"سەهامی عەداڵەت" خەونێکی شیرین کە بە تاڵی وەردەگەڕێت!

هیوا مورادی

لە ماوەی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوو پاش وەبن کەوتنی کەوگیری هێزی دارایی دەوڵەت لە بنی قابلەمەکە، بە بێ نەبوونی دۆلار نەوتییەکان و پاشان بەردەوام بوونی نوشستی قووڵی کۆرۆنایی لە ئابووری شەلەلی ئێران و ئاوێتەبوونی قەیرانی ڕەوایی و مەشرووعییەت، ناکارامەیی، گەندەڵی قەوارەیی، پەراوێزکەوتنی سیاسی و ئابووری و لە هەمووان گرنگتر مەترسی تەقینەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی چینی مەزنی "هەژار کراو"، وای لە بەرپرسی یەکەمی دەسەڵاتی لە ئێران کردووە کە بە دوایین کارتەکانی یاری بکات و بە ڕاکێشانی پرسی پشکەکانی دادپەروەری (سهامی عدالت) بۆ بازاڕی بوورس و دروستکردنی تەماح و بەرژەوەند، لە وەدست خستنی سوود لە نێو چین و توێژە جیاجیاکان، ئاستی ئەمنییەت بۆ مانەوەی خۆی بەرز بکاتەوە و دەرفەت و کاتی پێویست بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی گرنگترین پرسە ناوخۆییەکان و لەوانە قەیرانی جێنشینی و جێگرەوەی ڕەهبەری لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە پرسی سیاسەتی دەرەوە بە سازانێک و کۆنتڕۆڵی گرژییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوا، دەست بخات. 
ئەم هەواڵە و پەراوێزەکانی لە لایەن ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵاتەوە بە شێوەی موهەندیسی کراو،  بووەتە پرسی ڕۆژ و باسی چەندایەتی و چۆنایەتی و نرخی ئەم پشکانە لەم ڕۆژانەی فەلاکەت و ڕۆژڕەشییە گشتییەی خەڵک وەک دیارییەکی نیزام و حاکمییەت بە چینی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگا دەکرێتە دەستەچیلە بۆ ئاشتکردنەوەی لەگەڵ خامنەیی و شۆڕشی ئیسلامی، بەڵام چیرۆکەکە بەمە کۆتایی نایات.
لە ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەت پاش خۆپیشاندان و ئیعترازە جەماوەرییەکانی سەرماوزی ٩٦ و پاییز و زستانی ساڵی ٩٨ی هەتاوی، بۆ دەسەڵات و هەروەها بۆ زۆرێک لە لێکۆڵەرانی سیاسی دەرکەوت کە جۆر و ئاست و پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم ئیعترازاتانە لە ناخۆی ئێران جیاوازی بنەڕەتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی پێشووتر هەیە و ئەویش هاتنە مەیدانی چینی گەورەی ژێردەستان، پەراوێزنشین و چینی هەژار و کەمداهات کە پێشووترەکان وەک پێگەی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئەژمار دەکران، بەڵام ئێستا دەسەڵات ئەم چینە بە سەرباری خۆی دەزانێت و توانای دابین کردنی لانی کەمانی ئەوانیشی نییە و لە بەرامبەر دا، ئەم بەشە لە کۆمەڵگاش لە هیچ دەرفەتێک بۆ نیشاندانی توڕەییان دریغیان نەکردووە و بە پێچەوانەی چینی مام ناوەندی ناوەند نشین شتێکی ئەوتۆیان بۆ لە دەست دان نییە و سەرەڕای سەرکوتی بەربڵاو و خوێناویان لە چاو جارەکانی پێشووتر لە هەموو کات زیاتر ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی بەرین لە ئێران لە ئارادایە. 
سەرانی کۆماری ئیسلامی باش لە دۆخی خۆیان و کۆمەڵگای ئێران ئاگادارن و بۆ مانەوەی خۆیان و بردنە سەرەوەی ئاستی ئەمنییەتی خۆیان کە کەڵک وەرگرتنی بەردەوام لە دەزگای سەرکوت  لە بەرامبەر چینە خوارینەکانی کۆمەڵگا بۆیان مەترسیدارە و هەر بۆیە بازنەی بڕیاردەری دەسەڵات وەک تەنیا دەرفەتی مانۆڕ، یەک دەست و یەک کاسە کردنەوەی دەسەڵاتیان لە ڕێگەی وەتەماح خستنی خەڵکی ناڕازی و هەروها هەوڵ دەدات وێنایەکی درۆینە لە باشتر بوونی ڕێژەیی دۆخەکە پاش کۆتایی دەوڵەتی ڕووحانی و دەوڵەتی ترامپ وەک پەکەیج و بەستەیەکی سیاسی-ماڵی چەند لایەنە بخاتە ڕوو کە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا ڕاستەوخۆ یان  ناڕاستەوخۆ زۆرتری دەبیستین.
بەڵام خاڵی کۆتایی ئەمەیە کە ئەم سێناریۆیەش بەهۆی دروست بوون و ئیچم گرتنی لە بۆشاییدا و بەهرەمەند نەبوون لە پێویستییە ستراتێژییەکان و لەوانە نەبوونی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ دەربازبوون لە بن بەستی ئابووری و دیپلۆماتیک و بەشداری شارۆمەندان لە بڕیارە گەورەکان، مەحکوومە بە شکست و ئەم خەونە شیرینەی دەسەڵات لە کاتی گەیشتنی بە یەکەم بەربەست و لەمپەر لە پێوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەبێتە کێشە و بەخێرایی دەبێتە کابووسێکی ترسناک، هەروا کە چل ساڵە سیستمی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانی لە کۆماری ئیسلامی دا، جگە لە کەڵەکە بوونی مەزنی قەیران، پیشەیەکی تر نەبووە و ئەمڕۆکە دەرکەوتووە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی متمانەبەخۆیی پێشووی بۆ ژیانی بەردەوامی لە قەیرانەکاندا، نەماوە.

ئه‌م بابه‌ته 634 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:01:23/06/2020