پەردەیەکی تری ئەم شانۆیە دا کەوت! خوێندنەوەیەکی کورت بۆ دادپێدانانەکی زەریف لە مەجلیس

پەردەیەکی تری ئەم شانۆیە دا کەوت!

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ دادپێدانانەکی زەریف لە مەجلیس

پەردەیەکی تری ئەم شانۆیە دا کەوت!

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ دادپێدانانەکی زەریف لە مەجلیس

ئەردەلان فەرەجی

ساڵانێک بوو کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕۆژانی سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بە جیاوازی ڕوانگەی دەسەڵاتداری یارییەکی دەست پێکردبوو لە بەرامبەر ڕای گشتی ناوخۆی وڵاتەکەی و هەمیش ڕوو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

بوون دوو جەمسەری لە بۆچوون و شێوە ڕوانین بۆ پرسەکان سەرلێشێواوی و تەنانەت هیوایەکی درۆینەشی بۆ باشتر بوونی دۆخەکان پێک دەهێنا. هەر لە "کۆماری" و "ئیسلامی" بوونەکەوەی بگرە تا شەڕی باڵەکانی ڕاست و چەپ و ئیسلاحتەڵەب و ئوسوولگەرا، خاتەمی و ناطقی نووری، ئەحمەدی نژاد و ڕەفسەنجانی، جەلیلی و ڕووحانی و ....

لەم دواییانەش و پاش هاتنە سەرکاری ڕووحانی وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم یارییە چڕتر بوویەوە.

لە پرسی ناوکی و باقی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، کۆماری ئیسلامی توانیبووی بە نیشاندانی دەنگی جیا و تەشەتوتی ئارا، سەر لە دنیا بشێوێنێ و وای بە خەڵکی ناوخۆ و جیهان دەگەیاند کە کۆمەڵێک خەڵکی دەمارگرژ و توندڕەو لە دەسەڵاتی سیاسی ئێران بوونیان هەیە کە لەمپەرن لەبەردەم نواندنی شێوازێکی پەسندی جیهان لە حوکمڕانی و داوامان ئەوەیە یارمەتی باڵی کۆترەکان بکەن بۆ ئەوەی دەسەڵات بە دەستەوە بگرن، بۆیە هەرجارە و بە سیاسەتی هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر، پاسکارییان بە یەکتر دەکرد.

لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئەحمەدی نژاد، هاوئاواز لەگەڵ خامنەیی ڕووهەڵماڵدراوانە وتاری دژی نەیارانی ناوخۆی و دەرەکی کۆماری ئیسلامی دەدا. "ئێران زیندانی سیاسی نییە!"، "ئێران ترانس جێندێری نییە!"، "ئێران ئازاد ترین وڵاتی جیهانە!"، "ئیسرائیل لە سەر نەخشەی جیهان دەسڕینەوە!"، هۆلۆکاست درۆیە!"، "شەمەندەفەری ئەتۆمی تورمزی نییە!" و زۆر شتی هەلەق و مەلەقی لەو شێوەیە کە بە پشت بەستن بە دۆلارە نەوتییەکان شەڕی لەگەڵ هەموو جیهان دەکرد. گەمارۆ جەرگبڕەکان دژی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد، کۆماری ئیسلامی کەوتە سەرچۆک، لە وەها دۆخێکدا ڕووحانی بە بەڵێنی درۆینە بە ڕۆژئاوا و چارەسەری پرسی ناوکی هاتە سەرکار و سەرەنجام "زەریف" و "کێری" واژۆیان لە ژێر ڕێکەوتننامەی ناسراو بە "بەرجام" کرد.

دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا هاتە سەرکار و وتی کە بەرجام خراپترین ڕێکەوتننامەی مێژووی ئەمریکایە. هەڵبەت ئۆباما فریوی ئەو سیاسەتی دووفاقە و پاسکارییەی کۆماری ئیسلامی خوارد. ئۆباما پێی وابوو، ئازاد کردنی پارە بۆلک کراوەکانی ئێران، دەڕژێتە کەرتی ئابووری و بوژانەوەی گوزەرانی خەڵک، بوونی خۆشگوزەرانی و دروست بوونی هیوای دواڕۆژێکی گەش لە لای خەڵک وا دەکات دەنگ بە ئیسڵاحتەڵەبەکان بدەن. هاتنە سەرکاری ئیسلاحتەڵەبەکان ڕێگەی دێمۆکراتیزە بوون و کرانەوەی ئێرانە، بەڵام مەخابن هەڵە بوو. ترامپ باش لەو ڕاستییە تێگەیشت، لە بەرجام جیا بوویەوە و گەمارۆکانی دژی کۆماری ئیسلامی قورستر کردەوە. دەستە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە کورت کردەوە و کشەکشەی لێ کرد بۆ چوونەوە ناو سنوورەکانی خۆی و دواجاریش قاسمی سولەیمان کوشت.

قاسمی سولەیمانی فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای پاسداران بوو. هەموو جیهان بە تیرۆریستی دەناسی و دەستی بە خوێنی سەدان هەزار خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێران و عێراق، ئەفغاستان و سورییە و لوبنان و یەمەن و... سوور بوو.

ساڵانێک بوو کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە کۆڕ و کۆمەڵی دەرەکی زەریف ئەرکی میکیاج کردنی سیمای ناشیرین و نگریسی کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆ بوو. کۆت و شەڕواڵ و کراسی یەخە ئاخوندی قۆڵدرێژی دوگمەداری ڕۆژئاوایی لە بەر دەکرد و بە ئینگلیزی دەیوت کە من جیاوازم لە حاجی قاسمی سولەیمانی.

ڕۆژئاواییەکانیش بڕوایان بەم درۆ شیرینە کردبوو. فەرقی بۆ قاییل دەبوون. لە ناوخۆ پێیان دەوت ئەمیرکەبیری سەردەم و پێشاوپێش کاندیدیان دەکرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری دوای ڕووحانی، بەڵام دوێنێ لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئاوی پاکی ڕشتە سەر دەستی هەموو ڕۆژئاوایی و جەماوەرە خۆشباوەڕەکەی ناوخۆی ئێران.

زەریف وتی؛ "هەموو کارەکانمان لەگەڵ قاسم سولەیمانی پێکەوە دەکرد!". حاجی قاسمی تیرۆریست.

بەدڵنیاییەوە زەریف یەکێک لە ئامانجەکانی لە وتی ئەم قسەیە لە جەلەسەی ئیستیزاحی لە مەجلیس، کەم کردنەوەی گوشاری ئوسوولگەرا و دلواپەسانی کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام هەموو جیهان شاهیدی ئەم دان پێدانانەی بوو کە ئەو و قاسمی سولەیمانی دوانەی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بوون. ئەو بە جەفییە و جلی سەربازییەوە و ئەویش بە کۆت و شەڵواڕی ئوتووکراوەوە.


ئه‌م بابه‌ته 869 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:35:06/07/2020