١٨ی پووشپەڕ، وەرچەرخانێکی گەورە لە بزووتنەوەی خوێندکاری ئێران

١٨ی پووشپەڕ، وەرچەرخانێکی گەورە لە بزووتنەوەی خوێندکاری ئێران
سۆران ئازەربار

لە دوای ڕووداوەکەی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی کە بە ڕۆژی خوێندکار ناونراوە، ١٨ی پووشپەڕ، یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی ڕۆژژمێری خوێندکارییە لە ئێران کە بزووتنەوەی خوێندکاری لەو سەردەمدا، وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی، لە جەریانی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوی زانستگا تاران بە داخرانی ڕۆژنامەی سەلام، خوێندکارێک بە ناوی عیزەت ئیبراهیم نژاد، گیانی لە دەستدا، هەڵوێستی ئیسلاحخوازانی حکوومەتی بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی خوێندکاران پشتیوانی لە دەسەڵات و دەزگای سەرکوتی حاکمییەت بوو؛ خوێندکارانی ناڕازی بە ئاژاوەگێڕ ناوبران و ئەم جووڵانەوەیەی خوێندکارانیش کە زۆرێک لە شارەکانی ئێرانی بە تایبەت(تەورێز)، گرتەوە، زۆر بێ بەزییانە سەرکوت کرا.
بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری ئێران لەهەر دوو سەردەمی پاشایەتی و دواتریش کۆماری ئیسلامیدا، لە نەبوونی حکوومەتێکی دێمۆکراتیک کە تێیدا ئازادی بیروباوەڕ و حیزبایەتی بوونی هەبێ کە بتوانێ وڵامدەری داخوازی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەت خوێندکاران بێ، زانستگا ئەم ئەرکەی وە ئەستۆ گرتووە و پەیوەندییەکی قوڵی لەگەڵ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەندیدار بە چارەنووسی خەڵکی ئێرانەوە بووە. زانستگاکان مەکۆی سەرهەڵدانی بیری ئازاد و پێشەنگی کۆمەڵگای لە نەبوونی ڕێکخراوە و حیزبی سیاسی لە ئەستۆ بووە. دامەزرانی زۆرێک لە ڕێکخراوە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و لەوانە "کۆمەڵە" کە لە زانستگاکانی تاران دامەزرا و زیاتر وەک بزووتنەوەیەکی ڕۆشەنگەری پێناسە دەکرێت، حەقانییەتی ئەم ئیدیعایە دەسەلمێنێ.
ئەگەرچی مێژووی چالاکی خوێندکاری لە ئێران هاوکاتە لەگەڵ دامەزرانی زانستگای تاران لە ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی، بەڵام یەکەمین ناڕەزایەتی لە مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری ئێران ساڵی ١٣١٥ لە ژێر کاریگەری گرووپی ٥٣ کەسی، بە ڕێبەری دوکتور تەقی ئەرانی بەڕێوەچوو کە دواتر لە ساڵەکانی ١٣٢٠ بەملاوە، بزووتنەوەی خوێندکاری شکڵێکی جیدیتری بەخۆوە گرت؛ بەڵام بە گشتیی دەتوانین بڵێین ڕەوتی ڕوولە گەشەی چەپ و پێشکەوتنخوازی لە زانستگاکانی ئێران کە ئەو کات زیاتر لە ژێر کاریگەری ڕێکخراوی خوێندکاری حیزبی تودە چالاکی دەکرد، لەدوای قەدەغەکردنی چالاکییەکانی حیزبی تودە و پاشانیش پشتیوانی ئەو حیزبە لە باڵی ڕادیکاڵی کۆماری ئیسلامی، زیانێکی گەورەی بەرکەوت و ئەم بێ هیواییە کەلێنێکی گەورەی فکری لە زانستگاکانی ئێراندا دروستکرد، لە ساڵەکانی ١٣٤٠ی هەتاوی بەملاوە شێوەی خەباتی چریکی جێی خۆی لە ناو خوێندکاران و زانستگاکان دا کردەوە. و تا ساڵەکانی سەروبەندی ئینقلابی ١٣٥٧، کێشە و ململانێی نێوان دوو ڕەوتی چەپ و ئیسلامی لە زانستگاکان درێژەی بوو کە پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی بێ بەزەییانەی حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان لە ئێران و بە تایبەت لە زانستگاکان، چالاکی خوێندکارانی چەپ و ئازادیخواز لە زانستگاکانی ئێران کەم ڕەنگ بۆوە و کۆماری ئیسلامی بە زەقکردنەوەی درووشمی دژە ئیمپریالیستی تا ڕادەیەک هەوڵی پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییەی دا. بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ژێر ناوی ئینقلابی فەرهەنگی، هەوڵی بە دەستەوە گرتن و کۆنتڕۆڵ کردنی زانستگاکانی دا، کە ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم ڕژیمەوە تا پێش ڕووداوەکەی ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی، شایەدی بێ دەنگی بزووتنەوەی خوێندکاری و کەمترین بەشداری خوێندکاران لە پرسە سیاسییەکانی کۆمەڵگای ئێران دابووین، ناڕەزایەتیی خوێندکارانیش کە لەم ساڵانەدا کرا لە کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی دەیان کەسی تێنەپەڕی کە ئەویش هۆکارەکەی داخوازی سینفی خوێندکاران بوو.
گرینگی ڕووداوەکەی ١٨ی پووشپەڕی کوی زانستگا تاران، لەوەدا بوو کە هەم ڕووداوێکی سیاسی بوو و هەم جارێکیتر خوێندکارانی لە ڕوویەکی دیکەی دەسەڵاتی سیاسی حاکم بێ هیوا کرد.
هەڵوێستی دژە خوێندکاری ئیسلاحخوازانی ناو دەسەڵات هاوتەریب لەگەڵ بناژوێخوازان و پاساو هێنانەوە بۆ کارەساتەکەی کوی زانستگا تاران و سەرپۆش کردنی، بوو بە سەرەتایەک بۆ خولێکی نوێ لە چالاکییەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی هەموو ساڵێکی خوێندکاران لەم ڕۆژە و بەشداری بەرینی خوێندکاران لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨، بەرهەمی ڕووداوەکەی ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاویی بوو؛ ئەوەش بڵێین لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ١٣٨٨ی هەتاوی کە خوێندکاران ڕۆڵێکی چالاکیان تێدا گێڕا، کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی شەپۆلی دووهەمی شۆڕشی فەرهەنگی مەیدانی زیاتر لە جاران بۆ چالاکی خوێندکاران قەتیستر کردەوە. دوا نموونەی بەشداری چالاکانەی خوێندکاران لە خولی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، پێگەیشتوویی بزووتنەوەی خوێندکاری جارێکیتر نیشان دایەوە.
ئەمساڵ، لە کاتێکدا یاد لە ١٨ی پووشپەڕ دەکەینەوە کە بزووتنەوەی خوێندکاری وەک باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی ئێران، پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە و بە درووشمی سیاسی، چەپ و پێشکەوتنخوازانە و وێڕای خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی ئێرانی وەک ڕێگەچارەیەک بۆ بونیاتنانی دێمۆکراسی و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەری کردووەتە ئامانجی بزووتنەوەکەی.
پێشەنگ بوونی خوێندکاران لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو ئاماژەیەکە بەوەی کە بزووتنەوەی خوێندکاری وەک ڕابردوو خۆی بۆ بەشدارییەکی چالاکانەتر لە گۆڕانکاریی سیاسی داهاتووی ئێران ئامادە و فۆرمولە کردووە.
لە یادی ٢١ ساڵەی ڕووداوە خوێناوییەکەی ١٨ی پووشپەڕی کوی زانستگا تاران، جارێکیتر ڕێز لە فیداکاری هەموو ئەو خوێندکارانە دەگرین کە لە ڕیزی پێشەوەی سەنگەری بەرەنگاربوونەوە دژی کۆنەپەرەستی و دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی گیانیان بەخت کرد یا زیندانیان کردە قەڵایەک بۆ وەستانەوە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی؛ ئەو ڕژیمەی کە سەرچاوەی هەموو زوڵم و زۆر و گەندەڵی، سەرکوت و سانسۆرە و مەشروعیەتی تەواوی لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە دەست داوە، بەرەو ڕووخان و لەناوچوون دەچێت و خوێندکارانیش وەک توێژێکی کاریگەر و خوازیاری گۆڕانکاری لە کۆمەڵگا، دەتوانن تین و تەوژمێکی دیکە ببەخشن بەم بزووتنەوەیە.