ئێران/ گەندەڵی و نەزانکاری ڕژیم هۆکاری سەرەکی گران بوونی دەرمانە

ئێران/ گەندەڵی و نەزانکاری ڕژیم هۆکاری سەرەکی گران بوونی دەرمانە
ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ لە دوای بڵاوبوونەوەی چەندین ڕاپۆڕت لەسەر گەندەڵی و ڕانت لە هاوردەکردن و بڵاوکردنەوەی دەرمان لە ئێران، ئابووریناسێک دووپاتی کردەوە کە گەندەڵی، ڕانت و ئیحتکار هۆکاری سەرەکی لە نەبوونی دەرمان و گران بوونی نرخییانە.

"حسێن ڕاغفەر"، ئابووریناس و مامۆستای زانستگا، ڕۆژی هەینی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسێک دا کە لە سۆشیاڵ میدیا بەڕێوەچوو وتی: ٥ کۆمپانی کە هاوردەی دەرمان دەکەن بۆ ئێران، یەک میلیاڕد دۆلار وەردەگرن کە بەشیک لەو سامانە ماددییە لە کاروباریتر دا بەکاری دێنن و بەشێکیتریشی وەکوو بەرتیل بە دەسەڵاتدارانی نێو دامودەزگای حکومەت، دەدرێت.

ناوبراو لە درێژەدا وتی ئەو دەرمانانەی کە هاوردە دەکرێن بۆ ئەوەی بە نرخێکی بەرزتر بفرۆشترێت، بە شێوەی نایاسایی بۆ بازاری ناسر خسرەو (بازاڕی ڕەشی دەوا و دەرمان لە شەقامی ناسرخسرەوی تاران) دەنێردرێت. ئەو ئابووریناسە باسی لە نەخۆشێکی تووشبووی ڤیرووسی کۆرۆنا کردووە کە ٣ دەرمانی پێویستی بە ٥٥ میلیۆن تمەن کڕیبوو. تەنیا نرخی یەکێک لە دەرمانەکانی ٢٠میلیۆن تمەن بووە ئەم لە حاڵێکدایە نرخی ئەو دەرمانە لە کۆمپانیانە بە ٥٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشترێت.

گەندەڵی لە بازاڕی دەرمانی ئێران دوای تەرخان کردنی ئەرزی دەوڵەتی بە ئەو کۆمپانیانەی دەرمان هاوردە دەکەن ئاشکرا بوو. مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، "سەعید نەمەکی" وەزیری تەندرووستی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر دانی بەوەدانا کە: "تۆڕی ڕانت و گەندەڵی، دەرمانی پێویستی خەڵکی کۆگا کردووە و دەرمانی فەیک بە خەڵک دەدات." ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە چارەنووسی یەک میلیاڕد و ٣٠٠ میلیۆن دۆلار کە بۆ کەرەستەی پزیشکی تەرخان کرابوو، نادیارە.

چەند مانگ دواتر بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی دەرمانی ئێران ئاشکرای کرد ئەو کۆمپانیانەی دەرمان هاوردە دەکەن بە خستنەڕووی بەڵگەیی ساختەیی، نرخێکی نادرووست ڕادەگەیێنن کە ئەوە خۆی شێوەیەک لە دزی و گەندەڵییە.

بەردەوام بوونی گەندەڵی لە بازاڕی دەرمانی ئێران لە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە کە پەتای کۆرۆنا لە هەموو شوێنێک تەشەنەی سەندووە، بووەتە هۆی قەیران و بە پیی ئەو دۆخە داواکاری بۆ کڕینی دەرمان چووەتە سەرێ.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و کەمبوونەوە دەرمان لە دەرمانخانەکان، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هۆکاری کەمبوونەوەی دەرمان لە دەرمانخانەکانییان خستووەتە ئەستۆی گەمارۆکان، ئەوە لە کاتێکدایە چەندین جار بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە گەمارۆ و ئابڵۆقە ئامانجدارەکان دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، خواردەمەنی و دەرمان ناگرێتەوە. پێشتر و ئێستاش بۆ کۆمەڵگای مەدەنی ڕوون بووەتەوە کە گەندەڵی، ڕانت و ئیحتکار هۆکاری سەرەکی لە کەمبوونەوەی دەرمان لە دەرمانخانەکانن کە تاوانی ئەم هەموو ئەمانەش لە ئەستۆی ڕژیمی گەندەڵ، نەزانکار و لێنەوەشاوەی کۆماری ئیسلامییە.

ئه‌م بابه‌ته 303 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:03:17/08/2020