کۆتایی گەمارۆی چەکووچۆڵی ئێران هەڕەشەیەک بە دژی ناوچەکەیە

کۆتایی گەمارۆی چەکووچۆڵی ئێران
هەڕەشەیەک بە دژی ناوچەکەیە

کۆتایی گەمارۆی چەکووچۆڵی ئێران
هەڕەشەیەک بە دژی ناوچەکەیە


سرووش ئووەیسی

٢٧ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی واتە ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی، بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی چەک و چۆڵ (قەدەغەبوونی کڕین و فرۆشتنی چەک و چۆڵ) دژی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێدێت. کۆتاییەک کە حەسەنی ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئێران پێناسەی دەکات، لە بەرامبەردا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکابە هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان ناوی دەبات و هەموو هەوڵی خۆی لە ژێر هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشارەکان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی پێش بە هەڵگیرانی ئەو گەمارۆیانە بگرێت و بەنیازە بۆ ئەو مەبەستە کۆدەنگییەکی جیهانی پێک بێنێت.

لە دوای کۆتایی گەمارۆکە، ئێران دەتوانێت تانک، مووشەک و پەدافەندە مووشەکییەکان، تۆپە قوورسەکان، فڕۆکەی شەڕکەر، پاپۆڕ، و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە وڵاتانی دیکە بکڕێت و هێزی نیزامی خۆی گەشە پێبدات و بە تواناتری بکات؛ هەنگاوێک کە بە پێچەوانەی بوون و بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێی ئێران و لەوانە؛ ئیسڕائیل، ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئۆرووپایە.

لە بەرامبەردا وڵاتانی چین و ڕووسیا، دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامی ڕێکەوتنی ناوەکی ١+٥ و دوو وڵاتی سەرەکی کە چاوەڕوانی فرۆشتنی چەک و چۆڵ و کەرەستە نیزامییەکانن بە ئێران، ڕایانگەیاندووە کە بە دژی بڕیارنامەی پێشنیارییەکەی ئەمریکا دەوەستنەوە و ڕێگە بە ئەمریکا نادەن گەمارۆکان بۆ سەر ئێران درێژ بکاتەوە.

ئەم گەمارۆیە لە پەیوەندی لەگەڵ چەک و چۆڵە ئاساییەکان تەنیا لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ دا ئاماژەی پێکراوە و بابەتێک لە چوارچێوەی وتووێژەکانی بەرجام دا نییە و پیشووتر لە بڕیارنامەی ١٧٤٧ لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی دا ئاماژەیان پێدراوە کە ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە وڵاتان کرد تا چەک بە ئیران نەفرۆشن و لە بڕیارنامەی ١٩٢٩لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی دا ئەم خاڵە بە هێزتر کرایەوە.

کۆماری ئیسلامی بە هۆی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لە بواری چەک و چۆڵ و کەرەستەی سەربازییەکان نەیتوانییوە گەشە بە ژێرخانە نیزامییەکانی خۆی بدات و بەشێکی گەورە لە سەرمایەگووزاری و توێژینەوەکانی خۆی لەسەر بواری مووشەکی خستووتە گەڕ.

بابەتێک کە چەندین جار ئەمریکا و یەکێتی ئۆرووپا ڕایانگەیاندووە کە ئەم بوارە لە دژایەتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایش دایە کە بە پێی بەشێک لەو بڕیارنامەیە، داوا لە ئێران کراوە بۆ ماوەی ٨ساڵ لە گەشە و تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکە باڵستیکییانەی توانای هەڵگرتنی کڵاوە ناوەکییان هەیە ڕێگری بکات.

بەرهەمهێنان، گەشە و تاقیکردنەوەی مووشەکەکانی ئێران کاردانەوەی ناوچەیی و جیهانی لێکەوتووتەوە و هەروەها ناردنی سەتەلایت لە ڕێگەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە تووندی لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئۆرووپا مەحکووم کراوە و پیلانی ناردنی سەتەلایتی ئێرانیان بە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان پێناسە کردووە و هۆشداریان داوە ئەم هەنگاوە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکەیە.

ئەنجوومەنی بەرگری ئەمریکا بەراوردی کردووە کە ئێران لە دوای کۆتایی گەمارۆی چەک و چۆل دەتوانێت فڕۆکە پێشکەوتووەکانی جیلی ٤ بکڕێت و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بە توانای بەرزتر گەشە پێبدات و کەڵکیان لێ وەربگرێت.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان بوون بە ئاکامی هێرشی فڕۆکەبێ فڕۆکەوانەکان و لە دەرەنجام ٥ میلوێن بۆشکە نەوتی ئەم کۆمپانیایە لەناو چوون؛ لە دوای لێکۆڵینەوەی پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆڕتێک لە سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکرێت و لەوێدا «ئانتۆنیۆ گووتێرش» بە ڕوونی دەڵێت؛ ئەو چەک و چۆڵانەی لە هێرش بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوەکان لە مانگی مەی و سێپتامبری ٢٠١٩ی زایینی کەڵکیان لێ وەرگیراوە سەرچاوەی «ئێرانییان» بووە.

هەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر داخستنی گەرووی «هۆرمۆز» وەکوو یەکێک لە ستڕاتێژیکترین ناوچە و یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی وزە لە جیهان دا ئەوە نیشان دەدات کە پیلانە نیزامییەکانی ئێران مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، یەکێتی ئۆرووپا و ئەمریکا.

شایانی باسە کۆماری ئیسلامی بڕیارنامەکانی ٢٢١٦ و ١٧٠١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەیوەندی لەگەڵ یەمەن و لوبنان کە بەربەستێکە بۆ هەناردەی چەک بۆ هاوپەیمانان و هێزە بە وەکالەتەکانی خۆی پێشێل دەکات و پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکان لە سووریە، عێراق، لیبی، یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە ژێر مەترسییەوە.

لە ماوە پێشوودا لە وڵاتی لیبی دەست بەسەر کۆمەڵێک چەکووچۆڵی ئێرانی وەکوو مووشەکی دژە تانک دا گیراوە کە سەرچاوەی ئێرانییان بووە، ئەمە بەشێکی دیکە لە پیلانی هیلالی شێعەی کۆماری ئیسلامییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بە کۆتایهاتنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایش، بە ئاواڵا هێشتنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی بە سەرمایەگوزاری بۆ کڕینی چەک و چۆڵی پێشکەوتووی مەترسیدا ئەوندەی دیکە ڕێگا بۆ کۆماری ئیسلامی خۆشتر دەبێت تا بە کڕینی چەکووچۆڵ و کەرەستە نیزامییەکان پشتیوانییەکی بە هێزتر لە مێلیشیا و هێزە بەوەکالەتەکانی خۆی بکات تا بە دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە چالاکی بکەن.

مانگی مەی ساڵی ٢٠١٨، جیهان زانی کە ئیران لە پێش و پاش کاتی دانووستانی ناوەکیدا، ئاڕشیوێکی نهێنی ناوەکی شاردووتەوە.

دوو ساڵ دوای ئەوە لە کاتێکدا کە ئێران پابەندییەکانی خۆی لە بەرجامی پێشێل کردووە، بەڵگەگەلێکی ڕوو لە زۆر بوون لە پەیوەندی لەگەڵ ماتریاڵ و شوێنە ناوەکییەکان کە ڕانەگەیەندراوە بوونی هەیە؛ ڕێکەوتنی ناوەکی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ئێران هەموو چالاکییە ناوەکییەکانی خۆی لە ڕابردوو سەبارەت بە چەکی ناوەکی بە ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی ڕابگەیەنێت و باسی بکات، بەڵێن بدات کە هیچ کات بەرەو دەست خستنی چەکی ناوەکی ناڕوات بە شێوازی کاتی چالاکییە ناوەکییەکانی خۆی ڕادەگرێت، لەبەرامبەر دا ئێران بەرژەوەندی ستڕاتیژیکی وەردەگرت تا گووشار و گەمارۆ سەرەکییە نێونەتەوەییەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی هەڵبوەشێتەوە.

لە حەوتەکانی ڕابردوودا ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە هەیە ئێران ماتریاڵی ناوەکی لە ناوخۆی ئێران دا شاردبێتەوە و هەروەها ڕێگەی نەداوە کە لێکۆڵەرانی ئەو ئەنجوومەنە دەستیان بە دوو ناوەندی پێشتر ڕانەگەیەندراو دا ببێت، ئەم بابەتانە بە تووندی پێشێلکاری ڕێکەوتنە پادوومانییەکان هەروەها «ئێن پی تییە».

ئاژانسی وزەی ناوەکی ڕایگەیاند کە ئێران پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەرجام پێشیلکردووە. پاشکەوتی ئۆرانیۆمی کەمتر پیتێندراوی خۆی و ئاوی قورسی تا ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە، پیتاندنی لە دامەزراوە ژێرزەوینییە نایاساییەکان دەستپێکردووەتەوە و سەرقاڵی تاقیکردنەوەی سانتریفیۆژەکانی جیلی نوێن.

دۆزینەوەی ئاڕشیوی ناوەکی ئێران و ڕاپۆڕتی ئەم دواییانەی بەرپرسی گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی و هەروەها ڕاپۆڕتەکانی ئەم ئاژانسە لە پەیوەندی لەگەڵ شوێن و ماتریاڵی ڕانەگەیەندراو، دەرفەتێکی خولقاندووە تا وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێداچوونەوەیەک لەم بوارەدا بکەن و وای کردووە پێداچوونە بەسەر هەڵگیرانی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەی ٢٢٣١ بکەن و کە ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی توانای کڕین و فرۆشتنی چەک و چۆڵی هەبێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیپلۆماسی چالاکی خۆی بۆ دووپات بوونەوەی گەمارۆی چەکووچۆڵ بە دژی ئێران بە ڕێبەری «مایک پۆمپێئۆ»، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستپێکردووە و دەڵێت؛ لە هەموو کەرەستە و بژاردەژکان کەڵک وەردەگرین تا کۆماری ئیسلامی نەتوانی چەک و چۆڵ بکڕێت یان بفرۆشێت.

بۆ ئەو مەبەستە ئەمریکا دەبێت تا پێش مانگی ئۆکتۆبر بڕیارنامەی پێشنیاری خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات و ئەگەر ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە نەتوانن بڕیارنامەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند بکەن، هەموو بڕیارنامە پێشووەکان پێش بڕیارنامەی ٢٢٣١ داسەپێت، چالاک دەبنەوە.

ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێک لە لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی بەرجام دەتوانێت لە ڕێگەی «ئێسنەپ بەک» هەموو گەمارۆکان بە دژی ئێران بگەڕێنێتەوە، پرۆسەی «ئێسنەپ بەک» لەلایەن هیچ کەسێکەوە ڕێگەی لێ ناگیرێت چوونکا هیچ کام لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانن ئەم پرۆسەیە «ڤێتۆ» بکەن.

٣مانگ تا ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ ماوەتەوە و ڕاپۆڕتی لادانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە دوو ساڵی ڕابردوودا، کەم کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی پابەندییە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ڕێکەوتننامەی بەرجام لە ٥ قۆناغدا، بەڵگەی بەشداری ئێران لە شەڕەکانی ناوچەکەدا، ڕاپۆڕتی پێشووی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لە پەیوەندی لەگەڵ سەرچاوەی ئێرانی هێرشە مووشەکییەکانی سێپتامبری ٢٠١٩ بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان، ڕاپۆڕتی هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز، نوێترین ڕاپۆڕتی بەرپرسی گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی لە پەیوەندی لەگەڵ هاوکاری نەکردنی ئێران لەگەڵ لێکۆڵەرانی ئەو ئەنجوومەنە، بەندکردن و دەرکردنی دوو لێکۆڵەر لە ئێران و پێشگیری لە دەرکردنی مۆڵەت بۆ لێۆکۆڵینەوە لە ناوندە گوماناوییە ڕانەگەیەندراوەکان تەنیا بەشێکی بچووک لە

پەروەندەی ئەمریکا بۆ کۆتایی گەمارۆی چەکووچۆڵی ئێران دەبێت. هەنگاوێک کە بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ لە ژێر ناوی «هەڵمەتی ئەوپەڕی گووشار دا دەبێت».

هەمووان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی دوای مەرگی بەشێنەیی ڕێکەوتننامەی «بەرجام» هەوڵەکانی خۆی بۆ بە دەست هێنانی چەکی ئەتۆمی دەست پێکردووە، دەستخستنی چەکی قورس و پێشکەوتووش وێڕای دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی پیلان و بەرنامەی کۆماری ئیسلامییە بۆ مانەوە لە دەسەڵات.

جیا لەوانەش ئەزموونی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداری «ئیسلامی سیاسی» لە ئێران بە سەرکردایەتی «کۆماری ئیسلامی» ئەو ڕاستییەی دەرخستووە کە ئاسایش و ئاشتی گشتی جیهان دەخاتە مەترسییەوە و ئەمە ئەرکێکی گشتی هەموو پارێزەران و دڵسۆزانی ئاشتی و ئاوەدانی کە ڕێگری لە دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکە کۆمەڵکوژەکان بگرن.


ئه‌م بابه‌ته 166 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:36:02/08/2020