بەردەوام بوونی مانگرتنی کرێکاران لە ئێران

بەردەوام بوونی مانگرتنی کرێکاران لە ئێران
بەردەوام بوونی مانگرتنی کرێکاران لە ئێران

ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی لە چەندین شاری ئێران مانگرتنی کرێکاران بەردەوام بوو، کرێکاران لە هەژاری، بێکاری و هەڵاواردن و جیاوازی دانان وەزاڵە هاتوون و چیتر ناتوانن لە ژێر گوشار و قورسایی قەیرانی ئابووری ئێران چی دیکە تاقەت بێنن. بەڵام بەرپرسانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی لە هەر دەرفەتێک بۆ لێدوان دەربارەی داواکاری و ناڕەزایەتییە کرێکاراییەکان، یان بەڵێن بێ جێ دەدەن یان خود خەتای دۆخەکە دەخەنە ئەستۆی ئەم و ئەو. 

وەزیری نەوت دوای تێپەڕ بوونی ١٧ ڕۆژ لە مانگرتنی کرێکارانی نەوت، پێتڕۆشیمی و وزەخانەی برق باسی لە مانگرتنەکە کرد، ناوبراو ویستی کرێکارانی بۆ زیاد کردنی حەقدەستەکانییان مەحکوم کرد و شانی لەژێر خەتا و گەندەڵییەک کە لە ئارا دایە خاڵی کرد و بە چەشنێک باسەکانی هێنایە ئاراوە کە گۆیا کرێکاران هۆکاری باروودۆخی ئێستای ئابووری ئێرانن.

دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، کرێکارانی نەیشکەری حەوتتەپە بۆ ٦٤مین ڕۆژ درێژەیان بە مانگرتن دا بەرانبەر بە بینای فەرمانداری شاری شووش کۆبوونەوە. کرێکارانی نەوت، پێتڕۆشیمی و وزەخانەی کارەبای چەندین ئۆستان ١٧هەمین ڕۆژی مانگرتن و کرێکارانی کۆمپانیای هێپکۆش بۆ ١٣هەمین ڕۆژ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییانەی خۆیان بەڕێوەبرد.

هەواڵی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەڕبڕینی کرێکاران لە چەندین شوێنی تری ئێران لە سۆشیاڵ میدیاکان بڵاو کرایەوە، کە چەندانەیان جێی ئاماژەیە؛ 
-کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینی جووتیارانی کرماشان بە کەم بوونی نرخی تەماتە، لەبەردەم ئۆستانداری ئەو ئوستانە
-کۆبوونەوەی کرێکارانی "گاوشیری ئەندیمێشک" کە ترسی دەرکران و بێکاری کردنیان
-کۆبوونەوەی دەیان کرێکاری بێکار لەبەردەم ئیدارەی کار لقی ئەفسەرییە لە تاران لە خوازیاری بیمەی بیکاری بوون.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کرێکارانی ژن و پیاوی کۆمپانیای دووبارەبەرهەمهێنانەوەی زبڵی ئەهواز، شۆفیر ئوتوبوسەکانی بەشی تایبەتی، مامۆستایانی مەکتەبە تایبەتییەکان، پەرەستاران، کرێکارانی "کۆنتۆرسازی قەزوین"، مامۆستایانی "نێهزەت سەوادئامووزی"، کرێکارانی شارەوانی لە چەندین شار، خانەنشینانی "تامین ئیجتماعی" لە چەند شوێنی ئێران و کرێکارانی ڕێگەی ئاسن لە ئەراک، تاران، ئەلبۆرز و خوراسان دەستیان داوەتە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.

مانگرتنی کرێکارانی نەوت و پێتڕۆشیمی و وزەخانەی کارەبا هاوکات لەگەڵ یەکتر، ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژ دەستی پێکرد و تا ئێستا درێژەی هەیە. کرێکاران خوازیاری ئەمنییەتی کاری، زیادبوونی نرخی حەقدەست، وەرگرتنی حەقدەستە دواکەوتووەکان، پێڕاگەیشتن بە دۆخی شوێنی مانەوەیان لە کارگەکان و هاتوچۆیان و هەروەها مافی پێکهێنانی سندیکای کرێکارین، هەروەها لە چەند شوێن کرێکاران بە ڕاشکاوی خوازیاری لاچوونی کۆمپانیا پەیمانکارەکانن.

ئەو مانگرتنانە کە لە بواری هاوکات بوونییان و بەربڵاوییان دا لەسەرانسەری ئێران لە مێژووی کۆماری ئیسلامی دا نەبینراوە و لە لانیکەم ٢٠ پاڵاوگە و وزەخانە دا پەرەی سەندووە. زۆربەی کرێکاران شوێنی کاری خۆیان جێهێشت و بۆ ماڵ و شاری خۆیان گەڕانەتەوە. ئەو مانگرتنە لەگەڵ سانسۆڕی میدیاکانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕوو بووەوە، بەڵام یەکگرتوویی و بەردەوامی کرێکاران دەرئەنجام وەزیری نەوتی ناچار بە کاردانەوە کرد بە جۆرێک ناچار بوو لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕاشکاوی بەرانبەر بە خواستی کرێکاران هەڵوێست بگرێت.

"بیژەن نامدار زەنگە" لە ١٧هەمین ڕۆژی مانگرتنی کرێکاران ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی زۆر لە کرێکاران کار بۆ پەیمانکارانی دەستە دوو دەکەن، کە ئەو پەیمانکارانەش کار بۆ پەیمانکارێکی گەورەتر و سەئەنجام لەلایەن ئەو پەیمانکارەوە بە وەزارەتی نەوت پەیوەندی دەدرێن، بەم شێوەی شانی وەزارەتی نەوتی لەژێر بەرپرسایەتی خاڵی کرد و کێشەکەی خستە ئەستۆی پەیمانکاران.

وەزیری نەوت لەسەر ویستی کرێکاران بەڵێنێکی بێ بنەمای دا و وتی: "لە خاوەن کارەکان داوا دەکەم ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن."، بەڵام باسی ئەوەی نەکرد لەماوەی دووحەفتە کە مانگرتنی کرێکاران درێژەی هەبوو، چ هەنگاوێکی بۆ باشترکردنی دۆخی کرێکاران هەڵێناوەتەوە.

کرێکارانی کۆمپانیای هێپکۆی ئەراک ڕۆژی دووشەممە، لە ١٣هەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیان، پێداگرییان لەسەر دەستهەڵگرتنی بەڕێوبەرانی کۆمپانیا و وەرگرتنی حەقدەستە دواکەوتووەکانیان کرد. "مونتەزێری" دادوەری گشتی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەک کە بۆ پرسی دۆخی کرێکارانی هێپکۆ بەڕێوەچوو وتی: ویستی کرێکارانی کۆمپانیای هێپکۆ بە وتەی کرێکاران بەڕێوبەرانی کۆمپانیا لە دوو مانگی ڕابردوو سەردانی کارگەکانییان نەکردووە و هیچ هەنگاوێکیان بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان هەڵنەهێناوەتەوە.

کرێکارانی نەیشکەری حەوتتەپە ڕۆژی دووشەممە لە کاتێکدا ٦٤مین ڕۆژی مانگرتنی خۆیان بەڕێوەبرد کە هیچ یەک لە بەڵێنەکانیان بۆ جێ بە جێ نەکراوە و هیچ گۆڕانێک بەسەر دۆخی کاری و ژیانییاندا نەهاتووەتە ئاراوە و درووشمی "نە دولت، نە حاکم، نیستند بە فکر ملت!" (نە دەسەڵات دار، نە دەوڵەت، بیری خەڵکیان نییە!) بووەتە درووشمی ڕۆژی کرێکاران.
ئەو کرێکارانە چوار مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە و لەگەڵ خێزانەکانییان لە ژێر گوشاری هەژاری و برسیایەتی خەریکن دەچەوسێنەوە. هیچ ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی کەرەسەی ژیانیان نەماوە و دەستیان بە فرۆشتنی کەل و پەلی ماڵ و تەنانەت منداڵەکانیشیان کردووە.

ئەمڕۆ کرێکارێکی نەیشەکەری حەوت تەپە لە ڕاپۆڕتی مانگرتنەکەی نووسیوێتی:
"ئەمڕۆ لەبەردەم فەرمانداری چاوم بە کارەساتێک کەوت کە پیمخۆش بوو زەوی دەم بکاتەوە و قووتم دات، یەکێک لە کرێکارەکان لە خەم و پەژارەیەکی زۆر دایگرتبوو لێم پرسی کە حاڵت چۆنە وتی دۆینێ کە لە ماڵ هیچمان نەبوو و کەسیش نەمابوو پووڵی بە یارمەتی لێ وەرگرم ناچار بووم گوارەی کچەکەم دەربێنم و بیفرۆشم."

کرێکاران خوازیاری دەستهەڵگرتنی بەڕێوبەرانی ئێستای کۆمپانیاکەن، کە بە دزینی یەک و نیو میلیاڕد دۆلار تۆمەتبارن و هەروەها خوازیاری ئەوەن خاوەندارێتی ئەو کۆمپانیایە لە بەشی تایبەتی بێتە دەرێ و بە دەوڵەت بدرێت و کرێکاران چاوەدێری ڕاستەوخۆی کۆمپانیاکە بن.

ئه‌م بابه‌ته 310 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:06:19/08/2020