دەرکردنی ٣٠ کرێکار لە پیشەسازی شاری سنە

دەرکردنی ٣٠ کرێکار لە پیشەسازی شاری سنە

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵنێری ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، ساحێبکاری تەعاونی ١٦٣ی پیشەسازی ئاسفاڵتی شاری سنە، ٣٠ کرێکاری بێ هیچ هۆکارێک لەم پیشەسازیە دەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەک، ساحێبکاری ئەم پیشەسازیە لە کاتێکدا بڕیاری دەرکردنی ئەم کرێکارانەی داوە کە پەیماننامەی یەک ساڵەیان، ٣ی مانگی ماوە.

شایانی باسە، کە ئەم کرێکارانە ماوەی ١٠ تا ٢٥ ساڵ پێشینەی کاریان هەیە و بە بۆنەی دەرکردنیان لەم پیشەسازیە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و داوا دەکەن کە بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکەیان، لە وڵام دانەوەی کرێکاراندا، ساحێبکارەی ئەم پیشەسازیە دەڵێت کە؛ دەرکردنی ئەم کرێکارانە کاتیە و پاش ماوەیەک دەیانگەڕێنمەوە بۆ سەر کارەکەیان.

پیشەسازی ئاسفاڵتی شاری سنە، جێگیرە لە ١٥ کیلۆمێتری ڕێگای سنە- کامیاران و ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ئەم ساڵ داخراوە.


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:17:07/01/2021