ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل: موساد پیلانی ئێران بۆ هێرشکردنەسەر باڵوێزخانەکانی ئیسڕائیلی پووچەڵ کردەوە

ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل: موساد پیلانی ئێران بۆ هێرشکردنەسەر باڵوێزخانەکانی ئیسڕائیلی پووچەڵ کردەوە
ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل لە زمان کەناڵی ١٢ی تەلەڤیزیۆنی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند: ڕێکخراوی مووساد لە ماوەی پێشوودا توانیویەتی چەند پیلانی داڕێژراوی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دژی باڵوێزخانەکانی ئیسڕائیل لە ئۆرووپا و شوێنەکانی دیکە پووچەڵ بکاتەوە.
بە وتەی "تایمز ئاف ئیسڕائیل"، کەناڵی ١٢هیچ ئاماژەیەکی بە وردەکارییەکانی و هەروەها سەرچاوەکان نەکردووە.
ئیسڕائیل لە دوو ساڵی پێشوودا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و لە ڕۆژانی پێشوودا گوومانگەلێک لەسەر دەستێوەردانی ئیسڕائیل لە تەقینەوەی دامەزراوەی ناوەکی نەتەنز لە ئارادایە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە هۆکاری کارەساتی نەتەنز بە تەواوەتی ڕوونە بەڵام لە ئێستادا ڕایناگەیەنن.
چەند بەرپرسێکی فەرمی ئیسڕائیلیش بە کەمووکورتی لەسەر ئەم بابەتە قسەیان کردووە. 
ژێنێراڵ بێنی گانتس، وەزیری بەرگری ئیسڕائیل دەڵێت هەر ڕووداوێک کە لە سایتە ناوەکییەکانی ئێران ڕوو دەبێت، پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە نییە، بەڵام ژێنێراڵ گابی ئەشکەنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دەڵێت وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاری لەگەڵ هێزی ناوەکی ئێران هەموو جۆرە کەرەستەیەک بە کار دەهێنێت و هەنگاوگەلێکی بەربڵاو ئەنجام دەدات کە باشتر وایە نەوتراو بمێننەوە.
بێهرووز کەماڵوەندی، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران دەڵێت کە کارەساتی نەتەنز، خەسارێکی ئابووری بەرچاوی بە جێهێشتووە و ئەگەری هەیە کە لاوازییەک درووست بکات.
کەناڵی ١٢ی ئیسڕائیل بە پێی لێکۆڵینەوەی زانیارییەکان ڕایگەیاند کە تەقینەوەی لە دامەزراوەی ناوەکی نەتەنز، پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆمی بۆ ماوەی ٢ساڵ دواخستووە.

ئه‌م بابه‌ته 182 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:58:07/07/2020