دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی هەواڵی ڕاگرتنی حوکمی ئیعدامی ٣ گەنجەکەی ڕەت کردەوە

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی هەواڵی ڕاگرتنی حوکمی ئیعدامی ٣ گەنجەکەی ڕەت کردەوە

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی هەواڵی ڕاگرتنی حوکمی ئیعدامی ٣ گەنجەکەی ڕەت کردەوە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ بە دوای بڵاو بوونەوەی هەشتەگی #اعدام_نکنید (#لە_سێدارە_مەدەن)، لە شەوی ڕابردوو ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی و مەحکووم کردن و خستنە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایە، هەواڵنێری فارسی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کرد کە حوکمی ئیعدامی ٣ کەس لە ناڕازییانی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو ڕاگیراوە.

لە بەرامبەردا دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە توێی ڕاگەیاندنێک ئەو هەواڵەی وەدرۆ خستووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە پرسی ڕاگرتنی ئەو حوکمە بە پێی یاسا دەبێت لە ڕێی پارێزەرانی ئەو تۆمەتبارانەوە بێت و تا هەنووکە نووسراو و داواکارییەک لەوبارەیەوە بە دەزگای قەزایی نەگەیشتووە.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، هەواڵنێری فارس لە هەواڵێکدا باسی لە بڕیاری پێداچوونەوە بە حوکمی ئیعدامی ئەو ٣ گەنجەی کردووە و نووسیویەتی؛ بە پێی بەدواداچوونەکانیان بە فەرمانی "ئیبراهیم ڕەئیسی" بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران بە بەڵگە هێنانەوە لە مادەی ٤٤٧ی یاسا، بۆ حوکمی ئێعدامی محەمەد ڕەجەبی، ئەمیر حسێن مرادی و سەعید تەمجیدی بڕیاری پێداچوونەوە بە حوکمەکەیان دەرکراوە و بەدوای ئەوفەرمانە و بڕیاری پیداچوونەوە بەو سزایە، حوکمەکە ڕاگیراوە.

لە بەرامبەردا دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندنێکی دەرکردووە کە تێیدا هاتووە؛ "ئەگەر داخوازییەک لەسەر بەدوادا چوونەوەی دۆسییەی ئەو سێ کەسە لە لایەن پارێزەرانیان بگاتە دەستمان، دەزگای قەزایی بە شێوەی یاسایی بەدواداچوونی بۆ دەکات، بەڵام جارێ هیچ داخوازییەکیان بە دەست نەگەیشتووە".

شەوی ڕابردوو کۆمەڵیک لە چالاکانی مافی مرۆڤ و خەڵکی سڤیلی ناوخۆیی و بیانی بە وەڕێ خستنی شەپۆلێکی گەورەی تویتێری وەێڕای مەحکووم کردنی حوکمی ئیعدامی ئەو سێ گەنجە داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کردبوو ئەو حوکمە ڕاگرن.

هاتنە ئارای پرسی پێداچوونەوە بە سزای ئیعدامی ئەو ٣ لاوە لە ژێر گوشاری ڕای گشتی جیهانی و ناوخۆیی ئێران بوو کە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ناچار بە هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە کردووە.

حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و زۆرێک لە کەسایەتی و حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤی جیهانی ئەو حوکمەیان مەحکووم کردبوو و داوایان کرد ڕای گشتی ڕێکخراوەکانی پێوەندی دار کردبوو ئەم سزا ناڕەوا و دژە مرۆییە ڕابگرن.


ئه‌م بابه‌ته 115 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:07:25:15/07/2020