خەباتی کورد لە پێناو مافی ڕەوای خۆیدا! کەیوان فەرامەرزی

خەباتی کورد لە پێناو مافی ڕەوای خۆیدا!
کەیوان فەرامەرزی

کەیوان فەرامەرزی

ڕاستە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندە، ڕاستە کاتێک باس لە کۆن دەکرێ دانیشتوانی مێزوپۆتامیاش وەک هەموو خەڵکانی ناوچەکە خاوەن جێگە و پێگە، تەمەدون و پاشا بوون. بەڵام یەکێک لە و پرسیارانەی کە زۆرجار بۆ مرۆڤی کورد دێتە پێش ئەوەیە، گەلۆ لە پێوەری دەوڵەت نەتەوەدا، ئایا کورد چی لە فەیسەڵەکان و هاشمییەکان کەمتر بووە؟ چ هۆکارێکی سەرەکی ئەوکات وای کردوە کورد نەبێتە خاوەن کیانی خۆی؟ لە حاڵێدا لە یەک سەرزەویندا فەرهەنگ، زمان، میژووی هاوبەش و ئاڵتونی ڕەش بوونی هەبووە.هەروەها ئابوری و خۆبەڕێوەبەریشی دیار بووە! بە پێی مێژووش نە یەک هۆز بوین نە یەک قەوم. تەنها بوونی زاراوە جۆراوجۆرەکان لە یەک زمانی هاوبەشدا بەڵگە بووە لە هەمەبەر ئەو ڕاستییە کە کورد یەک نەتەوە بووە.

ئەوە کە ڤلادمیر مینورسکی و مارتین ڤان برەونسەن وە سەرجەم کورد ناس و کۆمەڵناسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسیان کردووە، هەمووی لە سەر لێکۆڵینەوە و توژینەوەی بەڵگەگەلی بیندراوی ئەوە سەردەمە بووە، بەڵام ئێستاکە وەدەرکەوتنی هێندێک ئاسەواری مێژوویی لە ناوچەکانی کوردستان و بەڵگەی نوێتر،ڕاستییەکانی زیاتر دەرخستووە کە بوونی کورد لەو ناوچەیە کۆنتر لەوەیە کە مێژوونوسان و ڕۆژهەڵاتناسان تا ئەمڕۆکە تۆماریان کردووە.

بە پێی ستانداردە جیهانییەکانیش هەموو ئەو پێناسانەی کە لە سەر نەتەوە کراون ڕاستەوخۆ پشتیوانی پێناسەی نەتەوەیی بوونی خەڵکی کوردستانە. ڕێکخراوی «یونیسێف» لە سەر دەوڵەت نەتەوەدا لە بڕگەیەدا وەک بەڵگە پێناسەیەکی دیاریکراوی لە هەمبەر دەوڵەت نەتەوەدا تۆمار کردوە و دەڵێ؛ «دەوڵەت تەواوی تاکی کۆمەڵگا لە دەوری یەک چەتری قەومی فەرهەنگی کۆ دەکاتەوە»، بەڵام لە بەر ئەوەی کە زۆربەی دەوڵەتانی ئێستاکە «فڕەنەتەوە» یا «فڕە قەوم»ن ڕێکخراوی یونیسێف لەو باوەڕەیە کە هەموو ئەندامانی یەک نەتەوە دەبێ لە پێکهاتنی یەک دەوڵەت بوونیان هەبێ یانی پێکهێنەری بن. هەر ئەو هۆیەیە کە بە فەرمی لە بەڵێنینامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا «مافی چارەی خۆنووسین» کراوتە بەڵگەی نێودەوڵەتی، سێ دەیە لەوە پێش هەر ئەم گرێبەستە نێونەتەوەییەش بوو بە پشتیوان کە لە لە وڵاتی یوگوسڵاوی حەوت نەتەوە بە مافی چارەی خۆنووسین گەیشتن.

ئەمڕۆکە ئێتر ناکرێ مرۆڤی کورد

پەنجەی ڕوو بە کاربەدەستانی ئەو کاتی وڵاتانی بریتانیا و فەرانسە درێژ بکات و بەتەنیا ئەوان تاوانبار بکات. ناکرێ بەتەنیا چاو بە خۆی دابخشێنێتەوە و ڕەخنە لە خۆی بگرێت کە لە ڕابردوودا توانایی نیشاندانی وەدەرکەوتنی یەک نەتەوەی نەبووە. ناکرێ بەتەنها ڕوو لە فارس و عەرب تورک بکات و ئەوان بکاتە هۆی بێ بەشی؟ وڵامی ئەو پرسیارە تەنانەت لە ئاڕشیوی کۆبوونەوەکانی پەیمانی وستاڵی ساڵی ١٦٤٨ لە ئاڵمانیشنییە، بەڵکۆ دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەکان و هەڵەکان و توێژینەوەی زانستیانەی لە لایەن پسپۆڕانی کوردەوە پێویستە.

گومانی تێدانییە کورد غەدری لێ کراوە، سەردانی نووسراوە کۆنەکان بۆ ناسینی سەرەکی کورد لە بەر دەستن شەرەفنامە پرە لە بەڵگە. هەرچەند ئاماژەکانی تەیمورە شەل «لە نووسراوەکانی مارسڵ بڕیونی فەڕانسەوی» بە بوونی کورد لە خۆراسان هەبووە و تەنانەت دواتریش پاش نزیک سەدەونیوێک گۆیا شاە عەباسی سەفەویش دیسان هەوڵی لە یەک دوورکردنەوەی کوردەکانی بۆ ئەم شوێنە داوە، ئەوانە نموونەی بچوکن لە پێناو سەلماندی هەوڵی پاکتاو و قەڵاچۆ کردنی کورد کە لە کۆنەوە هەبووە دواتریش دوای دروست کردنی نەتەوە-دەوڵەت هەوڵی بە ئەنقەستی تاڵان و لەناوبردنی کەلەپوری هاوڵاتی نەتەوەکانی غەیرە فارس بە تایبەت کورد لە ناو ئێراندا بەردەوام بووە. بەوحاڵەشەوە دەسەڵاتدارن و نەیارانی کورد هەر سەرکەوتوو نەبوون، کورد هەر ڕاوەستاو ماوەتەوە، بۆ نموونە زمان، ئەگەر کانیاوی زمانی فارسی لای نووسراوەکانی سەعدییە، هی کوردیش لای «مەلای جەزیری»، «ئەحمەدی خانی»، «فەقێ تەیران» هەر پارێزراوە و بۆیان نەسڕاوەتەوە.

ئەگەر ئەوکات بەتەنها جل و بەرگ و زمان بەس بوون بۆ سەلماندنی پێوەرەکانی فەرهەنگی نەتەوەیی بوونی، ئەگەر ئەوکات سەلماندنی بەڵگەی ناسنامەی کورد لە پێناو هەبوونی، ئاوڕدانەوە لە مێژووی مادەکان بووە ئەوە ئێستاکە بە تەنها ئاسەوار و بەڵگەکانی زێوێ و قەڵای چایچی و تەپۆڵکی حەسەنلوو بەسن بۆسەلماندنی مێژووی کورد لە سەر ئەوخاکە کە ئێستاکە کورد لێی دەژین.

لەو ماوەیەدا کە فارس بۆ دروست کردنی نەتەوە خەریکی دارە دارە بوون کورد بە بێ پشتیوانی نیودەوڵەتی بۆ وەدیهاتنی مافی خۆی وەک نەتەوە خەریکی سەرهەڵدان بووە.

لەو کاتەوە کە ناسیونالیزمی فارس سەری هەڵداوە واتە ساڵی ١٩٢٥ کە ڕەزا شاە بۆ یەکەم جار سیستەمی دوەڵەت دینێتە ئاراوە و دواتر ساڵی ١٩٤١ حەمەرەزا بە کودەتا لە لایەن بریتانیا و ئاسایشی ئەمریکاوە، تا هاتنی خومینی لە ساڵی ١٩٧٨، فارسەکان خەریکی سازکردنی فەرهەنگی یەک شێوە لە بەرژەوەندی نەتەوەسازی خۆیاندا بوون. کوردیش هەر لەو سەردەمە دا چەندین بزوتنەوەی نەتەوەیی بووە لە ساڵی ١٩٤٠ بۆ ماوەی ١١ ساڵ سمکۆی شکاک باسی نەتەوەیی بوونی کوردی هێناوەتە ئاراوە و لە پێناویدا خەباتی چەکداری بۆ کردووە. هەروەها ساڵی ١٩٤٢ تا ١٩٤٥ کۆمەڵەی ژێکاف لە مەهاباد و کۆماری کوردستان و دواتر کۆمەڵەی شۆڕشگێر و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان. ڕاستە هەموو شۆڕشەکانی ئەوکات ناوچەیی بوون، بەڵام ئەو بزووتنەوانە نەتەوەیی بوون و بە پێچەوانەی هێندێک نووسراوە دەنگدانەوەی دەرەوشیان هەبووە. کەوابوو بە پێی هەموو بەڵگەکان کورد لە زۆر نەتەوەی دیکەی دەوروبەری کە ئێستاکە خاوەن دەوڵەتن بۆ کیانی خۆی هەوڵی زیاتری داوە.

ئەگەر هاشمی لەو سەحرایە میر بووە و خۆی کردووەتە میراتگری پێغەمبەری ئیسلام خۆ کوردیش پێشتر خاوەن میرگەل بووە! ئەگەر کابرای قەتەر دژی عوسمانی شەڕی کردووە خۆ بەشێک لە کورد پێش ئەوانیش دژی عوسمانی شەڕیان کردووە!

ئەم کورتە نووسراوەیە زیاتر لە سەر کوردستانی ژێر دەستی ئێرانە، دەنا دوای داڕشتنی سنوورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست، لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر وەک کوردستانی ڕۆژهەڵات بزووتنەوە و خەباتی نەتەوەیی هەبووە وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥، پاڕتی هیوا (کۆمەڵەی سەرخۆیی بوون) ١٠٣٧، شێخ مەحمود و شۆڕشی بارزانییەکان و چەندین بزووتنەوەی دیکەی کوردی.

چاوخشاندنێک بەسەر دروست بوونی دەوڵەتانی دراوسێ کە زۆربەیان بەرهەمی خەباتی بزاڤی نەتەوایەتی نین وە هەروەها ناسینی زۆرتری شوناس و هووییەتی نەتەوەیی ئێستاکەی خەڵکی ئەو وڵاتانە، زیاتر دەری دەخات کە بەشێک لە ئەو دەوڵەتانەی ناوچەکە وا بەدەست زلهێز و کۆنە کۆڵۆنالیسمەکانەوەدروست کراون تا ئێستاکەش سەقامیر نەبوون، لە جیاتی ئاسایش و بەرابەریی، زۆرتر وێرانی، شەڕ، برسێتی، و کوشت و بڕ بە سەریاندا زاڵ بووە. ئەگەر چی ئەوانە زیاتر لە سەد ساڵە دەوڵەتن، کەچی بە ئاشکرا دەبیندرێ نەتەوەی بەلوچ لە ئەفغانستان، پاکستان و ئێران نە مافیان پێ دراوە نە هەستی نەتەوایەتییان بۆ دەوڵەتەکانیان شکڵی گرتووە. کوردیش یەکێک لەو نموونانەیە کە لە دوای شەڕی جیهانییەوە بەهۆی سیاسەتی ئاسیمیلاسیون لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکومییەوە بەردەوام مافی خوراوە و هیچ هەستێکی بەرپرسانەی بەرامبەر بە دەوڵەتەکانەوە بۆ دروست نەبووە.

زۆربەمان نەمانزانی بۆ بێ بەش کراوین! ئایا هەلی سەردەم لە دەولەتی بەڕواڵەت مۆدێڕندا فارسەکانی کرد بە نەتەوەی باڵادەست؟ ئایا ژیریی ئەرمەنییەکان بوو بە هۆی دروست کردنی کۆمار و کیان بۆ ئەوان؟ و ئایا ئەگەر کورد دەستێکی بزووتنەوەکانی لە ناو دەستی ئینگلیسیەکان و دەستێکیشی لە ناو دەستیڕووسەکان خستبا، دەبوو بە خاوەن سنوور و دەوڵەت بۆ نەتەوەکەی؟ ئەمڕۆکە بەڵگە نامەکانی سیخورەکانی بریتانیا وک خاتوو «گریترۆد بیل» ئەوەمان پێ دەڵێ کە گەلۆ وا پێ دەچێ ئێمەی کورد لە ڕێکەوتننامەی نەهێنی سایکس پیکۆ هەر ناوەکەی و ڕێکەوتەکەی دەزانین، نادیارە پێش ئەوە لە سەر کورد چی وتراوە چی بڕیار دراوە بۆ وای لێهاتوە؟ هەمووی جێگای پرسیارن. بەڵام یەک لایەن ڕوونە نە سمکۆ نە شێخ مەحمود نە بزووتنەوەکانی دیکە دەستکرد نەبوون، دیسانیش ناکرێت هۆی خۆڵقانی ئەم دۆخە بخرێتە سەر شانی زیادە لە بەدەری سەربەخۆییبزووتنەوەکان و بڵێن پشت لە خواستی زلهێزەکان بووبێت. یا تەنانەت ناتوانین بڵێن ئەنجامی هەواداریی بەشێک لە کورد لە عوسمانیی پشت چەماوی ئەوکات یا لە بەر ئەوە کە چونکە عوسمانی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی بە دەستی کورد کرد.

مەبەست لە ئاماژە بەو هەموو ئایا و ئەمایانە یەک ئامانجە، چ کۆن بین چ نوێ، چ هەڵەمان کردبێ یا چ مافمان خورابێ، یەک ڕوانگەی دوو ڕەهەندی لە پێشە، ئەوەیش ئەوەیە، ئاشکرایە کە ئێران لە چەمکی دەوڵەت-نەتەوەدا تا ئێستاکەش سەقامگیر نەبووە و هاوڵاتی لە بەر بێبەش بوون لە سەرەتایترین مافە بنەڕەتێیەکان هەستێکی نیشتمانی لە هەمبەر دەوڵەت بۆ درووست نەبووە، بۆیە دوەڵەتی هاووڵاتی لە ئێران وەک نموونەی ئەمریکا یا کانادا سەری نەگرتووە و هەر وا بە نەخۆشی و ناخۆشی دەمێنێتەوە. لەبەر ئەو هۆکارە یا ناچارە بکرێتە چەند دەوڵەتی نیشتمانی بۆ نموونە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەلوچستان و ئازەربایجان هتد... وەک دەوڵەتانی نیشتمانی ژاپون و ئەرمەنستان کە هەن و سەرکەوتوو بوون. یا دەبێ دان بە فدڕالیزم دابنێن وەک وڵاتانی هیند و ئاڵمان ببێتە ئێرانێکی فیدڕاڵ. لەو پێناوەشدا کورد هەر وا بەردەوام بێت لە دوور کەوتنەوەی ناکۆکی ناوخۆیی کۆن و نوێ، و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵكی کوردستان هەموو بە یەکەوە هێزی یەکێتی نەتەوەیی بەهێزتر بکەن تا سەرکەوتن لە شەڕی سەربەخۆییدا.