەیەک و نیشاندانی هێزی جەماوەریمان لەدەرەوەی وڵاتیش دەتووانێت هەنگاوێکی زۆرباش و عەقڵانی بێت بۆ سیاسەتی کوردی. ئەوەی کەزۆر بەکورتی ئاماژەی پێدرا بەشێکی حاشاهەڵنەگرە لەپێویستیەکان ئەمڕۆی خەباتی کورد بۆ بەفاکتەر بوون و مانەوە لە گەمەسیاسیەکانی ئەمڕۆو داهاتووی ئێراندا. دیارە زۆر خاڵیتریش هەیە کە دەکرێت ئاماژەی پێبدرێت بەڵام لەبەر کەم تاقەتی خوێنەران هەوڵدرا گرینگترەکان بە کورتترین شێوە بخرێتە بەرچاو. ناوەندی هاوکاری ئەگەر بیهەوێت لەچووارچێوەی بچووکدا نەمێنێت و هەنگاوی کارای لەمێژووی بزووتنەوەی کوردستاندا هەبێت پێویستە پانتایی چالاکییەکانی گەورەتر بکاتەوەو لانیکەم ئەم خاڵانەی سەرەوە جێبەجێ بکات وبۆهەتاهەتایە شێوەی خەباتی کوردی رۆژهەڵات بگۆڕێت.