تاوانی سیاسی لە ئێران، ناونیشانێک بۆ سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین

تاوانی سیاسی لە ئێران، ناونیشانێک بۆ سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین


تاوانی سیاسی لە ئێران، ناونیشانێک بۆ سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین
بە بۆنەی ٢٠ی ژون، ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی



 

گیسو یاری



مانای ئازادی ڕا دەربڕین بریتییە لە دەربڕینی ئازادانەی بیر و ئەندێشە و لە ڕاستیشدا ئامرازێکە بۆ گەیاندنی بیر و ڕا و باوەڕێک بە کەسانی دیکە. لە پێشەکی "جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ" بنیاتنانی جیهانێک کە تێیدا کەسەکانی ترسێکیان لە "دەربڕینی بیر و ڕا" نەبێت، وەک بەرزترین ئامانجی مرۆڤ ڕاگەیەنراوە. ئازادی ڕادەربڕین پێوەرێکی سەرەکی بنەڕەتییە بۆ هەر کۆمەڵگایەکی "فرە دەنگ" و "دمۆکراتیک". پێشێل کردنی ئەم ئازادییە دەبێتە هۆی لە ناوچوونی باقی پێوەر و خاڵەکانی دیکەی "مافی مرۆڤ".

ئازادی ڕادەربڕین و ئەندێشە مافێکی لە مافە سەرەتایی و سرووستییەکانی هەر مرۆڤێکە و ترس دەوڵەتان لە دێرزەمانەوە و تا ئێستاش بۆتە هۆی زەوتکردنی ئەم مافە سرووشتییە.

ئازادی ڕادەربڕین لە وڵاتان (freedom of speech in countries) بە مانای مافی پاوانکراوی جەوهەرییە کە بە شێوەی گشتی بێ ترس لە سانسور یا سزا جێ بە جێ دەبێت. "وتار" تەنیا بە مانای قسە کردنی گشتی نییە و بە گشتی شێوەکانی دیکەی دەربڕینیش دەگرێتە بەر. ئەم مافە لە ڕاگەیەنراوی جیهانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرگتووەکان ڕچاو کراوە و لە یاسای زۆرێک لە وڵاتان بە فەرمی ناسراوە. بەڵام دیسان ڕێژەی جێ بە جێ کردنی ئەم مافە لە وڵاتانی جۆراوجۆر بە کردەوە جیاوازە. لە زۆرێک لە وڵاتان، بە تایبەت وڵاتانێک کە دەوڵەتێکی سەرکوتگەریان هەیە، سانسۆڕی دەوڵەتی بە ئاشکرا جێ بە جێ دەکرێت. جار جار ئیدعا کراوە کە سانسۆڕ بە شێوەیەکی دیگە کراوە و بۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین وەکوو قسە کردن دەربارەی نفرەت، بێ هیوایی و یاسای ئایینییەکان کە بوونیان هەیە.

قەبووڵی چەمکی ئازادی ڕادەربڕین لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ گشتگیرە، بە جۆرێک کە خراوەتە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و یاسا بنەڕەتییەکانەوە. بەڵام یەکێک لە خاڵە جێی مشت و مڕەکان لەمبارەیەوە بریتییە لە؛ دیاریکردنی سنوور و ئاستی ئازادی ڕادەربڕینە لە وڵات جیاجیا و کۆمەڵگا مرۆییەکان.

کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئیدعا و خۆنوواندنەکانی لە دەرەوەی وڵات و هەندێک جاریش لە ناوخۆ، خۆی بە وڵاتێکی ئازاد پێناسە دەکات، بەڵام لە کردەوەدا بچووک ترین بەها بۆ بیر و ڕا و ئەندێشەی جیاواز قاییل نییە و مێژووی چوار دەیە دەسەڵاتدارێتی ئەم ڕژیمە لە ئێران هەزاران کەس لە شارۆمەندەکانی بە تاوانی جیاوازی ئیدۆلۆژیک و سیاسی لە سێدارەداوە و یا سزای قورسی وەکوو بەندکران و تەبعید و سزا و بێ بەشی کۆمەڵاتی بە سەر داسەپاندوون.

تاوانی سیاسی لە ئێران جگە لە پێناسەی دەسەڵات بۆی، بوونی نییە. لە ساڵی ١٣٩٢ ی هەتاوی، لە مەجلیسی نۆهەم، بڕگەی ١٢٣ لە لایەن شوورای نیگابانەوە پەسەند کرا. بڕگەیەکی یاسایی کە هەموو خاڵەکانی، سنووردار کردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئەندێشەیە. ئەو بڕگە یاساییە کە کە شەش ماددە و خاڵی هەیە. بۆ نمونە ماددەی ٢ و خاڵی (پ) ی ئەم بڕگەیە کە دەڵێت: تاوانە ئاماژە پێکراوەکانی خاڵی (د) و (ه) ی ماددەی (١٦) ی یاسای چالاکی کردن حیزبەکان، ئەنجوومەنە سیاسی و سنفی و ئەنجوومەنە ئیسلامییەکان یان کەمایەتییە ئایینییەکان، بە تاوانی سیاسی ئەژمار دەکرێت. یان لە ماددەی "٥"ی ئەم بڕگەیە هاتووە کە ئەرکی دیاریکردنی سیاسی بوونی تۆمەتەکە لە ئەستۆی دادسەرا و یان دادگایەکە کە دۆسییەکەی تێدا هاتووەتە گۆڕێ.

بڕگەیەکی سرنجڕاکێشە کە هەموو شتێکی بە دژی شارۆمەندان و ئازادی ڕادەربڕین و ئەندێشە و لە بەرژەوەندی دەسەڵات و حاکمییەت دایە.

لە ماددەی "٦" ئاماژە بە مافی بەندکراوە سیاسییەکان کراوە: ماف گەلێک وەکوو خاڵی "ج" مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی گرتن لەگەڵ کەسووکاری پلە یەک لە ماوەی بەندکران دا، بەندی (الف) جیابوونی شوێنی ڕاگرتنی بەندکراوانی سیاسی لە درێژەی دەستبەسەر بوون و بەندکران لە تاوانبارانی ئاسایی. بڕگەیەکی گاڵتەجاڕە، چونکا زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران هیچ مافێکیان نییە و تەنانەت بۆیان نییە نەخۆش بکەون چونکا کەس پێیان ڕاناگات.

زیندانیانی سیاسی بە پێچەوانەی مادەی (٦) ی بڕگەی ١٢٣ بەردەوام لە مافەکانی خۆیان بێ بەری بوون چ بگا بەوەی کە لە زیندانەکانی ئێران بە شێوەگەلی ترسێنەر و نامرۆڤانە کەتوونەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی، سێکسی و دەروونی و لە زۆرێک لە کەیسەکان دا بنەماڵەی بەندکراوە سیاسییەکانیش کەوتوونە بەر ئازار و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی.

دەسەڵاتی ئێران لە ژێر ناوی "تاوانی سیاسی گەلێک جەنایەتی بەرامبەر بە بیرجیاوازان ئەنجام داوە و دەستێکی باڵا و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە کوشتن و سەربەنیست کردنی ڕووناکبیران، نووسەران و بیرجیاوازان کە بە پرۆژەی قەتڵە زنیجیرەییەکان ناسراون، لە سێدارەدان و تیرۆری ئەو لایەنەی کە بیروڕای جیاوازیان هەبووە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئێران.

بگەڕێینەوە بۆ جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی کە خەلخاڵی بە بڕیاری خومەینی بەرەوە کوردستان وەڕی کەوت وەک ئەژدیهایەکی هار شەلم کوێرم ناپارێزم کەوتە گیانی خەڵک.

لەو ساڵەدا خومەینی لە ٢٨ ی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی، حیزبە کوردییەکانی بە کافر لە قەڵەم دا و لەو کاتەوە حیزبە کوردییەکانی مونحەلە واتە هەڵوەشاوە ڕاگەیاند کە هەر کەس بەناوی ئەو حیزبانەوە چالاکی بکات، کافر و مولحیدە و بە پێی سزای ئیسلامیش سزای مولحید و کافر ئیعدام و تیرەباران و لە سێدارە دانە. بڕیاری جیهاد و داسەپاندنی وەحشییانەی بۆ خەڵکی کوردستان دەرکرد و هەموو هێزە چەکدارەکانی ڕاسپارد لە سەرکوتی کوردستان بەوپەڕی بێ ڕەحمییەوە و بێ بەزەییانە شەریعەتی ئیسلامییان لە سەر جێ بە جێ بکەن و خەڵخاڵیش سەرپەرشتی ئەو بڕیارەی دەکرد.

لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنی خەلخاڵی بۆ کوردستان ٨ کەس لە دانیشتووانی پاوە لە گەلاوێژی ١٣٥٨ لە زیندانی دیزڵی کرماشان، ٩ کەس لە زیندانی مەریوان لە خەرمانانی ١٣٥٨، ١١ کەس لە سنە لە خەرمانانی ١٣٥٨، ٢٠ کەس لە سەقز لە خەرمانانی هەمان ساڵ تیرەباران کران.

سەرەڕای ئەمانە گوند و ئاوایی زۆری لە کوردستان وێران کرد کە لە نێوانیان دا جێیەتی ئاماژە بدەین بە گوندی (قاڕن و قەڵاتان) لە نەغەدە کە لە ١١ ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ دا دانیشتووانی ئەم گوندەیان قەتڵ و عام کرد.

لە ١٢ ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ ی هەتاوی دا لە عەمەلیاتێک دا ٥٩ کەس لە لاوانی شاری مەهابادیان بێ شناسایی لە شەقامەکان کەلەپچە کرد و بە کۆمەڵ کوشتیانن.

ساڵی ١٣٦٧ ی هەتاوی: لە سێدارەدانی بە کۆمەڵی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران بە بڕیاری خومەینی. لەم ساڵە دا بە بڕیاری خومەینی، چەند هەزار کەس لە زیندانیان سیاسی و عەقیدەتی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانان، بە شێوەی شاراوە لە سێدارە دران و لە گۆڕی بە کۆمەڵ دا ناشتیانن.

دەوڵەتی ئێران بەردەوام چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی، ڕۆژنامە نووسان، چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵنێرە شارۆمەندەکان، نووسەران و کەسانی دیکە لە نەتەوەکانی کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب و تەنانەت فارسی بە تاوانی سیاسی بوون خستووەتە زیندانەوە.

گۆڕ غەریب کردن و قەتڵە زنجیرەییەکانی ١٣٦٧ تا ١٣٧٧، بە کوشتنی بەشێک لەو کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕخنەگری کۆماری ئیسلامی دەوترێت لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی لە دەرەوە و ناوخۆی ئێران ئەنجام دران کە بە وتەی هەندێک لە سەرچاوەکان، بە فتوای مەلا پلە بەرزەکان و بە دەست پێرسۆنێلی وەزارەتی ئیتلاعات لە سەردەومی عەلی فەللاحییان (وەزیری ئیتلاعاتی سەردەمی سەرۆک کۆماری هاشمی ڕەفسەنجانی) و دوڕی نەجەف ئابادی (یەکەمین وەزیری ئیتلاعات لە دەوڵتی محەممەد خاتەمی) جێ بە جێ کران.

لەم پرۆژەیەدا (قەتڵە زنجیرەییەکان)، لە ماوەی چەند ساڵ دا ئەنجام دران بە گشتی ٨٠ نووسەر، وەرگێڕ، شاعیر، چالاکی سیاسی و شارۆمەندانی مەدەنی کوژران.

لە پرۆژەی کوشتنی نەیارە سیاسییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەتوانین ئاماەژ بە تیرۆرەکانی دەرەوەی وڵات بکەین کە تێیدا زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد و ئێران بەری کەوتن و لەوانەش تیرۆری کاک "سدیقی کەمانگەر"، "سدیق کەشاوەرز"، "عەبدولڕەحمان قاسملوو"، "سادق شەرەفکەندی"، "شاپور بەختیاری"، "عەبدولڕەحمان بروومەند"، "کازم ڕەجەوی" "فەرەیدون فەرۆخزاد" و هتد ئاماژە جێی ئاماژەن.

کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە کوشتن و زیندان و حەسری نەیارانی سیاسیی خۆییش (خودییەکان) نەوەستاوەتەوە و ناحاوێتەوە. مێژووی ٤٠ ساڵی ڕابردووی شانۆی سیاسی ئێران پڕە لە تیرۆری و نەهێشتن و لە ناوبردن. لە تسفییە حیسابەکانی ناوخۆیی حیزبی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا سەرکوتی موجاهدین و لەناوبردنی "قوتبزادە" و "سەعید ئیمامییەکان" و حەسری "ئایەتوڵڵا مونتەزری" و "میرحسێن موسەوی" و "کەڕڕوبی" ییەکان کە ساڵانێکی زۆر لە ئاستی بەرز بۆ ئەم ڕژیمە خزمەتیان کردبوو نموونە گەلێکی بەرچاوی ڕووتینی دەسەڵات بوون لە شێوەی هەڵسووکەوت لەگەڵ نەیارە خودییەکانی خۆشی.

دوو ئۆرگانی گرینگ کە لە ئەرکی پشکنینی باوەڕی شارۆمەنداندا هاوتەریبن کە بریتین لە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات (لە ژێڕ چاودێری وەزارەتی ئیتلاعات) کە زیندانگەلی ژێرزەمینی و شاراوەیان بۆ ئەشکەنجە و ئازار موخالفەکانی خۆیان درووست کردووە.

لە چالاکییەکان ئەم دوو ئۆرگانە دەتوانین ئاماژە بدەین بە جێ بە جێ کردنی دۆسیەی بەندکراوە عەقیدەتی سیاسییەکان، لە سێدارە دانی ئەم بەندکراوانە، چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مافی ژن، چالاکانی کرێکاری و هتد.

پێش ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ ی هەتاوی دەیان کەس دەستبەسەر کران، کە لە چارەنووس زۆربەیان زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەست نییە و ئامارێکی جێی باوەڕ لە گۆڕێ دا نییە، بەڵام هەندێک لە ئامارە ناڕەسمییەکان باس لە دەستگیری دەیان هەزار کەسی دەکەن.

جگە لە ناڕوونی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران بە پێی ئاماری قوەی قەزاییە و تەنیا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو دا ٣٩٠٧ کەس وەک چالاکی سیاسی دەستبەسەر کراون. لە نێوان ئەم ٣٩٠٧ بەندکراوە دا ٥٧٥ کەس هەر ئێستا لە زیندان دان و ٣٢٥٥ کەس ئازاد کراون، ٥٣ کەس لە سێدارە دراون، ١٦ کەس لە زیندان دا بە شێوەی گوماناوی مردوون و ٨ کەسیشیان بێ سەروشوێنن.

لەو ٥٧٥ بەندکراوی سیاسی بە پێی تاوانیەکانیان ١٤٨ کەس بە تۆمەتی "لایەنگری لە حیزب و ڕێخراوەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی"ین، ١١٢ کەس تۆمەتی سیاسی دیکە، ٩٨ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ "ناڕەزایەتی نێو شەقامەکان" ٦٣ کەس چالاکی "دێمۆکراسیخواز" ٥٠ کەس بیرجیاواز و کەمینە ئایینییەکان، ٢٣ کەس چالاکی پارێزگاری لە مافە "ئێتنیکی" یەکان، ٢٠ کەس بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ١٩ کەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە دەرەکییەکان، ١٥ کەس چالاکی "مافی ژنان" ١٤ کەس "چالاکی کرێکاری" ١٣ کەس تۆمەتە ئایینییەکانی دیکە، ١٠ کەس "ڕۆژنامە نووس" ٧ کەس "چالاکی مەدەنی" ٧ کەس "چالاکی مافی مرۆڤ" ٦ کەس "هونەرمەند یان نووسەر" و ١ کەس بە هۆی نسبت خانوادگی لە سیاچاڵەکانی ڕژیم بە بۆنەی " تاوانی سیاسی" بە سەر دەبەن.

بە پێوەری ئێتنیکی و نەتەوەیی لەو ٥٧٥ کەسە بەندکراوی سیاسییە ١٨٧ کەسیان کوردن. شارۆمەندانێکی کورد کە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی" یان بە تۆمەتی جیاوازی بۆچوونی سیاسی و چالاکییان لە بواری مافەکانی مرۆڤ بەندکراون.

لە نێوان ٢٩٦ قازی جێ بە جێ کاری دۆسیە سیاسییەکان لە ئێران، زۆرترین دۆسیەکان قازی "محەممەد موقەسییە" و "ئەبولقاسمی سەڵەواتی" حوکمیان داوە. بە پێی ئامارەکان موقەسییە بە ٣٢٨ حوکم و قازی "سەلەواتی"یش بە ٢٥٤ حوکمان داوە ناوبراوان لە لایەن وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکا بە تاوانی توندوتیژی نواندن و سزادانی شارۆمەندانی و پێشلێکردنی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی خۆپیشاندان" خراونەتە لیستی ڕەش و گەمارۆکانی ئەمریکاوە.

سەپاندنی ژمارەی زۆری حوکمی قورس بە سەر چالاکانی سیاسی و بیرجیاوازان لە ئێران، هۆکارێکە بۆ نادێمۆکراتیک بوونی ڕژیم کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین و ئەندێشە.

ئێران خاوەن مێژوو و شارستانییەتێکی کۆن و دەوڵەمەندە و پتانسییەڵی پێشەنگ بوونی هەیە لە جێ بە جێ کردنی خاڵ و بنەماکانی دێمۆکراسی و ڕەچاوکردنی پرەنسیپەکانی ئازادی تاکەکەسی، ڕادەربڕین و ئازادی سیاسی، بەڵام ئەمڕۆ و لە ٤٠ ساڵ پێشەوە گیرۆدە و گرفتاری ڕژیمێکی دیکتاتۆر، تۆتالیتار بووە. ڕێگەی ئازادی و وەدی هێنانی مافەکانی ئازادی تاکە کەسی، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە گرەوی ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دایە.