بڕیارنامە پێشنیارییەکەی ئەمریکا بۆ بەردەوام کردنی گەمارۆی چەک و چۆڵ دژی ئێران، ڕەت کرایەوە!

بڕیارنامە پێشنیارییەکەی ئەمریکا بۆ بەردەوام کردنی گەمارۆی چەک و چۆڵ دژی ئێران، ڕەت کرایەوە!
ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ سرویسی نیودەوڵەتی؛ بڕیارنامەی پێشنیاری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەردەوام کردنی گەمارۆکانی چەک و چۆڵ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ٢٤ی گەلاوێژ، دەنگی پێویستی نەهێنایەوە و ڕەت کرایەوە. 

واشینگتۆن پێشووتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو لە ئەگەری ڕەت کردنەوەی ئەم بڕیارنامەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ساز و کاری ناسراو بە "ماشە" کە لە بەرجامی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران پیشبینی کراوە. 

ئەنجامی دەنگدانەکە لە ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر ڕەشنووسی بڕیارنامەی بەردەوام کردنی گەمارۆکانی چەک و چۆڵ دژی کۆماری ئیسلامی، بریتی بوو لە دوو دەنگی "نەیار" و ١١ دەنگی "بێ لایەن" و دوو دەنگی "بەڵێ". بە پێی ئەو دەنگدانە ٩ وڵاتی ئۆرووپای ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش و هاوپەیمانی دەنگی "بێ لایەن"ـیان بەو ڕەشنووسی بڕیارنامەیە داوە. 

مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی، ئەنجوومەنی ئاسایش ئەمڕۆ دەربارەی وڵامدەرەوە کردنی ئێران، ناسەرکەوتوو بوو. ئەم ئەنجوومەنە ئیزنی بە دەسەڵاتێک کە گەورەترین پاڵپشتی تیرۆریزم لە جیهان دا کە چەک مەرگبار بکڕێت و بفرۆشێت و چاوپۆشی لە داواکاری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. ئەمریکا بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵەیە لە کارەکانی خۆی بەردەوام دەمێنێەوە. 

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە ئەمریکا جۆرێک ئەم ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیەی نووسیبوو کە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "ڕەت" بکرێتەوە، بەو مەبەستەی بتوانێت ڕێ خۆش بکات بۆ چالاک کردنی ساز و کاری "ماشە".

مکانیزمی چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانی پێشبینی کراو لە ڕێکەوتننامەی بەرجام بە شێوەیەکە کە ئەگەر یەکێک لە لایەنەکانی بەرجام بەم ئەنجامە بگات کە لایەنێکی تر پابەندییە باسکراوەکانی پێشێل دەکات، دەتوانێت لای "کۆمیسیۆنی هاوبەش"ی ئەنجوومەن سکاڵا تۆمار بکات. ئەم کۆمیسیۆنە لە چوارچێوەی بەرجام و بۆ چاودێری پرۆسەی جێ بە جێ کردنی ئەو ڕێکەوتننامەیە دامەزاوە کە لە ماوەی ٣٥ ڕۆژ پاش ئەو سکاڵایە، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرا، سکاڵاکار دەتوانێت پرسە چارەسەر نەکراوەکە بە هۆکارێک بۆ جێ بە جێ نەبوونی بڕیارەکانی ئەو ڕێکەوتنە بنێرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاش ناردنی ئەو سکاڵایەش بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ٣٠ ڕۆژ مۆڵەت هەیە تا دەربارەی بەردەوامی یان هەڵپەساردنی گەمارۆکانی ئەو ئەنجوومەنە بڕیارنامەیەک دەر بکرێت.

ئه‌م بابه‌ته 314 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:31:15/08/2020