گێرەوکێشەی نێوان ئەندامانی پەڕلەمان و زەریف ئاڵۆزی لێکەوتەوە

گێرەوکێشەی نێوان ئەندامانی پەڕلەمان و زەریف ئاڵۆزی لێکەوتەوە
ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی پووشپەڕ، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ پێشکەش کردنی ڕاپۆرتێک لەسەر چەند پرسێکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران چووە پەڕلەمان، کە لە کاتی قسە کردن لەگەڵ کاردانەوەی توندی چەند نوێنەری پەڕلەمانی ئێران ڕووبەڕوو بووەوە و بە "درۆزن" ناویان برد و هەوڵی بەجێهێشتنی پەڕلەمانیدا.

زەریف لە کاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەیدا لەگەڵ درووشمی "درۆزن" و "مردن بۆ درۆزن" بەرەو ڕوو بووەوە و لە کاردانەوە بەم درووشمانە، ئاماژەی بە چەند وتەیەکی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کرد، کە ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاستەوخۆ ئاماژە بە بێ دەسەڵاتی دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی وڵات و دەسەڵاتی بێ سنووری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و دەورووبەرانی بوو.

پاش تەواوبوونی قسەکانی زەریف، چەندین نوێنەری پەڕلەمانی ئێران وەک نوێنەری تاران و خومەینی شار، لە کاردانەوە بە قسەکانی زەریف پرسی سکاڵا تۆمار کردن لەسەر دەوڵەت و تەنانەت دەست لەکارکێشانەوەی ڕۆحانیان هێنایە بەرباس.

لەم کاتەدا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفتی چارهەڵنەگر لە ناوخۆ و دەرەوە، وەک" گەندەڵی و ڕاندخۆری لە ناو سیستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هێرشی سایبێری بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، قەیرانەکانی سەردەمی کۆرۆنا و ناکارایی لە شێوەی بەڕێوەبردنی و بە گشتیی لە دەستدانی مەشروعییەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی"بەرەوڕوویە، کێشە و ململانێی نێوان باڵەکانی دەسەڵات گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و تەنیا هیوای کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوە لە دەسەڵات کەڵک وەرگرتن لە  کەرستەی سەرکوتە بۆ کپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران.

ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:01:52:06/07/2020