ڕۆژنامەی "جیهانی سەنعەت" داخرا

ڕۆژنامەی

ڕۆژنامەی "جیهانی سەنعەت" بە هۆی بڵاوکردنەوەی دەقی وتووێژ لەگەڵ "محەمەد ڕەزا مەحبووبفەر" کە بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە لە ئەندامانی کومیتەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە، لەلایەن لێژنەی چاودێری چاپەمەنی، داخرا.

"مەحبووبفەر" ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ "باشگای ڕۆژنامەوانانی لاو" وتی: "ناوی کار و بواری خوێندەواریم لە دەقی وتووێژێک کە ڕۆژنامەی "جیهانی سەنعەت" بڵاوی کردووەتەوە بە هەڵە نووسراوە و ئەندامی کومیتەی بەرەنگابوونەوەی کۆرۆناش نیم". بەڵام ناوبراو باسی هەڵە بوونی ناوەڕۆکی بابەتەکەی نەکردووە.

"محەمەدڕەزا مەحبووبفەر" بە ڕۆژنامەی "جیهانی سەنعەتی وتبوو: دەوڵەت مانگێک پێش ئەوەی ڕاگەیاندی فەرمی سەبارەت بە تەشەنەی کۆرۆنا لە ئێران بڵاوکاتەوە، چەندین تووشبووی پەتای کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان هەبوون، بەڵام دەوڵەت لەبەر هۆکاری سیاسی و ئەمنییەتی بابەتەکەی شاردەوە و دوای بەڕێوچوونی "٢٢ی بەهمەن" و هەڵبژاردنی مەجلیس، بڕیاری دا ڕاگەیاندن سەبارەت بە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە ئێران بڵاو کاتەوە.

لە درێژەی وتەکانی دا جەختی لەوە کرد، لە سەرەتای هاتنی کۆرۆناوە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی بە پێی دۆخی سیاسی و ئەمنییەتی ئێران، ئامارێکی نادرووست لە قوربانییانی کۆرۆنا بڵاو دەکاتەوە.

ناوبراو لە کۆتایی دا وتی: ئاماری ڕاست و درووستی، تووشبووان و گیان لەدەستدراوانی ڤیرووسی کۆرۆنا ٢٠هێندەی ئامارێکە کە کۆماری ئیسلامی بڵاوی دەکاتەوە.


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:38:11/08/2020