ئاخێزی ئەمجارە، ڕێی ڕزگاری خەڵکی ئێران هەمووار دەکاتەوە؟!

ئاخێزی ئەمجارە، ڕێی ڕزگاری خەڵکی ئێران هەمووار دەکاتەوە؟!


ئەردەڵان فەرەجی



خۆپیشاندانە ئیعترازییە جەماوەرییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ ئەم ڕاستییەی دەرخست کە ئێران ئاوسە بە گۆڕانێکی گەورەی ڕیشەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری. خەسڵەت نمایی و دەرکەوتەکانی، بێزاری و نەفرەت بوو لە دەسەڵاتی چل ساڵەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەموو سێکتەرە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، کولتووری وخەڵکی ئێرانی بە دیل گرتووە

چەند ساڵێکە ڕەوتی ڕوو لە پووکانەوەی کۆماری ئیسلامی باسی کۆڕ و کۆمەڵی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکانە، بەڵام دەبوو ئەم خۆپیشاندان و ئیعترازە جەماوەرییانە ڕوویان بدابایە تا ئەم سەرەتای کۆتایی هاتنی ڕژیمە فاشیستە ئیسلامییەی ئێرانی بۆ هەمووان ئاشکرا و لەقا بدابایە.

هۆکارەکان

لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵی ڕابردوو کە ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی ناسراو بە بەرجام یەک لایەنە هاتە دەرێ و گەمارۆ پێشووەکانی لە دوو قۆنای ٩٠ و ١٨٠ ڕۆژە دژ بە ئێران کارا کردەوە و بەرە بەرەش گەمارۆی نوێی بە سەر کەسایەتییە حەقیقی و حقوقییەکانی کۆماری ئیسلامی دا سەپاند و ئەو ڕژیمەی تووشی کێشەی گەورە کردەوە. سیاسەتی ئەمریکا لەوبارەیەوە سەپاندنی ئەوپەڕی گوشارەکان بوو بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بۆ بە سفر گەیاندنی هەناردەی نەوت و وشک کردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی بۆ بڕینی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ئاژاوەگێڕی و دەست تێوەردانە دوژمنکارانەکانی لە ناوچە.

ڕاپۆرتی ئەو کۆمپانیایانەی کە شوێنپێی نەوتهەڵگرەکان هەڵدەگرنەوە و چاودێری بەندەر و سنوورە گومروکییەکان دەری دەخەن کە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ژێر ٥٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا دابەزیوە. ئێرانێک کە بودجەکەی لە سەر بنەمای فرۆشی ڕۆژانەی ١،٥٠٠،٠٠٠، بۆشکە بە نرخی ٦٤ دۆلار بەستووە، ئەو ڕژیمەی تووشی کورتهێنانێکی بێ وێنەی بودجە کرد. کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووی ئەو کورتهێنانە دەستی بە پیلان و پرۆژە ڕیازەت تەڵەبەکانی دا. هەوڵی داوە لە ڕێگەی تەیارە و سەیارەوە پارەکان لە بانکە جیهانییەکان بە شێوەی کەش بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران، دەست بە سەر پووڵی ئەمانەتی کارەمەندان و سەرمایەگوزارانی ناوخۆی و خەڵکی ئاسایی و مەدەنیدا بگرێت لە بانکەکان، بە ڕەش و بە قاچاخ نەوت بفرۆشێت (لە ڕاستی دا هەرزان فرۆشی بکات). هەموو ئەو پیلانانەی سەری نەگرت. ڕەنگە دوایین شت کە دەبێت بیکردبایە دەست بردن بوو بۆ یارانەکان (سۆبسید و یارمەتییە دەوڵەتییەی کە بە خەڵک دەدرێت) و دەستیشی بۆ برد. ساڵانێکە دەوڵەت سوبسیدی بێنزین دەدات. ساڵی ١٣٥٧ کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاگری لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژی ڕژیمی شا بەردا، بەرز کردنەوەی نرخی بێنزین بوو لە ١ تمەن بۆ ١ تمەن و ٢ قڕان بوو. بە واتایەکی دیکە ١٤ سێنی ئەمریکا. ئەمڕۆکەش بە بەراوردی نرخی تمەن و دۆلار ئەم ٣  (٣٠٠٠ تمەن) ئەوندە کردنەوەی نرخی بێزین لە ١٤ سێنتەوە دەبێت بە ١٥ سێنتی دۆلاری ئەمریکایی. بەڵام بۆچی بەرزبوونەوەی ١ سێنتی نرخی بێنزین دەبێتە ئەم ئاخێزە جەماوەرییە؟ و ئایا تاقە هۆکارە بۆ ڕژانی خەڵک بۆ سەر شەقام و ڕێ خستنی گەورەترین جووڵەی کۆمەڵایەتی مێژووی چل ساڵەی ڕابردووی خۆی؟ 


ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانە سەر زەمین و ژێرزەمینییەکانییەوە. ئێران ٢٠مین وڵاتی بەرینی گۆی زەوییە، لە بواری حەشیمەتەوە لە زومرەی ٢٠ وڵاتی پڕ حەشیمەتی جیهان دایە و خاوەن هێزێکی کاری گەورەی بەرهەم هێنە. خاوەنی کەش و هەوایەکی چوار وەرزەیە و زەوی و زاری بەپیتن بۆ کشت و کاڵ. لە برنج و گەنم و جۆ و پەتاتە و سەوزە و میوە وتا دەگاتە دار و درەخت و جەنگەڵ ودەریا و ڕووبار وشاخەکانی دەوڵەمەندن بە بەنرخترین کانزاکانی ئاڵتوون، و ئاسن و مس و جۆرەها فلزی بەقیمەت. لەگەڵ ئەوەش خاوەنی دووەم زەخیرەی نەوت و گازی سروشتی جیهانە کە بە ئاڵتوونی ڕەش ناسراوە. چۆنە کە ئەو زەوییە بە پتانسێل و دەوڵەمەندە خەڵکەکەی لەوپەڕی هەژاری و دەست کورتین دان؟ چۆنە بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ٣٦ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێرانی لە ژێر هێڵی هەژاریدان؟ چۆنە بە هەزاران خەڵک لە گۆڕ دا دەخەون، یان نا لە سەر جادە و لە سەر کارتۆن دەخەون؟ چۆنە ڕێژەی لەش فرۆشی و گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دابەزیوە بۆ کوڕان و کچانی ژێر ١٠ ساڵ؟ چۆنە هیوا بە ژیان دابەزیوە بۆ ژێر ٦٠ ساڵ؟ چۆنە ڕەونەقی بازاڕ ئێران وا خەوتووە؟ چۆنە هەرچی خاوەن ئیدە و فکرە لە وڵاتەکەی ڕا دەکات؟ چۆنە هەرچی بیرمەند و ئازادیخوازە لە کونجی زیندان و سیاچاڵە؟ چۆنە جاددە و ڕێگاوبانی ستاندارد نییە؟ چۆنە فڕۆکە و ئۆتۆمبیل (ئەو ئامرازەی گواستنەوە) بۆتە قەبر و ڕۆحی سەرنشینانی دەکێشێت؟ چۆنە چۆم و ڕووبار لە مرۆڤی ئەو خاکە بوونەتە بکوژ؟ چۆنە پیر و بەساڵاچوو تا دەمی مەرگ بێ حەسانەوە دەچەوسێنەوە؟ چۆنە بە میلیۆن خەڵک لە خوێندن بێ بەش دەبن؟ چۆنە

هۆکارەکەی ڕوون و ئاشکرایە؛ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە گونجاندنی شەریعەتی ئیسلامی شیعەی دوانزە ئیمامی پەیڕەوی ویلایەتی موتلەقەی فەقێ لە یاسای بنەڕەتی و دەستووری کارکردنی نیزام و دەوڵەت سەرچاوەی سەرەکییە. ڕژیمی دەسەڵاتداری نابەرپرس کە هەرچی دز و جەردەیە بەڕێوەی دەبات؟ دەسەڵاتی دەمارگرژی ئیدئۆلۆژیک، ناکارامە، گەمژە و نەزان، گەندەڵ و نابەرپرسیار هۆکارەکەیەتی.

بە سیاسەتی هەڵە و چەوتەکانی، بە تەرخان کردنی سەروەت و سامانی میلیارد دۆلاری بۆ پرۆژە ناپێویست و شەڕەنگێزەکانی، دزی و تاڵان و تاراجی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران خەڵکی ئێرانیان بەم ڕۆژ ڕەشییە گەیاندووە.

هەروا کە ناڕازییان لە جەرگەی خۆپیشاندانەکان بە دروشم و بە دەنگی بەرز دەیان وتەوە، کێشەی بێنزین و دۆخی خراپی ئابووری بیانوو و بەهانەیە و خەڵکی ناڕازی ڕاستەوڕاستە خودی ڕژیمی کۆماری و نیزامی سیاسی ئێرانیان کردووەتە نیشانە.

تایبەتمەندییەکان؛

ئێرانی لە نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر و پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەر چەند وەخت جارێک شاهیدی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرینی کۆمەڵایەتی بووەتەوە. دە ساڵی یەکەمی پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە هۆی تێوەگلانی لە شەڕی ناپێویست و ئیدئۆلۆژیکی لەگەڵ عێراق، (کە دەرفەتێکی ئاڵتوونی بوو بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی ناڕازیان و نەیاران و تەسفییە حیسابە ناوخۆییەکان) مەجال و دەرفەتی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری نەهێشتبووە، بەڵام بە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە ساڵی ١٣٦٨ لە ناوەند و لە ڕۆژئاوای ئێران و بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی ئێران خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام درا. ڕژیم و دەوڵەتی ئەوکاتی ڕەفسەنجانی بە توندی و بە خێرایی سەرکوت و خەڵتانی خوێنان کرد. دواترەکان لە ساڵی ١٣٧٧ خوێندکارانی زانستگای تاران خرۆشان کە بە خێرایی خوێندکارانی باقی شارە گەورەکانی دیکەی ئێرانی لێ کەوتەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەو کاتی خاتەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خوێندکارانیان بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرد و کوی دانشگایان خولقاند. پاش ١١ ساڵ و ئەمجار لە ساڵی ١٣٨٨ و بەدوای ئەو تەقەلوب و ساختەکارییە گەورەیەی لە بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری دا کرا، بزووتنەوەیەکی گەورە لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران سەریان هەڵدا (بزووتنەوەی سەوز). ماوەی ئەم بزووتنەوەیە لە باقی بزووتنەوە جەماوەری و ئیعترازییەکانی پێشووتر زۆرتری خایاند. سەرەنجام ئەو بزووتنەوەیەش بە خولقاندنی کارەساتی گەورەی وەک کەهریزەک و دەستگیری سەرانی ئەو بزووتنەوەیە و حەسریان پاش چەند مانگ دایان مرکاندەوە. دواجار بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ و ئەمجارە بە ماوەیەکی ٨ ساڵە خۆپیشاندانە ئیعترازییەکانی ناسراو بە بەفرانباری ٩٦ ڕێ کەوت. ئەو خۆپیشاندانانە لە چاو باقی بزووتنەوە و خۆپیشاندانە سەراسەرییەکانی پێش خۆی گشتگیر تر و بەرفراوانتر بوو کە بە پێی ئامارەکان نزیک بە ١٠٠ شار و ناوچەی گرتەوە، ئەمجار خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی و تەنیا بە مەودای ٢ ساڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان لە ئاستی زیاتر لە ١٣٠ شار و ناوچەی ئێران هاتە ئاراوە.

بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر تایبەتمەندی و کەم و کوڕییەکانی هەرکام لە بزووتنەوە پێشووەکان دەر دەکەوێت بە تێپەڕبوونی کار ئەم بزووتنەوانە بەهێزتر، گشتگیرتر، بەرفراوانتر و فڕەلایەنتر بوون کە ئەمە لە ڕاستیدا دەرخەری بلووغی فیکری و سیاسی خەڵک و تێگەیشتن لە حەقیقەتی ڕەقی کۆماری ئیسلامیییە.

بە بەراوردێکی سادەی نێوان ئاخێزی (بزووتنەوە) ڕۆژانی ڕابردوو لەگەڵ دوو بزووتنەوەی سەوز و بزووتنەوەی بەفرانباری ٩٦ دەردەکەوێت کە لە بزووتنەوەی سەوزدا بەشێک یان توێژێک لە کۆمەڵگا تێیدا بەشدار بوون کە بریتی بوون لە خەڵکی خوێندەواری شاری (گەورە شارەکان) و سەر بە چینی مام ناوەندی کۆمەڵگا کە تا ڕادەیەک ڕێبەرییەکەشی دیار بوو، بەڵام بەشداربووانی بزووتنەوەکەی بەفرانباری ٩٦ زۆرتر خەڵکی هەژار و فەقیر و گوندی و شارە بچووک و ناوچە پەراوێزییەکان تێیدا بەشدار بوون کە ڕێبەرییەکی دیاریکراوی نەبوو. دیارە هەرکام لەو بزووتنەوانە خاڵی لاوازی تایبەت بە خۆیان هەبوو، بەڵام ئەم ئاخێزەی ئەمجارە کە پێ دەچێت لە درێژەی باقی بزووتنەوە ئیعترازییەکانی پێشووی خەڵکی ئێران بێت بۆ بەهرەمەندی لە ژیانێکی ئاسوودە و کەشێکی کراوەتر، دوو بەربەست و مەحدوودییەتی بزووتنەوەکانی پێشووی نییە.

یەکەم ئەوەی کە هیچ تەوەهۆم و ڕاڕاییەکی بەرامبەر بە ئەم باڵ و ئەو باڵی ڕژیم نییە و ساغە لەو بارەیەوە و دووهەم ئەوەی کە ئەگەر لە بزووتنەوەی سەوز چینی مام ناوەندی شاری و خوێندەوار بەشدار بوون و لە بزووتنەوەی بەفرانباری ٩٦ چینی کرێکار و بەشی هەژار و فەقیری کۆمەڵگا بوون، ئەمجار هەر دوو بەرەکە تێید بەشدار بوون و ئەم سنوورە و دابەشکارییە نەماوە.

کۆماری ئیسلامی و یان هەر کەسێکی دیکە سەرێکی بەو ڕژیمەوە بێت، تێدەکۆشێت ئەم جیاکار و دابەش بوونە بێنێتە ئاراوە. خاڵی بەهێزی ئەم ئاخێزە کە ئۆمێدی بوون بە بزووتنەوەیەکی گەورەی لێدەکرێت کە سەرەنجام کۆماری ئیسلامی بە چۆک دادێنێ، ئەم گشتگیر و فرە ڕەهەندییەیەتی

خاڵێکی جێی سرنج دەربارەی تایبەتمەندییەکانی ئەم ئاخێزە (بزووتنەوە) ئەوەیە کە ڕێبەرێکی دیار و ئادرەسداری نییە. فارس وتەنی عدو شود سبب خیر اگر خدا خواهد! ڕەنگە ئەمەش بە باشە بۆ بزووتنەوەکە هەڵگەڕێتەوە، چونکا ڕێبەری ئەگەرچی دەتوانێت گرنگ و یەکلای کەرەوە بێت، بەڵام بەهەمان ڕێژەش مەترسی ئەوە هەیە کە بە سەرکوت و کوشتن و دەسگیری ڕێبەر و ڕێبەرەکانی بزووتنەوەکەش بخەوێنن و دەمکوتی بکەن.

بەکورتی؛

ژنی دوو گیان بەر لە بەدنیا هێنانی کۆرپەلەکەی لە چندین کاتژمێر لەمەوبەرەوە ژان دەیگرێت، ژانەکان دوور و کورت ماوەن، بەڵام تا لە ساتەوەختی هاتنە دنیای کۆرپەلەکە نزیکتر دەبێتەوە، ژانەکان پەیتا پەیتاتر و نزیکتر دەبنەوە و سەرەنجام بە هاتنە دنیای کۆرپەلەکە جیهانێکی نوێ لەو ساتەوە دەست پێ دەکات. ئێران خانم دوو گیانە و بزووتنەوە و ئاخێزەکانیش ژانی بەدنیا هێنانی ئەم جیهانە نوێیەن. بزووتنەوەکان دوورتر و کورت مەودا تر بوون. تا دێت لە ساتەوەختی گۆڕان و خولقانی جیهانە نوێیەکە نزیک دەبینەوە. بزووتنەوەکان ئەمجارە کورت مەوداتر بە دوو یەکتر دا دێن، هەموو نیشانەن لەوەی کە گۆڕانێکی گەورە بەڕێوەیە. خەڵکی کورد زەرەرمەندترینە لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی و بەهرەمەندترینیشە لە ڕۆیشتنی. مێژوو و کات باشترین ماما ن، گەلیش هێز و ورەکەیە. بە وریایی و وشیارییەوە ڕێگەخۆشکەین بۆ خولقاندنی جیهانێکی نوێی تەندروست و سەلامەت. ئاسۆی گەلی کورد ڕوونە، دوور بنواڕە دوور