ئەم هەموو تووندوتیژییە بۆ چییە؟

ئەم هەموو تووندوتیژییە بۆ چییە؟

ئەردەڵان فەرەجی

لە کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر دوو زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی «سابیر شێخعەبدوڵڵا» و «دیاکۆ ڕەسووڵزادە» لە زیندانی شاری ورمێ لە سێدار دران، هیدایەت عەبدوڵڵا پوور زیندانییەکی سیاسی دیکەی کورد ٢٠ ڕۆژ بەر لە سێدارەی ئەو گەنجانە بە پەنهانی ئیعدام کرا، ٣ گەنجی دیکەی ئێران تەنیا بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو سزای ئێعدامییان بە سەردا سەپاوە، جیا لەو ٣ گەنجە هەواڵەکان باس لە دەرچوونی سزای ئیعدام بۆ ٥ کەسی دیکە لە بەشداربووانی ئیعترازییە جەماوەرییەکان ساڵی پار دەکەن، زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی سزای ناعادڵانە و دژە مرۆیی ١٠ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاوە، ٤ چالاکی کورد بە ١٤ ساڵ و ٢ مانگ سزا دراون. نووسەرێکی ٧٢ ساڵە بە ٣ ساڵ زیندان حوکم دەدەن، بەهارە هیدایەت بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندان سزا دەدرێ. «دارا ڕەشیدی» بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێت، چوار لاوی بانەیی بە کۆ ١٦ ساڵ زیندانیان بۆ دەبڕدرێتەوە، چالاکانی بزووتنەوە سیاسی، مەدەنی، پیشەیی و ... بە تۆمەتی سەیر و سەمەرە سزای قورسیان بەسەر دا دەسەپێت، ئەمانە هەموو جیا لەو ئیعدام و ڕەشبگیرییە ڕۆژانەیە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی بەدیل گیراوی ئێرانی ئەنجامی دەدەن و .... یەکەم شت پاش خوێندنەوە ئەم هەواڵانە لە مێشکدا دێتە ئاراوە پرسیارێکە. پرسیارێک کە ئەم هەموو توندوتیژییە بۆ چی؟

بەر لە هەر شتێک و لە سەروو هەموویانەوە ترسی بێ بڕانەوەی ڕژیم کۆماری ئیسلامی لە پتانسیێل و تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوە ئیعترازییەکانی خەڵکی ئێران و لە سەروو هەموویانەوە بزووتنەوە و پتانسیێلەکانی خەڵکی کوردستانە.

ئەوەی ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی بەنیازە بە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بڵێت ئەگەر ئەمڕۆکە لەوپەڕی لاوازی و بێ توانایی دایە، لەوەی کە نوقم بووە لە گەندەڵی و بڕستی لە هەموو بووارەکاندا لێ بڕاوە، بەشی سەرکوتی خەڵکەکەی خۆی پێ ماوە و هەموو ئەو سزا ناعادڵانە و دژە مرۆیی و چاوسوور کردنەوانە بۆ چاوترسێن کردنی خەڵکە. بۆ ترساندنی خەڵکە لە ئەگەر بیرکردنەوە لە ئاخێز و هەستانێکی جەماوەری کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ چەندە دڕندە و بکوژ و سەرکوتگەر بێت.

هەڵبەت نابێ ئەو ئەسڵەشمان لە بەرچاو نەبێت کە کۆماری ئیسلامی لەم پیلانەی دژی خەڵک ئامانجێکی دیکەش دەپێکێت و جێی خۆیەتی هەموو خەباتکاران و خەڵکی ناڕازی ئێران بە وریاییەوە نەکەونە داوی و ئەویش بریتییە لە؛ «تەزریق توندوتیژی» بە بزووتنەوە ئێعترازییە بەرحەق و ڕواکانی خەڵک.

کۆماری ئیسلامی بە باشی ئاگاداری پتانسێل و زەرفییەتی بزووتنەوەی گەلی کورد و پێگەی حیزبە ڕیشەدارەکانیەتی، بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی زیندوو و بەڕۆژ لە هەموو تایبەتمەندییەکانی خۆی و کۆمەڵگا و سەردەمەکەی کەڵک وەردەگرێت. پشتیوان و ڕێکخەری بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی خەڵکەکەی خۆیەتی. هەر بزووتنەوەی مافخوازی جەماوەری و بەرەنگارانەی نەتەوەیی تا بزووتنەوەی مەدەنی، ڕۆشنبیری، ژینگەپارێزی، ژنان، کرێکاری و ... کە ڕێک هەر ئەم بزووتنەوە جەماوەرییانەش پاژنەی ئاشیلی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکەیین. هەر بۆیەش هەموو پیلانگێڕییەکانی دەخاتەگەر لە لایەک بە چاوترسێن کردنی خەڵک بەر بە ئەگەری هەستان و خرۆشانێکی جەماوەری لە کوردستان بگرێت کە دەتوانێت سەرچاوەی ڕاپەڕێنێکی گەورەی سەرتاسەری بێت لە هەموو ئێران و لە لایەکی دیکەشەوە یارییەکە بەرێتە بواری نواندنی زەبر و سەرکوت و توندوتیژی، بوارێک کە ئەزموونێکی ٤٠ ساڵەی لەو بارەیەوە هەیە.

نەمانی مەشرووعییەت و ڕەوایی کۆماری ئیسلامی لە لای خەڵکی ئێران، لەق بوون و کاڵ بوونەوەی پێگە ناوچەییەکەی و بە واتایەکی تر شکانی هەیمەنەی ئیقتدار و هێزی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی بە تایبەتی بە دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانی لە لایەن ئەمریکاوە، دەرپەڕاندنی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکە و دەرپەڕاندنی لە سوریە، عێراق و یەمەن و لوبنان لە لایەک و تێسرەواندن و کوتانی بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، هەڵاوسان و گرانی ڕۆژانە و دۆخی تاقەتپرووکێنی ژیان و گوزەرانی خەڵک، ناکارامەیی و لێنەوەشاوەیی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە پرسە ناوخۆییەکان و سەرباری هەموو ئەوانەش هاتنی ڤیرووسی کۆرۆنا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم پەتا جیهانگیرە لە سەر خەڵک و دەسەڵات و ئابووری ئیران، خەڵک و دەسەڵات و ئابووری ئێرانی لە بەردەم سەختەڕێی بڕیاردان داناوە. پلانی خەڵک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە هەستان و ڕاماڵینی نیزام و سیستەمی کۆماری ئیسلامییە لە بواری ئابووریشدا حاشاهەڵنەگرە کە چارەسەری کێشەی ئابووری ئێران بە بێ گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتدا مسۆگەر نابێت. لە لایەکی دیکەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکەوتن بە سەر ویست و ئیرادەی خەڵک بۆ هەڵپێچانی ئەم ڕژیمە و درێژ کردنەوەی تەمەنی نگریسی خۆی کەوتووتە هەرزان و تاڵان کردنی ئێران. گرێبەست و ڕێکەوتننامەی پێشکەش کردنی وڵاتی ئێران بە «چین» لە بری چەند میلیارد دۆلار، تەنیا بۆ هێشتنەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانی بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و بەشخوراوی وڵاتەکەیەتی.

ڕەمزی مانەوەی تا ئێستای کۆماری ئیسلامی و بەرگە گرتنی لە بەردەم ویستی جەماوەری و قووڵی خەڵکی ناڕازی بۆ ژێرەوژوورکردنی، تەنیا دام و دەزگا سەرکوتگەرەکەیەتی. درەنگ یان زوو ئەو هێزە لە پێ دەکەوێت و چین و ڕووسیەش دادی نادەن.


ئه‌م بابه‌ته 325 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:01:02/08/2020