جموجۆڵی گوماناوی هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە، خەڵکی نیگەران کردووە

جموجۆڵی گوماناوی هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە، خەڵکی نیگەران کردووە
بە پێی هەواڵێک کە لە شاری سنەوە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی رۆژهەڵات گەیشتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هێزێکی زۆریان بە چەک و چۆڵی قورسەوە، لە گوندی شوێشەی ناوچەی کەڵاتەرزان سنەڤ جێگیر کردووە و ئەمەش خەڵکی ناوچەکەی نیگەران کردووە. 

بە وتەی سەرچاوەی هەواڵەکە، هاوکات هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە گوندەکانی نەنەڵە، باوەرێز و نایسەر مانۆڕی سەربازیان لێداوە و بە خەڵکی ناوچەکەشیان ڕاگەیاندووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا هێزێکی سپای پاسداران لەم ناوچەیە جێگیر دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی زۆرێک لە کۆنە جاش و پاسدارە خانەنشینکراوەکانی لە ناوچەی سنە بانگهێشت و پێی ڕاگەیاندوون: دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و پێویستە ئەوانیش سەر لە نوێ پەیوەست بنەوە بە هێزەکانی سپای پاسداران و هاوکارییان بکەن.
جێی ئاماژەیە، کۆماری ئیسلامی لە هەفتەی ڕابردووەوە هێزێکی زۆری لە ناوچەکانی کوردستان و بە تایبەت سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور جێگیر کردووە و چەندین جار بە بیانووی بنکە و بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و مەبەست لەم کارانە تەنیا چاوترسێن کردنی خەڵکی کوردستان و پێشگرتن بە کار و چالاکی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانە.

ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:49:25/06/2020