هەڵمەتی ملیۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناڕەزایەتی بە شەپۆلی ئیعدامەکان لە ئێران

هەڵمەتی ملیۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناڕەزایەتی بە شەپۆلی ئیعدامەکان لە ئێران
دوابەدوای لەسێدارەدانی دوو چالاکی سیاسی کورد بە ناوەکانی دیاکۆ شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە، و قسەکانی ڕاوێژکاری دەزگای قەزایی ئێران بۆ پشتیوانی لە سزای ئیعدامی سێ کەس لە چالاکانی ناڕەزایەتییەکەی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەشتەگێکیان بە ناوی (اعدام نکنید)، بڵاوکردەوە کە لە ماوەی چەند کاتژمێردا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر، دوو ملیۆن جار بڵاوکراوەتەوە و بوو بە یەکەم هەشتەگی پڕبینەری تویتێر.
بە پێی ڕاپۆرتی بی بی سی، هەشتەگی #اعدام_نکنید، ڕۆژی ڕابردوو، لە کاتژمێر ٢١:٣٠ بە کاتی ئێران دەستی پێکردووە و لە ماوەی چەند کاتژمێردا دوو ملیۆن جار بڵاوکراوەتەوە و بۆتە ترەندی یەکەمی جیهانی.
بێجگە لە چالاکانی سیاسی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، ژماریەکی زۆر لە چالاکانی مەدەنی، و ئەستێرە ناسراوەکانی سینەما، هونەر و وەرزش لە ناوخۆی ئێرانیش ئەم هەشتەگەیان بە دژی سزای ئیعدام لە ئێران بڵاوکردۆتەوە.
ئەو هاوئاهەنگییەی نێوان بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ماوەیەکی کەمدا بە دژی سزای ئیعدام، کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی تووشی شۆک کرد و لە ڕێگای خاوکردنەوەی هێڵی ئینتەرنێت هەوڵی بەرگری کردن بە هەڵمەتەیان دا بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و تا درەنگانی شەوی ڕابردوو گەیشتە چوار ملیۆن هەشتەگ.

ئه‌م بابه‌ته 113 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:18:15/07/2020