خامنەیی جارێکی دیکە جەختی کردە سەر بەردوام بوونی پڕۆگرامی موشەکی و ناوچەیی

خامنەیی جارێکی دیکە جەختی کردە سەر بەردوام بوونی پڕۆگرامی موشەکی و ناوچەیی

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، جارێكی دیکە جەختی کردە سەر گرینگی لە سەر بەردەوام بوونی پڕۆگرامی موشەکی و ناوچەیی کۆماری ئیسلامی و هەندێك کەسی نادیاری ناوخۆیی بە ((ترسەنۆک)) ناوبرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ ڕەزبەر، لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ ڕێوڕەسمی زانکۆ ئەفسەری، وتی: "هەندێك کەس باسی عەقڵ و عەقڵانییەت دەکەن بەڵام مەبەستیان، ترس، ئینفعال و هەڵاتن لە بەر دوژمنە."

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ناوی لەو کەسانە نەبرد کە بە وتەی ناوبراو باس لە عەقڵانییەت دەکەن.

ناوبروا لە درێژە دا جەختی کردە سەر گرنگی توانا کانی کۆماری ئیسلامی لە بواری مووشەکی و ناوچەیی. لەو پەیوەندییەدا وتی : "تواناکانی بەرگری و مووشەکی و ناوچەیی" بە هۆی "موحاسباتی ورد و عەقڵانی و کۆماری ئیسلامی" یە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا کۆماری ئیسلامی بە ڕێخستنی پڕۆگرامێکی مووشەکی چڕوپڕ، بۆتە هۆی هەستانی دەنگی ناڕەزایەتی زۆرێک لە وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی جیهانی دا.

دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بەم بوارە گەمارۆی زۆری خستۆتە سەر کۆماری ئیسلامی و ڕخنەی تووندی لێ گرتووە و بە "گەورە ترین پشتیوانی تیڕۆریزم" ناوی لێبردووە.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە وتەکانی دا هەروەها ئاماژەی بە دۆخی خراپی ئابووری لە کۆماری ئیسلامی کرد بەڵام وتی "هەموو ئەم کێشانە جێ‌بە‌جێ دەبن".

هەروەها سەبارەت بە دۆخی هەنووکەی-ناوخۆیی ئەمریکا وتی "دۆخی هەنووکەی ئەمریکا بە هەزاران میلیاڕد دۆلار کەمی بودجە و دەیان میلیۆن [کەسی] برسی و مرۆڤ لە ژێر خەتی هەژارییەوە، زۆر خراپە."

کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی بەرامبەر بە ئەمریکا، هەموو کات دۆخی ناوخۆیی ئەمریکای خراپ و نالەبار نیشان داوە و دۆخی ناوخۆیی ئێرانی بە باش و ئارام نیشان داوە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەموو ئامار و بەڵگەیەک بە دژی ئەم ئیدعایە ی کۆماری ئیسلامی قسە دەکات.


ئه‌م بابه‌ته 77 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:33:12/10/2020