بانە/ کوشتنی کاسبکارێکی کورد بە تەقەی چەکدارانی سپای پاسداران

بانە/ کوشتنی کاسبکارێکی کورد بە تەقەی چەکدارانی سپای پاسداران


هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران، لە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوەخۆ ماشینی کاسبکارێکی کوردیان کردە ئامانج و ئەم کاسبکارە دەستاوجێ گیانی لە دەستدا.

بە پێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێڕای "بۆیەن" نزیک بە عوسمان‌ئاوا، ماشینی کاسبکارێکیان داوەتە بەر دەستڕێژی فیشەک و لە ئاکامدا ئەم شارۆمەندە کوردە بە فیشەکی ئەم چەکدارانە گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەم کاسبکارە "یووسف فاتحزادە" تەمەن ٣٧ ساڵ کوڕی مەحموود و خەڵکی شاری بانە ڕاگەیندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران، بێ ئەوەی کە ناوبراو ئاگادار بکەنەوە، بە تۆمەتی هەڵگرتنی باری قاچاخ لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئاوایی "خوڕیاوا" ماشینەکەیان کردۆتە ئامانجی چەکەکانیان. پاش ئەم ڕووداوە شارۆمەندانی شاری بانە تەرمی فاتحزادەیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی شاری بانە کردووە.

شایانی باسە کە، یووسف فاتحزادە هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵە.


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:10:55:18/01/2021