دابەزینی ٤٠ لە سەتی بارستایی هەناردەی کەل و پەلی ئێرانی بۆ عێراق

دابەزینی ٤٠ لە سەتی بارستایی هەناردەی کەل و پەلی ئێرانی بۆ عێراق

سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی عێراق و ئێران باسی لە دابەزینی ٤٠٪ی بارستایی هەناردەی کاڵا نانەوتییەکانی ئێران بۆ عێراق کردووە لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا. 

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژووری بازرگانی ئێران، حەمید حسێنی وتوویەتی کە لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٥ میلیۆن تۆن کاڵا و شمەکی غەیرە نەوتی بە بەهای ١.٤٥ میلیارد دۆلار بۆ عێراق هەناردە کراوە. 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە هەناردەی کاڵا و شمەکی ئێرانی بۆ عێراق لە باری بارستاییەوە "٤٠ لە سەد" و لە ڕووی بەهای کاڵاکانەوە بە ڕێژەی "٣٨.٣ لە سەد" بە بەراورد لەگەڵ خولی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، دابەزیوە. 

قەیرانی کۆرۆنا و گەمارۆکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسسلامی کە بوونە هۆی داخرانی سنوورەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دوو هۆکاری سەرەکی دابەزینی ئاستی بارستایی و بەهای کاڵا هەناردەکراوەکانی ئێرانن بۆ عێراق. 

ئێران و عێراق ٧ سنووری بازرگانیانی هەیە کە جەگە لە سنووری بازرگانی "چەزابە" لە ئوستانی خوزستان، باقی سنوورە بازرگانییەکان کراوەن کە بڕیارە ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ ئەو سنوورەش بکرێتەوە.

دابەزینی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە کاتێکدا دێتەئاراوە کە حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران باسی لە بەرز کردنەوە ئاسی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەکات بۆ سەرۆی ٢٠ میلیارد دۆلار.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکەن کە لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران ١٢ میلیارد دۆلارە لە ساڵدا، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوییەوە خستنەڕووی وردەکاری بازرگانییە بیانییەکانی خۆی ڕاگرتووە، وردەکاری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق ڕوون نییە.

جگە لە دابەزینی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، دەوڵەتی ئێران بۆ وەرگرتنەوەی پووڵی کاڵاکانی کە هەناردەی دەکات، تووشی کێشەی جیددییە.

لە سەردانی ئەم دواییانەی کازمی سەرۆک کۆماری عێراق، خامنەیی داوای ئەوەی لێکرد کە لەوبارەیەوە هاوکاری ئێران بن و لە ڕێگەی بانکێکی چینییەوە پارەکان بۆ ئێران بگەڕێننەوە، بەڵام کازمی ڕایگەیاندبوو کە لە ترسی گەمارۆکانی ئەمریکا، خۆ لەو ئاسانکارییە بۆ کۆماری ئیسلامی دەبوێرێت.

ئه‌م بابه‌ته 437 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:24:25/07/2020