مەجلسی خەڵکی یا مەجلسی سپای پاسداران؟

مەجلسی خەڵکی یا مەجلسی سپای پاسداران؟

مۆختار ئەحمەدی

دەسەڵاتە توتالیتێر و پاوانخوازەکان بە درێژایی مێژوو لە هەموو وڵاتان بە بێ جیاوازی ئاسیمیلەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەموو رەهەندەکانیەوە وەک ئەسڵ و بنەمایەکی نەگۆڕ لە پێناو درێژەو مانەوەی حاکمییەتی خۆیان پێڕەو کردوەو هەوموو جومگەکانی دەسەڵاتیان لەپێناو ئەو ئامانجەیان بەکار هێناوە.

قۆرغکردنی دەسەڵات لە هەمو رویەکەوە، پشتگوێ خستن، لابردن لەسەر کار، پێڕەوکردنی تووندوتیژی و دواتر کوشتن و لەناوبردنی رەقیبان و بیرجیاوازان تایبەتمەندی هەموو دەسەڵاتە توتالیتێرەکانی جیهان بووە.

موسولینی لە ئیتالیا، ستالین لە شۆرەوی پێشو، سەدام حسەین لە عێراق، ئێرانی سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و دواتریش کۆماری ئیسلامی خاوەن ئەو تایبەتمەندییە هاوبەشەن کە تا دوا رۆژەکانی دەسەڵاتیان لەگەڵ خۆیان بەرەو پێشیان بردووە.

رژیمی تاران ئێستا بە شێوەی سیستماتیک و بە پێی پلانی ئامانجدار ئۆرگان و ناوەندەکانی پارێزەری دیکتاتۆریەتی وەگەڕ خستووە کە لە پێناو یەکدەست کردنی ناوەندەکانی دەسەڵات کار بکەن.

لابردنی سادێق لاریجانی سەرۆکی دەزگای قەزایی و هێنانی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆکی نوێی ئەم دەزگایە، گۆڕینی فەرماندە پلەباڵاکانی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکان، یەکدەست کردنی مەجلسی شۆرای ئیسلامی لە مەجلسی ئیسڵاح خواز بۆ مەجلسی میانڕەو پاشان بۆ مەجلسێکی تەواو نیزامی و عەسکەرتاریستی و حەزفی لاریجانییەکان لە ٢ ناوەندی یاسادانان و جێبەجێکردنی یاسا واتە مەجلس و دەزگای قەزایی لە هەوڵە دیارەکانی حاکمییەتە لە پێناو ئەو یەکدەست کردنەیە کە ئاماژەمان پێدا.

جەعفەری فەرماندەی پێشوتری سپا لە ئەکانتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆی دەست بەکار بوونی مەجلسی یازدەهەمی وەک هەنگاوی دوهەمی ئینقلاب ناولێبرد و وتی کاتی ئەوە هاتووە کە پێوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بکرێنە ئینقلابی و لاوانی ئینقلابی پێشەنگانی ئەو گۆڕانکارییەبن.

قاڵیبافی کۆنەپاسدار، فەرماندەی هێزی ئینتزامی تاران و سەرکوتگەری رۆژە خوێناوییەکانی کوویی دانشگا لە ساڵی ٧٨ی هەتاوی،پاشان بەرپرسایەتی لە سەرکوتی خۆپیشاندەران لە ساڵەکانی ٨٢ و ٨٨ ی ناڕازیان لە حکومەت رۆڵێکی کارای بوو.

ناوبراو یەک لەو ٢٤ فەرماندەی سپا بوو کە کاتی خۆی لەسەردەمی سەرکووتی خوێندکارانی زانستگای تاران هەڕەشەیان ناردە سەر موحەمەد خاتەمی سەرکۆماری ئەوکاتی ئێران کە ئەگەر خۆپیشاندەران نزیک ماڵی خامنەیی ببنەوە ئامادەی کوشتاری بەکۆمەڵی خۆپیشاندەرانن و دەوڵەتیش وەک تاوانبار دەناسرێت.

شارەداری گەندەڵی پایتەختی ئێران لە یەکەم رۆژەکانی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی نوێی مەجلس، قسەکانی هاوشێوەی سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران بوو تا سەرۆکی ناوەندێکی یاسادانان.

ناوبراو دەبوا باسی لە یاساو زابیتەی نێوان ئۆرگان و ناوەندەکانی دەسەڵات لە لایەک و لەلایەکی دیکەیشەوە چاوەدێری جێبەجێکردنی یاساکانی کردبا، تا وەک کۆنەپاسدارێک بە حەماسەتەوە باسی لە خومەینی و باوکی تیرۆریزمی نێو دەوڵەتی و ناوچەیی، قاسم سڵێمانی دەکرد و وتی: دەبێت هەموومان وەک قاسم سڵێمانی بین.

لە بەشێکی دیکە لە وتەکانیدا، وەبیر هێنەرەوەی قسەکانی ئەحمەدینەژاد بوو کە هەمیشە باسی لە دژایەتی ئەمریکا و دیالۆگ نەکردن لە گەڵ واشنگتۆنی بۆڵد دەکردەوە.

سەرۆکی مەجلس بە جێگای ئەوەی باس لە دۆخی نالەباری کۆمەڵگا لە باری ئابووری و گوزەرانی خەڵکی بکات باسی لە سیاسەتی کۆن و ئایدۆلۆژیکی ٤١ی رژیم، واتە هەناردە کردنی ئینقلاب(صدور انقلاب) کرد.

دیارە دەردەکەوێت کە هەڵبژاردنەکان بەشێوەی موهەندسی کراو بەڕێوە چووە کە وتەکانی هاوتەریب بون لە گەڵ بۆچوونەکانی عەلی خامنەیی پێش هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلس، کە ئاماژەی بە مجلسی ئینقلابی کردبو.

دیارە هەڵبژاردنی ئەم جارەی مەجلس زیاتر لە جاران بە پێی پلانی لە پێش داڕێژراو بووە هەر بۆیە ٢٤ سەرهەنگ، سەرتیپ و سەرلەشکری ناو ریزەکانی سپای پاسدارانی تێدایە.

سەرۆک،جێگرانی سەرۆک بەرپرسانی کۆمیسیۆنە جیاوازەکان لەوانە کۆمیسیۆن ئابووری(اقتصاد) کە دەبێت کەسانی شارەزاو پسپۆر لە بواری ئابووریدابن کۆنە پاسدارانێکن کە هیچ شارەزاییەکیان لەو بارەوە نییە.

چاوەڕوان دەکرێت ڕوانگەی ئەمنییەتی زاڵتر بێ و پەسەند کردنی هەر یاسایەک دەبێ هاوتەریبی زیاتر و لەسەدا سەد لەگەڵ ڕوانگەی داخراوی فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی کە نوێنەرایەتی بۆچوونی ئاخوند و کاربەدەستانی رژیم دەکات وەک بنەمایەکی نەگۆڕ لەبەرچاو دەگیردرێت.

هێنانە پێشەوەی سیستماتیکی سپای پاسداران بەتایبەت لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا کە سەرەتا لە رێگای قەرارگای خاتەم و شیرکەتەکانی پێوەندیدار بەمبەشەی سپای پاسداران جومگەکانی ئابووری ئێرانی بۆ خۆی قۆرغ کرد.

تەنانەت لە حەوزەی نەوت، گاز، هێنان و هەناردەکردن، پاشان لە حەوزەی چەکی ناوەکی لاپەڕەیەکی دیکەی لە ژیانی دەست پێکرد کە ئەم بەکگراوندە لە دەست تێوەردان و گوزەرکردن لە هێزێکی سەربازیەوە بۆ هێزێکی ئابووری و زانستی رێگای خۆشکرد بۆ ئەوەی لە پشت هەوری دەست تێوەردانی سیاسی بێتە دەرێ و بە شێوەی راستەوخۆ لە رێگای مەجلسەوە جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.

هەر ئەم ڕەوتەیش بووە هۆکاری ئەوە بێ متمانەیی بە ئەرتەش زیاتر بێت و هەروا کە دیتمان حەبیبوڵا سەیاری جێگری هاوئاهەنگی ئەرتەشی ئێران و یەکێک لە فەرماندەکانی پلە باڵای ئەم هێزە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکانی رژیم ووتی: هێزی ئەرتەش پشتگوێ خراوەو رەخنەی لە حاکمییەت گرت کە سپای پاسداران مەیدانی زۆری پێدراوە بەشێوەیەک کە لە سیاسەت، ئابووری، دیپلۆماسی، رەتی سەڵاحییەتی بەربژێران و هەڵبژاردنەکان دەست تێوەردان دەکات و کەسیش ناتوانێت پێشی پێبگرێت.

بە دەستەوەگرتنی مەجلس کە ٢٩٠ نوێنەری هەیە ئوسوڵگەراکان ٢٣٣ کورسی، ریفۆرمخوازان ٢٠ کورسی و کەسانی سەربەخۆ ٣٧ کورسیان بەدەست هێناوە بەم پێیە مەجلس دەبێتە جەولانگای بەرەی نەریت خواز و هەر یاسایەک کە لەسەری کۆک بن و خامنەیی ئۆکەیی لەسەر بدات پەسەند دەکرێت.

بە هەبوونی زۆرینەی رەهاو، بوونی فەرماندەکانی پێشووی سپا تا دێت لە روی دەسەڵات، بودجەو ئیمکاناتی ئەم هێزە لەچاو ساڵانی پێشوتر زیاتر دەبێت و تەنانەت لە باری سەرکووتی خوێناوی خۆپیشاندەران لە پاش کورۆنا دەستی لەلایەن مەجلسەوە ئاوەڵا دەکرێت.

هاوکات پێشتریش بە گۆڕینی سادق لاریجانی و هاتنی ئیبراهیم رەئیسی تا هاتووە پازێڵەکانی سپا تەکمیلتر بوون. ئەوەی لێرەدا جێگای تێڕامانەو چاوەڕوانیش هەر ئەوەیە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان مەجلس و دەوڵەت لە لایەک و دەزگای قەزایی و دەوڵەت لە لایەکی دیکەوە زیاتر بێت.

کارشکێنی و هاوتەریبی هەر دو دەزگای یاسادانان و دەزگای قەزایی رژیم واتە قاڵیباف و رەئیسی لەگەڵ دەوڵەتی رۆحانی بەرچاو دەبێت. حەسەن رۆحانی ئێستا لە گەڵ ٢ رەقیبی سەردەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٩٦ واتە رەئیسی و قاڵیباف بەرەو رویە کە هەرکامەیان بەشێوەی هەوسار پساوانە باسیان لە گەندەڵی و نامودیریەتی دەوڵەتی رۆحانی دەکرد. ئێستا چەپ و راستی رۆحانی یەکیان رەئیسی و ئەوی دیکەیان قاڵیبافی رەقیب و نادۆستی پێشوویە کە کارکردن لەگەڵیان بۆی دژوار و ناخۆش دەبێت. هەر بۆیە وتەبێژی دەوڵەتی رۆحانی داوای لە مەجلس کرد کە لەداهاتوودا هاوکاری زیاتری مەجلس بکەن. دیارە خۆیشیان هەستیان بە هاتنە ئارای ناکۆکی و دوبارە سەرهەڵدانەوەی برینە کۆنەکان کردووە.

ئەوەی تەریک دەکەوێتەوە دەوڵەتی رۆحانییە کە لەگەڵ فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەرەوروویەو قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی ئابووری و پێشهاتەکانی دوای کورۆنایش بۆی کێشەساز دەبێت.