بەرگری ڕەوا و وەستانەوەی گەلی کورد

بەرگری ڕەوا و وەستانەوەی گەلی کورد


ئەردەڵان فەرەجی

گرینگترین بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی کە تێیدا "بەرگری ڕەوا"ی وەک مافی سرووشتی بەڕەسمی ناسیوە، جاڕنامەی گەردوونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە تایبەتی ماددەی ٥١ ئەو جاڕنامەیە. بە پێی ئەو ماددەیە لە ئەگەری ھێرشی چەکدارانە و سەربازی بۆ سەر ئەندامێکی ئەو رێکخراوەیە، تا ئەو کاتەی کە ئەنجوومەنی ئاسایش ھەنگاو و ھەوڵی پێویست بۆ سەقامگیری و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایش دەدا، مافی بەرگری تاق و کۆ بۆ ئەو وڵاتەی کە ھێرشی کراوەتە سەر بە ڕەسمی ناسراوە.

ئەوەی لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ ڕوویدا، هێرش بۆ سەر خەڵکی کوردستان بە فەتوا و فەرمانی ئایەتوڵڵایەک بوو بە ناوزەد کردنی خەڵکی کوردستان بە "کافر" کە بە پێی شەرعی ئیسلامی، ماڵ و نامووس و هەموو شتێکیان "حەڵاڵ"ـە بۆ "موسوڵمان"ـەکان و لە وەها دۆخێکدا کە گەلی کورد لەگەڵ هێرشێکی هەمە لایەنەی دڕندەی ڕژیمی تاران بەرەوڕوو بوویەوە، بڕیار وەستانەوە و بەرەنگاری دا و تا ئەم ساتەش گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە وەستانەوە و بەرەنگاری دایە.

ڕەنگە توانای بزووتنەوەی کورد کە لە لایەن حیزبە سیاسییە ڕیشەدارە جەماوەرییەکانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، لە بواری سەربازی لەو بەرەنگارییەدا پاشەکشەی پێکرابێ، بەڵام "بەرەنگاری" لە باقی بوارەکانی دیکە هەر لە سیاسەت، کولتوور و ... لە هەناوی کۆمەڵگای کوردستان دژی داگیرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە.