FATF و CFT لە ناو ململانەی دەسەڵاتداران

FATF  و CFT لە ناو ململانەی دەسەڵاتداران


ئەرسەلان ئێحسانی 




لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینیدا حەوت وڵاتی زل هێز لە بواری ئابووریدا کە بە وڵاتانی G7 دەناسرێن ،هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ دابینکردنی ڕێسا و پێوەرەکان و هەروەها گەشەپێدان بەو ڕێکارانەی کە دەتوانن ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان بێت لە بواری یاسایی ،چاودێری و کردەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پوڵ سپی کردنەوە(پولشویی)و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دابین کردنی ماڵ و سامان بۆ ترۆریسم و یان هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سیستمی ماڵی ناودەوڵەتی. بۆ ئەم مەبەستە گرووپی FATF واتە بەرەنگاربونەوەی ماڵی دژی ترۆریسم بونیاد دەنێن.

FATF هەوڵدەدات لە ڕێگای یاسا و ڕێساکان ڕێگا خۆشکەر بێت بۆ ئەوەی کۆمپانیا و بازرگانان سەرچاوە داراییەکانیان بۆ وڵاتان ڕوون بێت و بە کەڵک وەرگرتن لە شارەزایانی ئەم بوارە ،هەوڵ دەدەن ڕێژەی ڕوونی یاسایی لە بواری دارایی و ماڵی وڵاتان بخەنە ڕوو و هەروەها باس لەوەدەکەن کە هەر وڵاتێک تا چ ڕێژەیەک بۆ وەگەڕخستنی سەرمایە گونجاوە.

ڕوون بوونی سەرچاوەی دارایی بازرگانان و وڵاتان گرنگیەکی ئەوتۆی بۆ ئەم ڕێکخراوەیە هەیە ،چوونکە دەتواندرێت لەم ڕێگایەوە هەستێت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی کە بۆی دابین کراوە کە زۆرتر دوو خاڵ لە خۆ دەگرێت ،خاڵی یەکەم بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ پوڵ سپی کردنەوەیە و خاڵی دووهەم بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرچاوەی ماڵی ترۆریسم لە خۆ دەگرێت. پوڵ سپی کردنەوە واتە ئەم پوڵەی لە ڕێگای نا یاسایی و نادرووست وەک بەرتیل ،قاچاخ و یان بازرگانی ماددە سڕکەرەکانەوە بە دەست دێت و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگای خستنە بازاڕەوە بە یاسایی بکرێت. پوڵ سپی کردنەوە دەرچەیەکە بۆ هەڵاتن لە دانی باج .

 FATF بە کەڵک وەرگرتن لەو زانیاریانەی کە بە تۆژینەوە لەسەر سەرچاوە داراییەکانی وڵاتان دەستی دەخات ،وڵاتان بەسەر چەند گروپدا دابەش دەکات کە لەم ڕیزبەندیەدا ئێران لە گەڵ کۆرەی باکوور لە پێرستی ڕەشدا ناویان هاتووە ، کە نە ئەوەیکە لەو وڵاتانەن سەرچاوەی داراییان ڕوون نیە و پاڵپشتی لە ترۆریسم دەکەن بەڵکوو دەکەونە ئەو پێرستەوە کە دەبێت کاردانەوەیان لە بەرابەردا بکرێت. هەر بۆیە کاتێک لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی ئەم ڕاپۆرتە بڵاو بۆوە ،دەسەڵاتدارانی ئێران بۆیان دەرکەوت ئەم بابەتە تا چ ڕادەیەک بۆ ئابووری ناودەوڵەتی و بگرە وڵاتانی دۆستی ئێران گرنگە.هەر بۆیە زۆر بە زوویی هەوڵیاندا بتوانن بە جۆریک چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن. لە هەنگاوی یەکەم بەڵێنیان دا کە ڕینەماییەکان و یاسا و ڕیساکانی FATF بە کاربێنن بۆ دەرچوون لەم قەیرانە ،هەر بۆیە ئەم ڕێکخراوەیە داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد کە بۆ  ماوەی یەک ساڵ کات بە ئێران بدرێت و هەر کاردانەوەیەک بۆ سەر ئێران لە بواری ئابووریدا سڕکەن کە هەڵبەت ئەو ماوەیە دواتر بۆ ماوەیەکیتریش درێژکرایەوە . ئەم ڕێکخراوەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ٤٠ ڕیکار لە بواری بەرەنگاربوونەوە دژی پوڵ سپی کردنەوە و ٩ ڕێکاریشی بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی دابین کردنی دارایی بۆ ترۆریسم بۆ ئەندامان پێشنیاردەکات .

ئێران بۆ ئەوەیکە بە یەکجاری لە پێرستی ڕەشی FATF بێتە دەرێ دەبێت لە کۆنوانسیۆنی ناودوەڵتی بۆ بەرەنگاربونەوە بۆ دابینکردنی ماڵ و سامان بۆ ترۆریسم کە کورتکراوەکەی دەبێتە CFT ببێتە ئەندام. CFT سەر بە ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەرکی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دابینکردنی ماڵ و سامان بۆ ترۆریسم و بەرەنگەربوونەوە لەگەڵ پوڵ سپی کردنەوەی لە سەر شانە. لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی چوار گەڵالەی ،ئەندام بوون لە کۆنوانسیۆنی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ترۆریسم  ،ئەندام بوون لە کۆنوانسیۆنی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماڵ و سامان بۆ ترۆریسم ،چاکسازی لە یاسای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پوڵ سپی کردنەوە ،چاکسازی لە یاسای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دابینکردنی ماڵ و سامان بۆ ترۆریسم بۆ پاڕلمان ناردرا.  

ماوەیەکی زۆر ئەم گەڵاڵانە لە ڕێرەوەکانی پارلمان و ئەنجوومەنی چاودێری دەستوور هاتووچۆیان پێکرا و هێچکامیان نەیاندەتوانی بەرامبەرەکەیان بە قەناعەت بگەیەنن . ئەو پارلمانتارانەی دژی پەسەندکردنی CFT بوون ،باسیان لەوە دەکرد کە بە پەسەند کردنی ئەم گەڵاڵەیە ئێران چیتر ناتوانێت یارمەتی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان بکات و ئەوەش دژی دەستووری ئێرانە ،ئەم پاساوە خۆی دوو بابەتی هرووژاند ، یەکەم ئەوەیکە بە ڕوونی باس لەوەکرا کە ئێران یارمەتی ئەم گرووپە توندئاژوانە دەکات و دووهەم ئەوەیکە ،ئەوەی گرنگە بۆ دەسەڵاتداران بژێوی و ژیانی خەڵک نیە بەڵکوو وڵاتانی دەوروبەرە. پاساوێکی تر دژبەرانی CFT ئەوەیە کە بە پەسەند کردنی ئەم گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی بڕینی بەشە بوودجە سپای پاسداران و هەروەها هێزی دەرەکی ئەو ڕێکخراوەیە واتە سپای قوودس. زۆر پاساوی لەم جۆرە لەلایان پارلمانتارانەوە باسکراوە کە هیچیان بە پاساوی سەرەکی ئەژمار ناکەرێن ،بەڵکوو دزی و بەرتیل بەڕادەیەکی زۆر لە دەسەڵاتدا پەرەی ستاندووە و نایانهەوێت ئەم بابەتانە بۆ خەڵک دەرکەوێت و خەڵک ڕوون بنەوە،هەروەک جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باس لەوەدەکات کە ساڵانە ١٠ بۆ ١٥ میلیۆن دۆلار لە ڕێگای قاچاخی سووتەمەنی ،کەلوپەل و مادە هۆشبەرەکان بە دەست دێت کە لە ڕێگای پوڵ سپیکردنەوە دێتە ناو بازارەوە . 

وەک هەمیشە دژایەتی کردنی گەڵاڵە و ڕێنەمایی و یاساکان لە جیاتی بنەمایەکی یاسایی و دەستووریان لە پشت بێت ،تەنیا کێبڕکییەکە لێنەوان دەسەڵاتدارانی ئێران ،لە لایەک لایەنگرانی سەرۆککۆمارن و لەگەڵ پەسەنکردنی گەڵاڵەکەن و دەیانهەوێت بە پەسەند کردنی ئەم بابەتە سەرنجی کۆمەڵگا بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و هەوڵدەدەن ناکارامەیی خۆیان دابپۆشن و هێز بۆ خۆیان کۆبکەنەوە و لە بەرامبەردا لایەنگرانی ڕێبەرن کە دەیانەوێت بە تێکەڵ کردنی بابەتەکان وەک بەرجام و سەرجەم خۆپیشاندانەکان و نارەزایەتیەکان بە دەستێوەردان وڵاتانی تر ئەژمار بکەن و چاویان بەسەر ڕاستیەکاندا دابخەن.

دوای کێشمەکێشێکی زۆر لە ١٥ ڕەزبەری ئەوساڵ ، پارلمان توانی CFT پەسەند کات و بۆ ئەنجوومەنی چاودێری دەستووری بنێرێت ،کە دووای مانگێک لە ١٣ خەزەڵوەردا ئەنجوومەنی چاودێری دەستوور بە پاساوی دژی شەرع و دوستوور و ئەمنیەتی ناوخۆیی ، بە ٢٢ تێبینی ئەم گەڵاڵەیەی رەت کردەوە و بۆ پارلمانی ناردەوە. لەم ٢٢ خاڵانە ، سێ خاڵ جێبەجێ کرا و ١٩ خاڵی لەسەر پێداگری پارلمانتاران بۆ( انجمن تشخیص مصلحت نظام ) ناردرا تا ئەم ئەنجوومەنە لە کۆتاییدا کێشەکان یەک لایی بکاتەوە، بەڵام خۆی بووە سەرچاوە کێشە لە نێوان پاڕڵمان و ئەو ئەنجوومەنەدا ،و بەوە تاوانبار کرا کە وەک ئەنجوومەنی چاودیری دەستووری لێهاتووە و دەستدەباتە ناو کارووباری پارلمان و ڕێگا نادات پارلمان بە ئەرکی خۆی هەستێت.

لەم چوار گەڵالەیە دووانیان ئەندامبوونی ئێران لە کۆنوانسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ترۆریسم(پالێرمۆ) و گەڵالەی بە ئەندام بوونی ئێران لە کۆنوانسیۆنی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دابینکردنی ماڵ و سامان بۆ ترۆریسم(CFT) لە پارلمان پەسەندکراوە بەڵام بە هۆی ناکۆکی لە نێوان پاڕلمان و ئەنجوومەنی چاودێری دەستوور بۆ (انجمن تشخیص مصلحت نظام) ناردراوە و دووگەڵالەی ،پێداچوونەوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی پوڵ سپی کردنەوە و گەڵاڵەی پێداچوونەوە بە بەرەنگاربوونەوەی ترۆریسم پەسەندکراوە.

بە نزیکبوونەوە لە کۆتایی ماوەی دیاری کراو لە لایان FATF ەوە بۆ ئێران ململانەی نێوان لایەنەکان زیاتر جاران گەرم وگوڕتر بووە و هەرکامیان هێزی و توانای خۆیان بۆ سەپاندنە بیر و ڕای خۆیان خستۆتە گەڕ ،بۆ نموونە چەند وەزیر کە لەگەل پەسەند کردنی ئەم گەڵاڵانەدان نامەیەکیان بۆ خامنەیی ناردووە کە تا پێش تەواو بوونی وادەی دیاری کراو هەول بدرێت پەسەند بکرێن و یان قوتابیانی زانکۆ و زانائایینیەکانی دژ بەو گەڵاڵانە بە مانگرتن هەوڵ دەدەن ڕای گشتی و (انجمن تشخیص مصلحت نظام) بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و پێش بە پەسەند کردنی بگرن.

بە هۆی دەستووری ئێرانەوە پەسەند کردنی سەرجەم خاڵ و ڕێنەماییەکان کێشەی لێ دەکەوێتەوە هەر بۆیە بۆ چارەسەری ئەم بەربەست و كێشانەش ، وەک چەندین وڵاتی تر کە بۆ ئەندامیەتیان لە CFT مەرجیان داناوە، ئێرانیش بۆ ئەندام بوون لەCFT ،حەوت مەرجی هەیە کە گرنگترینیان بریتین لە : ئێران بە ئەندام بوون لە CFT تەنیا ئەم کۆنوانسیۆنەی قەبووڵە نە ئەو کۆنوانسیۆنانەی کە تێیاندا ئەندام نیە ،ترۆریسم ئەو وڵاتانە ناگرێتەوە کە بۆ ڕزگاری لە هەژموونی وڵاتانی تر بۆ سەربەخۆیی تێدەکۆشن ،هیچ خالێکی CFT کە دژی دەستووری ئێران بێت کاری پێ ناکرێت و هەروەها ئێران تەنیا کاتێک کە لە پێرستی ڕەشی FATF  بێتەدەرێ ئەم گرێبەستە بە لایەنی چاودێر دەدات بۆ کار پێکردنی.

بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە کاتێکی زۆر کەم بەردەستە و زۆربەی هەرە زۆری کێشەکان چارەسەر نەکراوە، گرنگ ئەوەیە کام لایەن دەتوانن هاوسەنگی کێشەکە بۆ لای خۆیان بگۆڕن و سەرکەوتوو بن ، بەڵام  لە ئەگەری پەسەند نەکردنی ئەم گەڵاڵانە چ پێش دێت ؟،ئایا دیسان FATF ماوەکە بۆ ئێران درێژدەکاتەوە یان خود ئێران بۆ جارێکی دیکە دەکەویتە ناو پێڕستی ڕەشی ئەم ڕێکخراوەیە، بەڵام ڕاستە بە چوونە ناو پێرستی ڕەش ، ئێران گەمارۆی ناچێتە سەر بەڵام لە بواری ئابووریدا دەتوانێت بۆی گران تەواو بێت چوونکە وڵاتانی دۆستی ئێرانیش وەک ڕووسیە و چێن داوایان لە کردووە کە ئەم گەڵاڵانە پەسند بکرێت دەنا لە بواری پەیوەندی ئابووریدا تووشی کۆسپ و لەپمەڕ دەبن. هەر بۆیە ئێران هەوڵ دەدات بەهەر شێوازێک کە بتوانێت ئەگەرچی بە کەم و کورتیش ئەم گەڵاڵانە پەسەند بکات. هەر ئەوەش بۆتە مەترسی بۆ ئەوەی لەئەگەری پەسەند کردنی CFT  ئایا چوارچێووەی ئەم گەڵاڵەیە وەک خۆی دەمێنێت کە بتواندرێت FATF ی پێ ڕازی بکرێت یان تەنیا نێوێکی لێ دەمێنێتەوە.