بەستێنەکانی دروستبوونی کۆمەڵە

بەستێنەکانی دروستبوونی کۆمەڵە

هەر حیزب یان رێکخراوێکی سیاسی وەک پەیکەرەیەکی زیندوو لە کۆمەڵگا کاردەکات و بێگومان ئەم کۆمەڵە فاکتەرە کاریگەرن لە دروستبوون و شکڵ گرتنی وەها پەیکەرەیەک. دەکرێت ئەو فاکتەرە کاریگەرانە بە هاندەرەکان ( Motives) ناوی لێ ببەین. هاندەرەکان لە راستییدا هۆکارن بۆ ئەوەی تاقم یان گرووپێک خەڵک لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوەو بیر لە دروستبوونی حیزب یان رێکخراوێکی سیاسی بکەنەوە.

حیزب یان رێکخراوی سیاسی بە ئۆرگانیزاسیۆنێک دەوترێت کە کە ئەندامەکانی ئەو ئۆرگانیزاسیۆنە خوازیاری کۆنتڕۆڵی بونیادی دەسەڵاتن لە کۆمەڵگا یان ئەوەیە دەیانهەوێت کاریگەری لەسەر دا بنێن. حیزبی سیاسی بە "ویستێکی هاوپەیمان یان رێکخراو" دەوترێک کە بە مەبەستێکی دیاریکراو و بۆ ئامانج و ویستێکی دیاریکراو لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوەو کۆمەڵێک پنتی هاوبەش ئەو کەسانە لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە. بێگومان ئەو پنتە هاوبەشانە کۆمەڵێک هاندەر یان پێویستی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی پێکی دەهێنێت. لەم رووەوە ئەگەر بمانەوێت باس لە هاندەرەکان یان دەشکرێت بە هۆکارەکانی دروستبوونی کۆمەڵە باسی بکەین دەکرێت بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز ئاماژە بدەین کە کاریگەر بوون لە سەر دروستبوونی حیزب و رێکخراوێکی سیاسی، کە سەرەڕای هەموو کێشە و کەند و کۆسپەکان ئەوە بۆ زیاتر لە ٤ دەیەیە درێژە بە ژیانی سیاسی خۆی دەدات و لە مێژووی کوردستان و بەتایبەت لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا یەکێکە لە دیارترین ئۆرگانیزاسیۆنەکان کە کاریگەری بووە لە سەر سیاسەتی ئەم پارچەیە.

کە باس لە چەمکی کاریگەری دەکەین لە سەر هەر کەس یان گرووپ یان ئۆرگانیزاسیۆنێک، دەتوانین باس لە دوو جۆر بکەین. کاریگەری راستەوخۆ(Direct Effect ) و کاریگەری ناراستەوخۆ(Indirect Effect).

کاریگەری راستەوخۆ، ئەو فاکتەرانەن کە تاک یان گرووپ یان ئۆرگانیزاسیۆن بە شێوەی راستەوخۆ پەیوەندی هەیە لەگەڵیان و بە ئاگاهیەوە ئەو کاریگەرییانە وەردەگرێت.

کاریگەری ناراستەوخۆ، کۆمەڵێک روودا یان نۆرمن کە زۆر جار بە شێوەی ناوشیارانە یان وشیارانە تاک یان گرووپ یان ئۆرگانیزاسیۆنەکان دەخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە.

ئەو هۆکارانەی کە بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاریگەرییان بووە لە سەر لەبار کردنی بەستێن بۆ دروستبوونی کۆمەڵە بە دوو بەشی سەرەکی دابەش دەکەین:

١: بەشی دەرەکی

٢: بەشی ناوخۆیی

بەشی دەرەکی بەو فاکتەرانە جیهانی و نێونەتەوەییانە دەوترێت کە کاریگەرییان بووە لە سەر ئەوەی کۆمەڵێک گەنجی خوێندکاری زانکۆ بەو قەناعەتە بگەن رێکخراوێک بە وەها تایبەتمەندییەکەوە کە هەموومان دەیناسین و دواتریش دەکرێت باسی بکەم دروست بکەن.

ئەم فاکتەرە دەرەکیانە یان نێونەتەوەییانە کاریگەر بوون لە سەر شکڵ گرتنی روانگە و دنیا بینی ئەو کۆمەڵە گەنجانە.

١: شۆڕشی خوێندکاری ١٩٦٨ فەرانسە:

بێگومان بزووتنەوەی مانگی مای ١٩٦٨، یەکێکە لە بزووتنەوە دیارەکانی سەدەی بیستەم کە دوای جەنگی جیهانی دووهەم روویدا.

لەم مانگەدا فەرانسە گۆڕانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینی کە دەتوانین بڵێین لە سەردەمی کۆمۆنی پاریسەوە لە ساڵی ١٨٤٨بەم لاوە بێ وێنە بووە. لە ماوەیەکی کورتدا و تەنها لە چەند رۆژدا بزووتنەوەیەکی گەورەی خوێندکاری- کرێکاری ئابووری فەرانسەی تووشی کێشەی گەورە کرد و بەوە دەچوو کە دەوڵەتی فەرانسە بڕووخێنیت. هێزی بزوێنەری ئەم رووداوەخوێندکارانی زانکۆکانی فەرانسە بوون.

لەم ساڵانەدا وەک وڵاتانیتری رۆژئاوایی لاوانی فەرانسە تا ئاستێکی زۆر سیاسی ببوونەوەو سیاسەت ببوو بە کەڵکەڵەیان. جەنگی ئەلجەزایر لە دەیەی ١٩٥٠ بە هۆی داگیرکاری فەرانسەوە ناڕەزایەتییەکانی زیاتر کردبوو. پۆلیس بە توندی رووبەڕووی خۆپیشاندانە خوێندکارییەکان بوەوەو ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی کە رووبەڕوو بوونەوەیەکی راستەوخۆ ڕووبدات لە نێوان پۆلیس و خوێندکاراندا. بێرتۆلۆچی لە دیمەنی کۆتایی فیلمی (Dreamers)دا زۆر جوان ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیە بە وێنا دەکێشێت.

ماهیەتی بزووتنەوەی مای ١٩٦٨ ماهیەتێکی چەپ بوو. کاریگەری مانیفێستی کارل مارکس بە سەر ئەم بزووتنەوەیە دیار بوو. بەڵام بە گشتی رەوتی جیاوازی چەپ لەم خۆپیشاندانەدا دەوریان هەبوو. هەندێکیان ترۆتسکیست بوون و ژمارەیەکیان لنینیست و ژمارەیەکیان مائۆئیست و بەشێکیشیان ستالینیست و بە گشتی روانینە جیاوازە چەپەکان لەم خۆپیشاندانانەدا دەبینران. هەرکام لەم قوتابخانە جیاوازە فیکرییانە ژمارەیەک لە خوێندکارانی بزووتنەوەی مای ١٩٦٨ یان لە گەڵ خۆیان خستبوو.

ماهیەتی مای ٦٨ ماهییەتێکی شۆڕشگێڕانەبوو، بە شێوەیەک کە دەکرێت مای ١٩٦٨ بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سەدەی بیستەم بزانین. مای ٦٨ دژ بە سیستەمی داخرانی سیاسی، سیستەمی ئابووری، سیستەمی باوکسالاری و پاتریاکی بوو. بە گشتی دەیویست " ئەوی پتەو و بەستووەو بە دووکەڵ و هەبا ببێت."

٢: جەنگی ڤیەتنام:

جەنگی ئەمریکا لە ڤیەتنام هەڵخڕینەرو هاندەری دروستبوونی گەورەترین و جەنجاڵیترین بزووتنەوەی دژە جەنگ بوو لە مێژووی ئەمریکا. جەنگی ڤیەتنام ساڵی ١٩٥٥ دەستی پێکرد. بەڵام تا ئەو کاتەی کێندی لە سەر کار بوو نەیدەویست راستەوخۆ ئەمریکا بەشداری ئەم جەنگە بکات. کێندی ساڵی ١٩٦٣ تیرۆر کرا. بۆیە تا ئەو کاتەی کێندی لە سەر کار بوو ئەمریکا دەخاڵەتی نەکرد لە جەنگی ڤیەتنامدا، بەڵام جەنگی ڤیەتنام بۆ ئەمریکا بە بۆمبارانی ڤیەتنامی باکوور لە ساڵی ١٩٦٤ دەستیپێکرد و دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤیەتنام ئەم جەنگە فەراوانتر بۆوە. پەرە سەندنی جەنگ بوو بە هۆی دروستبوونی بزووتنەوەیەکی فەراوان لە ناوخۆی ئەمریکا و دەرەوەی ئەمریکاش دژ بە جەنگی ڤیەتنام. چەپ و مارکسیستەکان دەوری کاریگەریان هەبوو لە ڕێکخستنی بزووتنەوەی دژە جەنگی ڤیەتنام . فیلمی (ڤیەتنام عەشقی من) یەكێکە لەو فیلمە دیکۆمێنتاری و سەرکەوتووانانەی کە لەم بوارەدا بەرهەم هاتووە، ئەم فیلمە لە لایەن رووماننووس و نووسەر (مارگریت دۆراس)ەوە بەرهەم هاتوەو بەشێکە لە ئەدەبیات و هونەری دژە جەنگ کە چەپەکان و ئانارشیستەکان لەم بوارەشدا زۆر چالاک بوون.

٣: بزووتنەوە چریکییەکانی ئەمریکای باشوور

بزووتنەوە چریکیەکان لە ئەمریکای لاتین لە دەیەی ٥٠ بە دواوە کۆمەڵێک بزووتنەوەی دژە ئێمپریالیستین کە ماهیەتی چەپیان هەیە. قسەیەک هەیە دەڵێت: " مەکزیک ئەوەندە بێچارەیە لە ئەمریکاوە نزیکە." ئەم قسەیە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و لەوانە گواتامالا و کووبایش دەگرێتەوە. بە پێچەوانەی باری جوگرافیایی کە نزیکن لە ئەمریکا، ماهیەتی ئەو بزووتنەوانەی لەوێ سەریان هەڵداوە دژە ئەمریکایی و چەپ بوون. ساڵی ١٩٥٢ هێزێکی نوێی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکای لاتین سەری هەڵدا. سەندیکای کرێکارانی کانگاکانی بولیڤی. ئەم سەندیکایانە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا پشتیوانیان لە ڤیکتۆر پاز ئێستنسرۆ کرد . بەشیکی بەرچاو لە کرێکارانی کانەکان لە رێگای فێدراسیۆنی کرێکارانەوە بە ڕێبەری خوان لۆچین ڕێک دەخرێن. لێرەوە ترۆتسکیستەکان لە ئەمریکا جێگای خۆیان کردەوە.

بە گشتی لە دەیەی ١٩٥٠ بە دواوە ئەمریکای لاتین و بە تایبەت، پێرۆ، شێلی، مەکزیک، کووبا، گواتمالا، ڤێنزۆئێلا، ئاڕژانتین و ... ژمارەیەکی زۆر رەوت و جووڵەی چەپ و زۆرجاریش چریکی بەخۆوە بینی. دیارترین کەسایەتی ئەم بزووتنەوە چریکیانە ئەرنیستۆ چێگوارا و فێدل کاسترۆ بوون کە سەرەنجام کاسترۆ بوو بە سەرۆک کۆماری کووبا و چێگواراش لە بوولیڤی بە هۆی پلانی داڕێژراوەی CIAلە شەڕ لە گەڵ ئەرتەشی بوولیڤی گیانی لەدەستدا. کەسایەتی کاریزمایی چێگوارا کاریگەری زۆری هەبوو لە سەرهەڵدانی بەشێک لە بزووتنەوە چریکی و چەپەکان لە دونیا.

٤: شۆڕشی چین

ساڵی ١٩٤٩ شۆرشی چین بە سەرۆکایەتی مائۆ تێسێ تۆنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. سەرکەوتنێک کە بوو بە هۆی پەرەسەندنی زیاتری ئایدیای مائۆیسم . مائۆیسم لە دەیەکانی ١٩٥٠، ١٩٦٠ و ١٩٧٠دا کاریگەری زۆری هەبوو لە سەر بەشێکی زۆر لە بزووتنەوە چەپەکانی دونیا و بە تایبەت وڵاتانی جیهانی سێهەم.

٥: گوتاری چەپ وەک گوتارێکی گلۆباڵ

بێگومان گوتاری چەپ لەو سەردەمەدا گوتاری زاڵ بوو، گوتارێک کە سەرجەم حەرەکەتە شۆڕشگێڕ و عەداڵەتخواز و یەکسانیخوازەکانی لە دەوری خۆی کۆ کردبۆوە. سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان لە ناو رەوتە چەپەکاندا، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانە ئێرانیش زیاتر بە سەر دوو بەرەدا دابەش دەبوون. بەرەی یەکیەتی سۆڤیەت و بەرەی چین. کۆمەڵەش وەک رەوتێک بەدەر نەبووە لەو شەپۆلە گەورە فیکرییەی کە بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و چریکەکانی گرتبۆوە، ئەم رەوتە کاریگەری بزووتنەوە چریکیەکانی دەیەی ١٩٥٠-١٩٦٠ ئەمریکای لاتین و شەپۆلە چەپە خوێندکارییەکانی فەرانسە و زۆر جووڵەیتری جیهانی و ناوخۆیی لەسەر بوو. لە هەمانکاتدا بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان، جۆری ژیان و ئاستی وشیاری کۆمەڵگا، وایکرد کە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە زیاتر لە بەرەی چین نزیک بنەوە بۆ کارکردن لە ناو کۆمەڵگا و لەم بوارەشدا سەرکەوتنی زۆریان بە دەستهێنا، هەرچەند دواتر هەوڵیاندا خۆشیان لەم بەرەیە دوور بگرن و دوور بخەنەوە.

فاکتەرە ناوخۆییەکان:

ئەوەی تا ئێستە باسیکرا بەشێک بوو لەو فاکتەرە جیهانی و دەرەکیانەی کە کاریگەرییان هەبووە لە سەر سەرهەڵدانی کۆمەڵە و زۆر رەوتی چەپ لە دونیا. بەڵام بێگومان کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆییش هەبوون کە دەوری بەرچاویان هەبووە لە سەرهەڵدانی ئەم رەوتە .

١: رێفۆرمی زراعی ( کشت و کاڵی) کە بە شۆڕشی سپی ناوی دەرکردوە.

پێش لە ریفۆرمی زراعی لە ئێران ، ٥٠ لە سەدی زەوی کشت و کاڵ بە دەستی ماڵک و فیودالەکانەوە بوو، ٢٠ لە سەد بە دەستی ئەوقافەوەو ١٠ لە سەدی زەوی دەوڵەتی بوو. بەم شێوەیە تەنها ٢٠ لە سەدی زەوی ئیران بە دەستی وەرزیرەکانەوە بوو. پێش لە ریفۆرمی زراعی ناوی ١٨٠٠٠ گوندیان هێنا کە دەبوایە زەوییەکانیان بە سەر وەرزێرەکاندا دابەش بکرایەت. حەمە رەزای شای پەهلەوی ساڵانێکی زۆر باسی لە گرینگی و پێویستی ریفۆرمی زراعی دەکرد بەڵام لە بەر گوشاری فیۆدالەکان و رۆحانییەکان ناچار بوو کە ریفۆرمی زراعی بخاتە دواوە.

ساڵی ١٣٣٨ ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٥٩ ، حەمەرەزاشا رازی بوو کە دەست بکات بە ریفۆرمی کۆمەڵایەتی – ئابووری. هەر بۆیە داوای لە مەنووچێهر ئێقباڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات کرد کە رەشنووسی گەڵاڵەی (ڕیفۆرمی زەراعی) ئامادە بکات و بیباتە بەدەم پەڕلەمان. پەسەند کردنی وەها یاسایەک ناڕەزایەتی گەورەی فیۆدال و رۆحانییەکانی لێکەوتەوە ، بەڵام لەو ڕووەوە کە پەڕلەمان لە لایەن حکوومەتەوە کونتڕۆڵ دەکرا، تەنها رێگای رزگاری فیۆدالەکان، پێداچوونەوە بە گەڵاڵەکە و گۆڕانی ئەو گەڵاڵەیە نامومکین بوو. سەرئەنجام ساڵی ١٣٣٩ بەرامبەر بە ١٩٦٠ گەڵاڵەی ریفۆرمی زەراعی لە لایەن پەڕلەمانەوە پەسەند کرا. بە پێی ئەم یاسایە هەر فیۆدالێک دەیتوانی تا ٤٠٠ هێکتار زەوی بەرئاو و ٨٠٠ هێکتار زەوی دێم بۆ خۆی هەڵبگرێت. بە پێی ئەم یاسایەبەرژەوەندی فیۆدالەکانیش دەپارێزرا، بەڵام بەهەر حاڵ ڕیفۆرمی زەراعی گۆڕانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لێکەوتەوە لە ئێران و دەکرێت شۆڕشی ١٩٧٩ بە یەكێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانە گەورە بزانرێت کە لە پێکهاتە و بونیادی کۆمەڵگای ئێران روویدا. ڕووخانی بنەماکانی سیستەمی فیۆدالی و ئەو ئابوورییە داخراوەی کە بەرهەمی ئەم سیستەمە بوو، چوونی ئێران بەرەو بازاڕی جیهانی سەرمایە و پەرەسەندنی بەرچاوی شارنشینی و لەهەمانکاتدا پەیدا بوونی توێژێک کرێکار کە تەنها پشتی بە توانا جەستەییەکانی خۆی دەبەست و رۆژانە حەقدەستی وەردەگرت، کە لە کوردستان بە هۆی نەبوونی بازاڕی کارەوە، واتە کارگە و کۆمپانیاوە روویان دەکردە دەرەوەی کوردستان و زۆرجار کرێکاری وەرزی بوون، پەرەسەندنی خوێندنی ئاکادێمی و خوێندنی باڵا لە کۆمەڵگا ، بە شێوەیەک کە ئیتر وەک رابردوو تەنها چینی ئەریستۆکرات و فیۆدال نەبن کە توانای ئەوەیان هەبێت مناڵەکانیان بنێرنە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، بەڵکوو مناڵان و لاوانی سەر بە چینی مامناوەند و چینی خوارەوەی کۆمەڵگاش بتوانن لە زانکۆکان بخوێنن بوو بە هۆی سەرهەڵدانی توێژێک کە دەکرێت بە توێژی خوێندکار و قوتابی ناویان لێ ببەین.

سەرجەم ئەم گۆڕانانە بوو بە هۆی ئەوەی لانیکەم لە بەشێک لە کۆمەڵگا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕان بەخۆیەوە ببینێت و ئەو چوارچێوە نەریتی و کۆنە بڕووخێت. سیستەمی باوکسالاری بچێتە ژێر پرسیارەوە. ژنان بتوانن بچنە مەیدانی کار یان ناوەندەکانی خوێندن. بە گشتی زۆر گۆڕانیتر لەم سەردەمەدا روویدا.

ئەو کۆمەڵە خوێندکارەی لە زانکۆکان و بەتایبەت زانکۆی تاران کۆ دەبنەوەو دامەزراوەیەک رێکدەخەن بە ناوی کۆمەڵە ، لە یەکەم دەستەکانی ئەو خوێندکارانەن کە لە شارە کوردنشینەکانەوە روویان کردۆتە زانکۆکان و دواتر کەڵکەڵەی دامەزرانی رێکخراوەیەک ئەدا لە سەریان کە بە کۆمەڵە ناو دەر دەکات.

٢: ئەزموونی بزووتنەوەی ١٣٤٧-١٣٤٦

شۆڕشی ١٣٤٧-١٣٤٦ (سمایل شەریفزادە وسولەیمان موعینی و مەلائاوارە و... ) هیوایەکی گەورەی لە دڵی خەڵک دروستکرد. کەسە دیارەکانی ئەم بزووتنەوەیە کەسانێک بوون بە ئایدیای چەپە، بە تایبەت شەریفزادە و موعینی کە دەیانویست گیانێکی تازە بکەن بە بەر حیزبی دیمۆکراتدا و خۆیان وەک ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ پێناسە کرد. ئەوان خوازیاری ئەوە بوون کە بە دەستپێکردنەوەی شەڕی چریکی بتوانن بە خواستەکانی خۆیان بگەن و گەلی کورد بە مافی نەتەوەیی خۆی بگات. بەڵام تەمەنی ئەم بزووتنەوەیە زۆر کورت بوو، هەرچەند بزووتنەوەیەکی زۆر کاریگەر بوو کە دەتوانین بە داینامۆی زیندووکەرەوەی خەبات لە کوردستانی رۆژهەڵات ناوی ببەین. لە بەر ئەوەی دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات تووشی نسکۆیەکی گەورە هات. تێکشکانی بزووتنەوەی ١٣٤٧-١٣٤٦ و لە سێدارەدانی ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە بۆشاییەکی دروستکرد لە کوردستانی رۆژهەڵات، ئەو بۆشاییە پێویست بە پڕ کردنەوە دەکات، بۆیە دەبینین هەر زۆر زوو هەر لە ناو زانکۆوە رەوتێکیتر دەست بەکار دەبێت کە چەند ساڵ دواتر خۆی بە کۆمەڵە پێناسە دەکات.

بێگومان هەموو ئەمانە کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و جیهانی بوون کە کاریگەرییان بووە لە سەر دامەزرانی رێکخراوەیەکی چەپ کە خۆی بە کۆمەڵە دەناسێنێت. لە گەڵ ئەوەشدا لە لە بیرمان بێت ئەو گوتارەی کە لەو سەردەمەدا زاڵ بووە گوتاری چەپ بووە.