ئەمریکا خوازیاری کۆدەنگی وڵاتانی ناوچەکە بوو دژ بە هەڵگرتنی گەمارۆی چەک و چۆڵ دژ بە کۆماری ئیسلامی

ئەمریکا خوازیاری کۆدەنگی وڵاتانی ناوچەکە بوو دژ بە هەڵگرتنی گەمارۆی چەک و چۆڵ دژ بە کۆماری ئیسلامی
"برایان هۆک" نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری کۆماری ئیسلامی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، باسی لە مەترسییەکانی کۆتایی هاتنی مۆڵەتی گەمارۆی چەک و چۆڵی کۆماری ئیسلامی کرد و داوای لە وڵاتانی عەرەب و ئیسرایل  کرد بۆ پێشگیری لە کۆتایی هاتنی گەمارۆکان یەک دەنگ بن.

بە وتەی ڕاپۆڕتی گاردییەن، "برایان هوک" سەردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئوروپای کردووە تا سەرنجی ئەو وڵاتانە بۆ پشتیوانی کردن لە پلانی ئەمریکا بۆ درێژ کردنەوەی گەمارۆکان ڕابکێشێت.

هۆک لە درێژەی سەردانەکەی لە لەندەن وتی: "کەس باوەڕی بەوە نییە کە ئێران دەبێ، توانایی کڕین و فرۆشی چەک و چۆڵی وەک؛ فڕۆکە هێرشبەرەکان، تانکەکان، سیستمی تۆپخانە، کەشتییە ‌هێرشبەرەکان و هەرچەشنە موشەکێکی بێت."

ئەو دیپلۆماتە باڵایەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، بە زووترین کات ئەمریکا ڕەشنووسی پلانی خۆی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکان پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایەشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دووپاتی کردەوە، پرسیاری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەبوون یا نەبوونی گەمارۆکان نییە، بەڵکوو کات و چۆنێتی گەمارۆکانە.

برایان هۆک لە کۆتایی دا وتی؛ "ئەگەر گەمارۆکان هەڵبگیرێت کۆماری ئیسلامی ئەو کارانە دەست پێدەکات کە ئێستا لە ڕۆشنایی ڕۆژ بە شاراوەیی دەیکات."

ئه‌م بابه‌ته 162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:32:30/07/2020