سێ کۆڵبەر لە سنووری چاڵدۆران بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم کوژران و برینداربوون

سێ کۆڵبەر لە سنووری چاڵدۆران بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم کوژران و برینداربوون
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، ۵ی پووشپەڕی ۱۳۹۹ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە نزیک گوندی "سگریک"ی سەر بە ناوچەی چاڵدۆران تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کرد کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی " قاسم سەربازی" کە باوکی دوو منداڵە گیانی لە دەستدا و دوو کۆڵبەری دیکەش بە سەختی برینداربوون.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، بریندارەکان، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ناوچەکە کراون.

جێی ئاماژەیە، بێکاری، هەژاری و گرانی لە لایەک و نەبوونی هەلی کار بۆ شارۆمەندان لە لایەکیتر وای کردووە کە خەڵکی شارە سنوورییەکان بۆ بژێوی ژیان ڕووبکەنە سەرسنوور و ڕێگای پڕ مەترسی کۆڵبەری بگرنەبەر کە هەموو کاتێکیش لە لایەن هێزەکانی سەرسنوورەوە دەکرێنە ئامانج و دەبنە قوربانی؛ مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخرانی سنوورەکانیش چەند هێندەی دیکە ژیانی خەڵکی هەژار و کەم داهاتی لە شارە سنوورییەکان دژوارتر کردووە.



ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:23:25/06/2020