پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی
پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی ناوداری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و یەکێک لە سیما دێرین و ناسراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک جەلیل گادانی، هەموو لایەکمانی غەمبار کرد.
کاکە جەلیل گادانی خەباتکارێکی شێلگیر و بە باوەڕی بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بوو کە هەڵگری پەیام و یادەوەرییەکانی مەزنترین ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی خەڵکی کوردستان، واتە کۆماری کورستان بوو. ئەو کە زیاتر لە حەوت دەیە لە تەمەنی، بۆ سەربەستی و وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەکەی‌ تەرخان کردبوو، تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە بێ‌وچان و لێبڕاوانە لەم ڕێگایەدا بەردەوام بوو. کاک جەلیل جیا لە سیما حیزبی و سیاسی‌یەکەی، وەک کەسایەتییەکی خاوەن جێگەوپێگەی قورسی کۆمەڵایەتی، جێی ڕێز و ئێحترامی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و سەرجەم لایەنەکان بوو. نەمر گادانی وەک کەسایەتییەکی خاوەن بۆچوونی تایبەتی سیاسی، لە بواری نووسین و وەرگێڕان و تۆمارکردنی لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەکەیدا کەسێکی بەتوانا و خامەڕەنگین بوو کە کتێبخانەی کوردی بە چەندین بەرهەمێکی نەمریان ڕازێندراوەتەوە. 
یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی کاک جەلیل کە بەردەوام لە کۆڕوکۆبوونەوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان‌دا پێداگری لە سەر دەکرد، یەکگرتووخوازیی بوو. ئەو نایەکگرتوویی و لێک دووریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی بە یەكێک لە کەمایەسییە بەرچاەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دەزانی. بۆیە بەردەوام لە کۆڕوکۆبوونەوەکان‌دا یەکێتی و یەکگرتوویی نێوان حیزبەکانی بە زەرووری و پێویست دەزانی و لەم پێوەندییەدا بە چاوی هیوا و هومێدەوە لە پێکهاتنی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی دەڕوانی.
 ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی‌یەوە سەرەخۆشی لە تێکڕای خەڵکی کوردستان، بنەماڵە بەڕێزەکەی و هاوسەنگەرانی دەکات. 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
 ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

ئه‌م بابه‌ته 75 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:00:07/08/2020