بەندکراوێکی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئیعدام کرا

بەندکراوێکی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئیعدام کرا
ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی پووشپەڕ، سزای سێدارەی حسێن جەلالوەند، خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران کە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای ئیعدامی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

ماڵپەڕی هەنگاو لە زمان سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردۆتەوە، حسێن جەلاوەند، ٣٨ ساڵان و خەڵکی شاری کرماشان کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، لە بەندی ٣ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیرابوو و سزاکەشی هەر لەم زیندانە جێبەجێ کراوە.

جێی ئاماژەیە، لەم کاتەدا کە گرانی، هەژاری و بێکاری لە لایەک و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ناکارایی بەرپرسان لەمبارەیەوە، لە لایەکیتر، زیاتر لە هەر کاتێک خەڵکی ئێرانی خستووەتە ژێر گوشارەوە، کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک و کپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک لە بەرابەر ناکارایی و گەندەڵی کە سەرتاپای ئەم ڕژیمەی گرتۆتەوە، شەپۆلێکی دیکەی لە ئیعدامی شارۆمەندان لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەست پێ کردووە.

ئه‌م بابه‌ته 174 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:48:05/07/2020