بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی شاری کامیاران

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی شاری کامیاران
دوای دەستپێکردنی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان، بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە زیندانەکانی ئێرانیش گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار.

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە، ٣ی پووشپەڕ، زیندانییەکی کوردی دەستبەسەر لە زیندانی شاری کامیاران بە ناوی ڕۆستەم قوربانی، دوای تێکچوونی دۆخی تەندروستی، چەندین جار داوای لە بەرپرسانی زیندان کرد بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەرپرسانی زیندان دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر ناوبراویان بۆ نەخۆشخانەی شاری کامیاران گواستەوە و دەرکەوت کە ناوبراو کۆرۆنای هەیە و کەمتەرخەمی بەرپرسانیش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەرچی زیاتری ئەم ڤایرۆسە لە ناو بەندەکانی زینداندا.

جێی ئاماژەیە، چوونەسەرەوەی ڕێژەی زیندانیان و زیاتر لە ئاستی ستانداردی زیندانەکان و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و تەندروستی بە تایبەت بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی، دۆخی زیندانەکانی ئێرانی خراپتر و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەستبەسەری زیاتر خستووەتە ژێر هەڕەشەی تووشبوون بە کۆرۆناوە.

ئه‌م بابه‌ته 101 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:08:15:24/06/2020