داڕشتنی ڕەشنووسی "یاسای بنەڕەتی" بۆ کوردستان، وڵامێک ڕوو بە کۆماری سێدارە لە هەمبەر سوکایەتی کردن بە نەتەوەیەک!

داڕشتنی ڕەشنووسی

داڕشتنی ڕەشنووسی "یاسای بنەڕەتی" بۆ کوردستان، وڵامێک ڕوو بە کۆماری سێدارە لە هەمبەر سوکایەتی کردن بە نەتەوەیەک!



 

داڕشتنی ڕەشنووسی "یاسای بنەڕەتی" بۆ کوردستان لە پێناو یەکگرتویی نەتەوەیی لە هەر کات پێویسترە.

بە هۆی ئەوە کە فەرهەنگی حکومەتداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا نەگەیشتۆتە هاوشانی نموونەی حکومەتگەلی دێمۆکڕاتیک، بە هەمان شێوە فەرهەنگی گشتیی خەڵکەکەش هێشتا خۆی هەستی بە توونی بوونی دێموکڕاسی نەکردوە، وە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش لەو ناوچەیە هەڵکەتوە و بێبەش نییە لەو فەرهەنگە. بۆیە لە کاتی گۆڕینی حکومەتەکاندا چ بە شێوەی شۆڕش و کودەتا بێ یا بە زەبری هێزی دەرەکی، شلەژان و بێ سەرەوبەرەیەکی کاتی خۆی بە سەر کۆمەڵگادا دادەکێشێ، تاڵان کردنی بانک و بنکەی حکومی و ئیدارەگەل، تۆڵەی تاکە کەسی و کوشتن بە ناوی سیخۆر و بەکرێگیراو، کایەی هێز بە زەبری چەک و زۆری! سەرهەڵدانی گروپ و حزبی سەیر و سەمەرە بە پشتیوانیی نەیارانی تەباییی و ئاشتی لە پێناو بشێوێنی کەش و هەوای سیاسی کوردستان وە لە هەمووان گرنگتر خۆ لادانی بەشێکی کۆمەڵگای کوردستان بە بەهانەی ئائینی جیاواز لە پرۆسەی چارەنووسازی نەتەوە کە ڕەنگە خودموختاری یا سەربەخویی بێت. بۆ پێشگیری و مامەڵەکردن لە تەک ئەم ڕووداوانە، وەک هەموو کۆمەڵگاکانی پێشکەوتوی دنیا پەیڕەویی گشتی لە یاسا و ڕێسای دیاریکراوی کۆمەڵگا پێویستە و دەبێ پێش ڕۆیشتنی کۆماری سێدارە ڕەشنووسی ئەو یاسایە وەک بەڵگە ئامادە کرابێت و هاووڵاتی پستیوانی لێبکات.

باڵاترین یاسای مافیی"حقوقیی" هەر وڵاتێک یاسای بنەڕەتییە "قانوونی ئەساسی". دیاری کردنی مافی هاووڵاتی و پاراستنی مافی هەر شارومەندێکی کورد بە پێی یاسای بنەڕەتییە کە حکومەت و دام و دەزگاکانی پەیڕەوی دەکەن. هەڵسو کەوتی سەرجەم ناوەندە بڕیاردەر، بەڕیوەبەر و چاودیرانی ئاسایش وەک ئیدارەکان، دادگاگان، ماڵیات، هێزی نیزامی، ئابوری و پەروەردە بەگشتی هەموو سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات بەپێی یاسای بنەڕەتی دەبێ. جیا لەوانە مەرجەعی دیاری کردنی سنوور، ئاڵا، سروود و بۆنە نەتەوەییەکان و شێوازی حکومەتەکانە.

یاسای بنەڕەتی بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە داهێنانە نە نوێکاری، ٢٣٠٠ ساڵ پێش میلاد سومەڕییەکان خاوەن یاسای بنەڕەتی بوون ئەوکات باس لە مافی فەقیر و هەژار کراوە کە ماڵیاتی کەمتر بدەن! یا دواتر نووسراوەی حەموڕابی پاشای بابل کە لە ساڵی ١٧٦٠دا پێش میلاد داڕێژراوە! بەدرێژایی مێژوو زۆر نمونەگەلی دیکە هەبوە تا دەگاتە یونان لە ساڵی ٦٢١پێش میلاد و دواتر یاسای ئەرستو فیلسوفی یونانی کە پاشان یاسا پێی گرتوە و جێ کەوتوە بە درێژایی مێژوو هەر وڵاتە و بە پێی خواستی خۆی دایڕشتوە تا ئەوەی کە ئەمڕۆکە ئێمەمانان لە وڵاتانی جیاواز دەیبینین.

گەلۆ پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا کە سنەدی یاسای بنەڕەتی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک مەرجەعێک کە ڕینوێنی مافەکان و شێوازی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی حکومەت دەکات بۆچی هێشتا لە دایک نەبوە؟

زۆرینەی حزبەکانی کوردستان فیدڕاڵیزمیان وەک پلانی سیستمێکی سیاسی بۆ داهاتووی کوردستان داڕشتوە. ئایا نەبوونی یاسایەکی بنەڕەتی لە توانایی حزبەکاندا نییە؟ لە حاڵێکدا زۆربەی یاسای وڵاتانی دێموکڕاتێک خاڵی هاوبشیان زۆرە بۆ نموونە هەر هەمویان باس لە شێوازی ڕێکخستنەکانی دەوڵەت دەکەن ئایا پاڕڵمانیە یا پاشایی یا سەرۆک کۆماری و هتد... باس لە مێکانیزمی یاسای داد و ڕۆڵی دەستگای داد وە هەروەها چۆن هێزی دەوڵەت نێوان ئۆرگانگەلی ناوەند و ئەوانی دیکە وەک پارێزگا و شارەکان دابەش دەبن؟ ئایا ڕادەی هەستی بەرپرسایەتی هێشتا نەگەیشتۆتە گرنگی پێدان بە بەڕێوەبردنی ئەرکە نەتەوەییە سەراسەرییەکان؟.

ئەو ڕەشنووسە لە ئێستادا دەبیتە چەک دژی رژیمی ئێران، هاوکات لە داهاتوودا قانوونی ئەساسی لە لایەک دەسەڵاتی حزبەکان دەخاتە ناو قاڵبی دێموکڕاسییەوە واتە چاوەدێریی حکومەت و دەسەڵات، لە لایەکی دیکە حکومەت بە پێی یاسای گشتیی ئەرکی خۆی بەرێوە دەبات، بۆ نموونە هەوڵ ئەدات ئا هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بەهرەمەند ببن لەو مافانەی وا یاسای بنەڕەتی دیاری کردوە وەک مافی بیرو ڕا دەربڕین، مافی کار، مافی هەڵبژاردنی دین و هتد.. لە هەمانکاتدا دەستی هاووڵاتی ئاواڵە دەکات بۆ باشتر ناسینی مافی شارومەندیی خۆی لە ئابوری و مەعنەوەییەوە تا دەگاتە هەر ئازادییەک لە لە پیناو ئاسایش و پاراستنی خۆی. بەڵام تا ئێستاکەش کوردستانی ڕۆژهەڵات خاوەنی وەها بەڵگەیەکی گرنگ نییە تا تاکی کۆمەڵگا بیناسێ وە وەک داخوازیی نەتەوەیی داکۆکی لی بکات.

هەر هاووڵاتییەکی کورد دەزانێت کە دانان و داڕشتی ئەو یاسایە بە تەنها ئەرکی حزبەکان نییە بەڵکو ئەرکی ئەنجومەنی دانەرانە کە ئەویش کاری یاسا ناسان و پسپۆرانی لەم بوارە دایە ئەوانیش لەم پێناوەدا هیچ هەنگاوێکیان بۆ هەڵنەهێناوە.

ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا لەوانەیە هەموومان بیزانین بەڵام مەبەست لەو نووسراوە یەک ڕاستییە، خەمخۆری و هەستی بەرپرسایتی لە هەمبەر چارەنووسی داهاتوی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە لای زۆربەی خەڵکی کوردستان، لە ناو خۆ و دەرەوەی وڵات هەیە وە زیاتر لە هەر سەردەمێک پوختەتر و گەیشتووترە، بەڵامبەداخەوە دەستێک بە تەنیا تەقەی نایە و کوردیش خەمخۆری دەرەیکی نییە. ئەوەی ئێستاکە وەک سەرمایە بۆ گەلەکەی دەتوانێ هەستێت بە ئەرکە نیشتمانییە سەراسەرییەکان حزبەکانن کە ڕێکخراون وە ئەزمونی ئەوەیان هەیە تا ببنە میکانیزمێک بۆ هەوڵدانی کەسانی پسپۆڕی پەیوەندیدار بۆ داڕشتنی قانوونی ئەساسی کاتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

ئایا داڕشتنی یاسای بنەڕەتی لە ئێستاوە کاریگەریی لە سەر بزتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد وە دوژمن دەبێ؟

هەر وەک لە سەرەتا تا ئاماژەی پێکرا یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی یاسای بنەڕەتی باسی ئازادی ئائینەکانی ناو کۆمەڵگایە.

زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان ناڕاستەو خۆ خەڵکی ئاینین وەک سوننی، شیعە، ئەرمەنی، بەهایی، یارسان و ئایینە کەمینەکانی دیکە، کاتێک هاووڵاتی هەست بە هەبوونی یاسایەکی گشتی و سەراسەری بکات وە دڵنیا بێ کە مافی لە ژێر چەتری حکومەتێکی دێموکراتیکدا لە ئاسایش دادەبێ ودەپارێزرێت. هەروەها کاتێک هاووڵاتی ببینێت بەگشتی حزبە سیاسییەکانی کوردستان داکۆکی لەم یاسایە دەکەن و بەڵێنی پەیڕەوییان داوە، بە دڵنییاییەوە کورد لە هەموو ئێران لە دەوری کۆ دەبێتەوە وە لە داهاتووشدا خۆی بەرامبەر بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی بە بەرپرس دەزانێ و هاووڵاتی بە پێی یاسای بنەڕەتی ڕێز دەگرێ لە هەموو بەهاکانی وڵاتەکەی. هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەزانێ لە کوێی کۆمەڵگایە و چ ئەرک و پەرپرسایەتێکی نیشتمانی لە سەر شانە.

گڕ و تینی هاوبەش بوون لە ئەرکی نەتەوەییدا کاتێک گشتگیر دەبێ کە دانیشتوانی خۆراسان و دەوروبەری ئەردەبیل لە گەڵ سەرجەم خەڵکی کوردستان وەک ئیلام، کرماشان، ورمێ و خۆی، بەگشتی باشور و ڕۆژئاوای کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگای یاساییەوە ئەو متمانەیەیان پێ بدرێت کە مافی هەل و کەڵک لە دەستکەوتەکانی کۆمەڵگا وەک ئازادی، ئاسایش و مافی دادپەروەی بە بێ جیاوازی بۆ هەموو هاوڵاتییانە وە لە رێگای ئەو قانونەیە کە هاووڵاتی خۆی دەنگی پێداوە و تۆمار کراوە.

جەخت لە سەر سکۆلار بوونی حکومەتەکان لە یاسای بنەڕەتیدا لە پەنا سەنگەری پارێزگاریی لە مافی ژنان، منداڵان، کەم ئەندامان و پیر و پەککەوتوانخۆ ئامادەکردنە بۆ لانکێکی ڕازاوەی مافی مرۆڤ، هەروەها متمانە پێدان بە پشتگیری لە پلۆڕالیزم ، دێموکڕاسی وە مافی دروست بوونی هەر ئەنجومەن و ڕێکخراوێکی مەدەنی، خۆتیار کردنە بۆ نموونە وڵاتێکی دیموکڕاتیکی پێشکەوتو.

جیا لە ئازادیی ئائینە جیاوازەکان و مافی کەمینەکان، هەروەها بەهرەمەند بوونی هەر تاکێکی کۆمەڵەگا لە گشت مافەکانی کە هاووڵاتییەک دەبێ هەیبێ، دەبێتە سەرچاوەی سیستمێکی غەیرە حزبی کە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا و شارومەند دەپارێزێ و هاوکات دەبێتە بەهێز بوونی غروری نەتەوەیی.

کۆی ئەو ڕێسا و یاسایە لە گەڵ بنەمای گشتی شێوازی حکومەت و هەر سێ دەسەڵاتی سەرەکی وڵات وە پەیوەندی ئەوان لە گەڵ یەکتر، هەروها ئازادییەکانی تاکی کۆمەڵگا لە هەمبەر دەوڵت دەبنە یاسای بنەڕەتی یاسایەک کە حزبەکان و گشت دەسەڵاتدارانی داهاتوی کوردستان دەبێ پەیڕەوی لێ بکەن وا خەڵکی کوردستان دەنگی متمانەیان پێداوە.

هەچەند کورد حاستەمە خۆ لە شەری ناوخۆیی بدات بەڵام ئاماژە بەم نموونەگەلانەی سەرەوە دان پێدانە بە چەند ڕاستییەک کە وەپشت گوێ خستنیان نەتەوە و نیشتمانەکەی بەرەو ئەگەری هەڵدێری شەڕی حزبی و تایفەیی و مەزهەبی لە تەک وێرانی دەبات.بۆیە لە پێناو پێشگیری و دووری لە ئەگەری ئەم ڕوداوانە وە هەروەها لە ئەگەری لە دەستدانی هەلی مێژویی، ئەرکی ئێستاکەی حزبەکان بەتایبەت کۆمەڵەیە کە هاندەر بێت بۆ سەرجەم حزب، ڕێکخراو وە کەسایەتی پەیوەندیدار لە هەندەران و سەراسەری کوردستان تا لە پێناو ئامادەسازی بۆ ڕشنووسی "یاسای بنەڕەتی" بو کوردستان هەنگاو هەڵبێنن.

هەموومان بینیمان کە چۆن لە پەنا گوێمان لە ئەفغانستان حزبەکان زەوییان بە سەر کادڕ و ئەندامان و بنەماڵەی گیانبەختکردوواندا دابەش کرد کە مڵکی کۆمەڵگا و سەرمایەی نەوەکانی داهاتوو بوو! بینیمان وڵاتی لیبی چاڵاوە نەوت بەناوی بەرپرسی حزبی کرا و هەر حزبیش گرێبەستی ئابوری و سیاسی لە گەڵ وڵاتی دراوسێ بەست. هەموومان بینیمان لە باتی هەستی نەتەوایەتی و وڵاتپارێزی هەستی حزبایەتی و شەڕە ئاڵای حزب خزا ناو فەرهەنگ، بینیمان پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە بەرژەوەندیی نیشتمان و گەشەی ئابوری نەبوون بەڵکو بۆ گیرفانی حزب و بەرپرسانی بوو گەلۆ بۆ دووری لە ئەگەری ئەو کارەساتانە، لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەبێ بە هەمووان سەروەری ببەخشنە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان کە ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی یەکێە لەو بەڵگانەیە بۆ دووری لەم تاوانە گەورانە بەرامبەر بە هاووڵاتیان و نەتەوە بە گشتی.

هەر چەند ئەم ڕەشنووسە کاتییە بەڵام بەڵگەی ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی وڵات بە دەست پاڕڵمان و خەڵک، هەروەها خۆپاراستنە لە ىڕیاری تەک حزبی تا وتەبێژانی حزب لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی نەبنە حاتەمی تایی و بە کۆمەڵ جاش و بەکرێگیراو ببەخشن لە گەڵ ئەوەش نەبنە کوێخا و قازی بە کۆمەڵ نەیار بەند و پەراویز بخەن. هەروەها ئیتر خەڵک دەزانن کە ئەو یاسا بنەڕەتییە دەبێتە بەربەستێک لە هەمبەر دەستتێوەردانی حزبگەلی دەستکردی دراوسێ و گرژی ناو کۆمەڵگا و پێویست نەبوون بە خۆتێوەردانی وڵاتانی تر لە پێناو ئاهۆن کردنی دۆخگەلی ناخۆش و ناخواستە.

بەکورتی ئەو مسەوگەرییە ئەداتە خەڵک کە لە داهاتودا هەموو جموجۆڵ و بەرێوەبردنێک لە سەراسەری کوردستان بە پێی یاسایەک دەبێت کە لە بەرژەوەندیی هەمووان دایە لە پێناو ولاتێکی دێموکڕاتیکی پڕ لە گەشە و پێشکەوتندا، وە هەموو لایەنێک سەروەری پێ دەبەخشن. هاوکات هەموو ئەو ڕوانگانە کە ئاماژەیان پێکرا، لە ئێستا و داهاتوودا یەکدەنگی و هاوئاهەنگیی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دوژمندا دروست دەکات وە کاریگەری دەبێت تا کۆمەڵگا بە بە کاردانەوەی سەراسەریی وڵامی دوژمن بداتەوە.

کەیوان فەرامەرزی

ڕێبەندانی ٢٠٢١