ژنان وەکوو هێزی سەرەکیی گۆڕانکاریی سەردم و هاوکات پاشنە ئاشیلی بیری چەقبەستوو

ژنان وەکوو هێزی سەرەکیی گۆڕانکاریی سەردم و هاوکات پاشنە ئاشیلی بیری چەقبەستوو


چاوخشاندنێکی کورت بەسەر تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و بینینی ژیانی خەڵک و هەڵسەنگاندنی لە هەموو ڕەهەندەکاندا، ئاستی کاولکاری و رووخانی کۆمەڵگای ئێران لە کۆی بەستێنەکاندا بەزەقی ئەخاتە پێش چاومان. هیچ پێویست ناکات کە ئێمە شرۆڤەکار یان لێکۆڵەر و پسپۆڕ و شاڕەزای بوارێک بین لە بەر ئەوەی ڕاستیەکان هێندە زەق و ڕاشکاون کە کەس ناتوانێت حاشایان لێ بکات.

باسکردن یان لێدوان لە دانە بەدانەی ئەو دیاردە دزێوانە دادەنێین بۆ هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی خوێنەرانی بەڕێز و ئێمە تەنیا لەم مەجالەدا سەرفەسڵێک ئەکەینەوە بۆ تەنیا یەکێک لەو بابەتانەی کە هەم تووشی بووە بە تووشی کۆماری ئیسلامی و بیری چەقبەستووی هاوشێوە و هاوتەریبیەوە و هەم ئەو شێوەڕوانینە چەقبەستووە تووشی هێزی ڕاماڵەری هەڵتەکێنەری خۆی هاتووە. ئەو هێزەش یەکێک لە سەرەکیترین هێزەکانی سەردەمە کە لە ئەگەری وشیاربوونەوە هاتنە مەیدان، بەهێزترین و کارامەترین پوتانسیلی گۆڕان و گۆڕانکاریی سەردەمە بەتایبەت لە ئاست بنەماخوازی و کۆنەپەرەستییدا.

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەرزاندنیەوە بە پشت بەستن بە نەریتی دواکەوتوو و پیاوسالارانە و دەق و بڕیارە ئایینیەکان، یەکێک لەو بەستێنە سەرەکیانەی هەڵیبژارد و چووە مەیدانی شەڕ و ململانێەوە، مەیدانی شەڕ بە دژی ژنان بوو.

خۆشباوەڕیی ساویلکانە و درۆشمی قەبەی هەڵخڕێنەری هەڵفریوێنەر و تووش بوون بە هەڵامەتی هاتنەمەیدانی ئێحساسات ئەو هێزە بەرینە بوو کە خوێنی پۆمپاژ کردە ناو ڕەگەکانی دڕندەترین و سامناکترین شێوازی دەسەلاتدارەتیی ئایینی و ژیانی پێ بەخشی، بەڵام لە یەکەم پەلامارەکاندا هێرشی کردە سەر ژنان و ناردنیە گۆشە چێشتخانە و ئەرکی خزمەتکاریی ناوماڵ و خزمەتکردن و منداڵ هێنان و بەخیوەکردن و پێدانی خزمەگوزاریی سێکسی بە پیاوان پێ بەخشین.

ئەو سیستمە لە یەکەم رۆژەکانەوە بەپێچەوانەی سەرجەم دروشمەکانی خۆی، سەرەڕای بەرتەسک کردنەوەی کۆی ئازادیە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیەکان. هێرشی بردە سەر هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، پیشەیی، ئایینی، ئەدەبی، خوێندکاری، ڕەگەزی و هتد.

یەکێک لەو توێژانەی کە کەوتە بەرشاڵای ئەو دەسدرێژی، پێشێلکردن و سەرکوتانە، نیوەی کۆمەڵگا واتە ژنان بوون. ئەو شێوەهەڵس‌وکەوتەی کۆماری ئیسلامی تەنیا تایبەت بەو سیستەمە نیە بەڵکوو پشتی‌بەستووە بە دەق و بڕیارە ئایینیەکەن. بۆ وێنە کاتێک لە سوورەتی نیسا باسی أن ئەکرێت، ژن نەک خاوەن کەسایەتیەکی سەربەخۆ بەڵکوو بەشێک لە جەستەی پیاوە. بۆ نموونە لە هەمان سوورەت و لە ئایەتی یەکەمدا ئەڵێت : خەڵکینە لە خوا بترسن، ئەو پەروەردگاری کە ئێوەی لە تاکە کەسێکەوە خولقاند و لەو تاکە‌کەسەش جووتی خۆی بەرهەم‌هێنا.

واتە هەرلە سەرەتاوە ژن خاوەنی کەسایەتیکی سەربەخۆنیەوە و بەشێک لە پێکهاتەو تەنانەت جەستەی پیاوە. جا بە پێی ئەودەقە سەرجەم ئەودەسەلاتانە و ئەو بیرۆکەیە بە گشتی ژن ئاوا چاولێ ئەکەن و ئەیبینن. بۆیە ژن لە ژێر چارشێو و ڕووبەندەدا حەشاردرا، لە خوێندن و زانست بێبەش‌کرا، بووبە ژێرچەپۆکەی باوک و برا، کرایە کۆیلەی مێرد و لە تەمەنێکی دیاری‌‌کراودا و بۆ ماوەیەکی دیاری‌کراو کاڵای لووکسی پیشانگاو ویترینی بازاڕەکانە.

لە باسی دوور و درێژی مێژوویی و هێنانەوەی نممونە باسکراوەکان خۆ ئەبوێرین و سرنجی هەمووان بۆلای شێوازی هەڵس و کەوتی کۆماری ئیسلامی وەکو ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو شێوازە لە ڕوانین و هەڵس و کەوت لەگەڵ ژنان ڕائەکێشین.

هەرچەندە هەتا زۆرلەو بارەوە باس بکرێت هێشتا هەر کەمە، بەڵام چاوخشاندنێک بەسەر یاساکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ژن‌دا، زۆر ڕاستیی تاڵمان بۆ ئاشکرا ئەبێت. پێشێلکردنی مافی ژنان و ئاستی پلەبەندیی ژن لە سەرجەم ڕەهەندەکاندا وەکوو جل و بەرگ، شێوازی خۆڕازاندنەوە، ناوەندەکانی‌خوێندن، کۆمەڵگا، سەفەرکردن و هاتوچوو، کار و پیشە، ژیانی هاوبەش، یاساکانی بنەماڵە، زاوزێ و بەخێوکردنی منداڵ، میرات و بەش، دادگاکانی کێشەی یاسایی،جیابوونەوە و سەرپەرشتیی منداڵ، سەربەخۆیی ئابووری و دەیان بابەت و باسی‌تر ئەو بوارە یاساییانەن کە بە پێی یاسا مافی ژنان بەئاشکرا پێشێل ئەکرێت.

شایانی باسەکە مێردەزمەیەکیتر بەناوی کەلتوور و داب‌و‌نەریت و پیاوسالاری باسکی کرداری و بەکردەوەیی کردنەوەی ئەویاسایانەن و ئینجا بە پێی تام و ترش و خوێ کردنی خۆیانەوە کە بەپێی یاسا ڕێگەپێدراون. لە هاوهەنگاوی و هاوکاریی نەریت و یاسا ڕچە بۆ هەر هەڵوێستێک بەرانبەر بەژنان ئەشکێت و رێگای بۆ خۆش ئەکرێت و بە ئامادە بوونی بەستێن، ڕێگا بۆ پێشێلکاریی بەربڵاوتر بە دژی ژنان هەموار کراوە. لە ئەگەری سکاڵای ژنان لە دەسگای دادوەریی ئێران ئەو شتەی بایەخی پێنادرێت، ژن و ژنان و گرفت و کێشە و تەنگ و چەڵەمەکانیانە.

کاتێک بە پاڵپشتیی یاسا لە کۆمەڵگا و بە پیی عورف و نەریت ژن نە تەنیا مافی بەڵکوو خۆی پێشێل ئەکرێت و یاسا ئاوڕی‌لێناداتەوەو پیاو، بنەماڵە و کۆمەڵگا لەسەر پرسی ژن و تاوانی ئەنجام‌دراو بەرانبەر بەژن لە درگای پاڵپشتی لە نەریتەوە دێتە مەیدان، ژن هەست بە بێ‌پشتیوانی و بێ‌پاڵپشتی ئەکات و ڕێگای ڕزگار بوون لە چەند لیتر نەوت یان یەک دوومیترێک تەنافدا ئەبینێتەوە. لە ناو توێژی مام‌ناوەند و بەرەو سەرەوەتر لە بەر دۆخی ئابووری، رێگا چارەکە جیاوازترە بەڵام لە ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگادا، پەنابردن بۆ خۆسووتاندن و خۆکوشتن بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە. ئەگەر ڕۆژانە چاوێک لە هەواڵەکاندا بگێڕین، بەداخەوە ئەو دیاردە سامناکە لە ناوچە هەژارنشینەکاندا رێژەیەکی بەرچاوی جێگای مەترسیە. دۆخی ئابووریی ئەمڕۆش بەلەبەرچاوگرتنی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی، هاندەری ئەو بابەتەیە. ڕیگایەکیتر کە بە پشتبەستن بەیاسا بۆ ژن و کچ کوشتن هەموار کراوە، ئەنجامی تاوان لە لایەن هەرکام لە ئەندامانی بنەماڵەوە بێت باوک وە ئەستۆی ئەگرێت و بە بیانووی شەرەف و پاراستنی شەرەفی بنەماڵەوە خۆی لە سزا دەرباز ئەکات، یان زۆر جار تاوانەکە ئەخەنە ئەستۆی قوربانی و ئەڵێن خۆی کوشتووە و بکوژ و تاوانبار لە بینینی سزا ئەپەڕێتەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا بابەتێکی دڵخۆشکەر وروژێندراوە کە ئەویش وشیاری و هاتنە مەیدانی ژنانە. ژنان بە داهێنانی شێوازی نوێ لە خەبات و بەرنگار بوونە لە گەڵ کۆنەپەرستی نیشانیان‌داوە و سەلماندوویانە کە هێزی دیاری کەری ڕەوتە کۆمەڵایەتیەکانن. ئەوان توانیویانە بە لەپێشگرتن و ئەنجام‌دانی تووردانی چارشێو و لەچک و دووربینی مۆبایلەکانیان، تەنیا بە پشت بەستن و بەو دووئامرازە و بەورەوە بێنەمەیدان و دڕندەترین دەسەڵاتی کۆنەپەرستی سەدەی هاوچەرخ تووشی دەردیسەریی جیدی بکەن. بۆیە پێویستە ژنان لە باتی پەنا بردنە بەر خۆسووتاندن و خۆکوشتن، لێبڕاوانە بێنە مەیدان و لە بەرانبە نەریت و یاسای پاڵپشتی کە کۆماری ئیسلامیە بوەستن و دەسەڵاتی چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن. پێویستە لە یەک بابەت دڵنیابین و ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر نەریت یاسای پاڵپشت و پارێزەری نەبێت، بەتەنیایی هیچی بۆ ناکریت و تۆماتی ژیانی ئەپێچرێتەوە لە ناو ئەچێت. بۆیە ئەرکی سەرشانی ژیان و ئەویندارانی ژیانە کە لە پێناوە پێچینەوەی رێخۆشکەر و داڵدەدەری ڕمبازێنی نەریت هۆکاری نەهامەتی و نەهات کە یاسا کۆنەپەرستانەکانی کۆماری ئیسلامیو خودی ئەو ڕژیمەیە، یەکگرتووانە بینە مەیدان و جارێک و بۆ هەمیشە سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانمان بسڕینەوە و بیخەینە زبڵدانی مێژووەوە.