پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی: یەکەمین ساڵیادی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەر

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی:

یەکەمین ساڵیادی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەر


ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، ساڵێک بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەرێ کە ناڕەزایەتییەکی دیاریکراوی ئابووریی بە خێرایی بوو بە بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەریی و کۆماری ئیسلامی تووشی تەنگەتاوییەکی جیددی کرد. سەرلە بەیانی رۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر ١٣٩٨ی هەتاوی، لە کاتێکدا هەموو خەڵکی ئێران و بە تایبەت دانیشتوانی کوردستان لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ئابووریی چەندین ساڵە دەستەویەخە بوون، بڵاوبوونەوەی هەواڵی چوونەسەری نرخی بێنزین بە ڕێژەی سەرسووڕهێنەری لەسەداسەد کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دادەنا، بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەریی لە شارەکانی ئێران و، خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە تایبەت توێژی هەژار و کەمداهات و ژنان و لاوان بە گواستنەوەی ئەم دەرفەتە زۆربەی شارەکان و، بە دیاریکراوی زیاتر لە ١٦٠ شاری گەورە و بچووکی ئێرانیان کردە گۆرەپانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و ستەمکاری ئیسلامی.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان،کاربەدەستانی ڕژیم کە لەحاند چارەسەری کێشەکە و بوونی وەڵامێکی گونجاو رووبە جەماوەر دەستەوەستان بوون، بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان لەڕێگای بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و نیزامی و لیباس شەخسی و بە پەلامار و هێرشکردنە سەر خەڵکی ناڕازی حەولی سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و کپکردنی دەنگی ناڕازییەکانیان دا. بەڵام سیاسەتی زەبروزەنگی حکوومەت نەتەنیا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو ناڕەزایەتییەکان تەشەنەی سەند و ڕۆژی دواتر واتە ٢٥ی خەزەڵوەر، شەپۆلی خرۆشاوی جەماوەری خەڵک لە شارەکانی کوردستان و باقی شارەکانی ئێران ئەم ناڕەزایەتییە بەرینەی کردە بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی ڕۆشن خەڵکی ناڕازی خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی دیکتاتۆری ئێران بوون.

پانتایی بەرینی خۆپیشاندانەکان و ڕادیکاڵبوونەوەی دروشمەکان و ئامانجی ڕۆشنی بزووتنەوەکە و، بەشداری بەرچاو و کەم وێنەی چین وتوێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کرێکاران، لاوان و ژنان،کارمەندان و کاسبکارانی بازار، بە تەواوی مەترسی لەناوچوون و لەبەریەک هەڵوەشانی سیستم وجوومگەکانی حکوومەتی خستە دڵی دەسەلاتدارانی ڕژیم. هەر بۆیە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمکانات و ئامراز و شێوازی نوێی سەرکوت پەلاماری خۆپێشاندەرانیان دا و لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان ڕیزەکانی جەماوەریان خەڵتانی خوێن کرد. بە سەدان کەس گیانیان لەدەست داو ژمارەیەکی یەکجار زۆر بریندار بوون و بە هەزاران کەس دەستبەسەر کران و بە پیلانگێریی و بە دەستی تاقم وگرووپەکانی گوشار و گۆپاڵبەدەستەکانی سەر بە دام ودەزگا ئەمنییەتیەکانی ڕژیم،گەلێک شوێنی گشتی و ناوەندی خزمەتگوزاری و ئیدارە و ناوەندە مەدەنییەکان تاڵان کران و سووتێندران و، زەرەر و زیانی زۆری ماڵیان پێگەیشت و، قەرەبووکردنەوەی ئەم تاڵانی وزەرەر وزیانەیان خستە ئەستۆی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوەکان.

دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئیسلامی بەرامبەر بەو بزووتنەوە بەرینە جەماوەرییە بەرادەیەک تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ببوون کە لەسەر بڕیاری ڕاستەوخۆی خامنەیی و لە رێگای دەیان هەزارکەس هێزی سەرکوتگەری تەیار بە کەرەسەی پێشکەوتووی سەرکوت و داپڵۆسین هاتنە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەری ناڕازی دەست بەتاڵ و، گۆڕەپانی شارە گەورە و بچووکەکانی ئێران وکوردستانیان کردە کوشتارگە و، لە رێگای هەڵبڕینی هێڵەکانی ئێنترنێت و چاودێری پۆلیسی بەسەر پێوەندییە گشتییەکانی خەڵک، لە هەوڵی کپکردن و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو سەرکوت و ناڕەزایەتیانەدا بوون، بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵەش لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بە ناردنەدەرەوەی گرتەی ویدیۆیی و هەواڵ و زانیاریی لە لایەن خەڵکەوە،کۆماری ئیسلامی لە نێو وڵاتانی دەرەوە و ناوەند و دامەزراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ تووشی ڕیسواییەکی کەم وێنە بوو.

ئەمرۆ لە ساڵیادی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەدا،کۆماری ئیسلامی لە گەڵ گەلێک گرفت و قەیرانی قوڵی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماتیک ڕووبەڕوویە و لە ناوخۆ بارودۆخی داتەپیوی ئابووری و پەلوپۆ خستنی مافیای دزی وگەندەڵی و ئیختلاسی ئابووری لەگەڵ زیادبوون و بەرتەسکبوونەوەی ئاڵقەی گەمارۆکانی ئامریکا ، تەشەنەسەندنی ترسناکی پەتای کۆرۆنا و خاوبوونەوەی ڕەوتی بازار، زۆر زیاتر لە جاران کۆمەڵگای ئێرانی تووشی قەیرانی ئابووری کردووە و باری گوزەرانی خەڵک دژوارتر بۆتەوە. پەراوێزکەوتنی سیاسی و ئابووری ڕژیم، دابەزینی نرخی نەوت و کۆنی ولە کارکەوتوویی بەشێک لە کەرەستەکانی هەڵێنجان و بەربەستە نێودەولەتییەکانی بەردەم هەناردە کردنی نەوتی ئێران، هاتنەخوارەوەی بەرچاوی بەهای تمەن، پەرەسەندنی بێکاری و داخران و ئیفلاسی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، چوونەسەری ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی نرخی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە و بچووکبوونەوەی سفرەی خەڵک، دەستەوەستانی ڕژیم لەحاند پێشکەشکردنی ئیمکانات و خزمەتگوزایی گشتی، پەککەوتنی رەوتی خوێندن و قوتابخانەکان، وڵامدەرەوە نەبوونی بەشی تەندرووستی و پەرەسەندنی گەندەڵی لەو بەشە و بەقاچاغ بردنی دەواودەرمان و پێداویستی خەڵک، سەرهەڵدانی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان و بەرینبوونەوەی هەژاریی و پەرەسەندنی ترسناکی ئێعتیاد و لەشفرۆشی و داڕمانی بەها کۆمەڵایەتییەکان وهتد و، بوونی ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان بەرامبەر بەو بارودۆخە نیشان دەدەن کە ئاخێزی جەماوەریی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەهێزی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو دانەمرکاوە و کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو لە ئەگەری دەرفەت و بواری گونجاو و لەباردا زۆر بە هێزتر لە ساڵی رابردوو دێتەوە مەیدان و ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ مەترسی جیددی بەرەوڕوو دەکا. دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئیسلامی بە هەستکردن بەو ڕاستییە و لەگەڵ نزیکەبوونەوەی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانە پرشکۆیەکانی جەماوەر، لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە لە حەولدان بە قواستنەوەی بارودۆخی شارەکان بە هۆی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پێشگرتن لە کۆڕوکۆبوونەوەی جەماوەریی و، بە خزاندنی هێزی چەکدار و ملیتاریزەکردنی شارەکان و دانانی خاڵی پشکنین و چاوەدێری وردی هاتوچۆی جەماوەر،پێش بە ئەگەری سەرهەڵدانی هەرجۆرە نارەزایەتییەک بگرن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە یەکەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شکۆمەندانەی بزووتنەوەی جەماوەریی مانگی خەزەڵوەردا ڕێزدەگرێ لە یادی ئازیزی هەموو گیانبەختکردووانی ئەو بزووتنەوەیە و سڵاو دەنێرێ بۆ بنەماڵەی سەربەرزیان. ڕێز دەگرێ لە ئیرادە و خۆڕاگریی زیندانیان و دەستبەسەرکراوانی ئەو بزووتنەوەیە و وێرای مەحکووم کردن و بە ڕەسمی نەناسینی هەر جۆرە سزایەک کە لە بێدادگاکانی ڕژیم بەسەریاندا سەپێندراوە، بە هەموو تواناوە تێدەکۆشێ بۆ لە قاودانی سیاسەتی دژەمرۆیانەی ڕژیم و دەستەبەرکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی و وەگەرخستنی کەیسی رووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر و پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە لە هەموو توانا و ئیمکاناتی خۆی کەڵک وەرگرێ. لەم ساڵیادەدا کۆمەڵانی خەڵکی دەرفەت بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەدەن کە لە گەڵ دونیای دەرەوە سات و سەودا لە سەر مافەکانیان بکرێ. لەو پێناوەشدا وێرای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی سێ رێکخراوی مەدەنی "پێکەوە لە دژی ئێعدام"، "دادپەروەری بۆ ئێران" و"مافی مرۆڤی ئێران" هاودەنگ لە گەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەو ناڕەزایەتیانە و باقی قوربانیەکانی دەستی تێرۆر و تۆقاندنی ڕژیمی ئیسلامی تێدەکۆشێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی

١٦ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی


ئه‌م بابه‌ته 155 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:12:16/11/2020