تەرمی غوڵامڕەزا مەنسووری لە ڕۆمانی دۆزرایەوە

تەرمی غوڵامڕەزا مەنسووری لە ڕۆمانی دۆزرایەوە
ڕۆژی هەینی، ٣٠ی جۆزەردان، تەرمی غوڵامڕەزا مەنسووری، دادوەرە هەڵاتووەکەی دەزگای قەزایی ئێران کە تۆمەتی گەندەڵی ماڵی لەسەر بوو، لە شوێنی مانەوەی، لە هۆتێلێکی بوخارستی وڵاتی ڕۆمانی دۆزرایەوە.

هەر چەند قسە و بۆچوونی جۆراوجۆر لەسەر شێوەی ڕووداوەکە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە ناوبراو لە لایەن کەس یا کەسانێکەوە کوژراوە و تا ئێستاش هەوڵەکانی پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن: ناوبراو کوژراوە و تەرمەکەی لە پەنجەری ژوورەکەیەوە فڕێ دراوەتە خوارەوە بۆ بەردەمی هۆتێلەکە، ئەوە لە حاڵێکدایەکە کە بەرپرسانی پۆلیسی ناوچەکە دەڵێن تەرمەکەی لە ناو بینای هۆتێلەکەدا بووە. 
مەنسووری، جێگری بەشی جێبەجێکاری سادق لاریجانی بەرپرسی پێشووی دەزگای قەزایی ئێران بوو، کە دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی گەندەڵی ئەکبەر تەبەری، مەنسووری تۆمەتی گەندەڵی ماڵی و وەرگرتنی بەرتیلی ٥٠٠ هەزار یۆرۆی خرایە پاڵ و ناوی لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە دواتر ئاشکرا بوو ناوبراو لە ئێران نەماوە و لە ڕۆمانی پەنابەرە.
هەر چەند کۆماری ئیسلامی لەڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی دا مەنسووری بگەڕێندرێتەوە ئێران، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بە هۆی پێشینەیەک کە کۆماری ئیسلامی لە کوشتن و ئیعدام و تیرۆر هەیەتی، ڕۆمانی ئامادە نەبوو مەنسووری ڕادەستی ئێران بکاتەوە. 
کوژرانی غوڵامڕەزا مەنسووری کاردانەوەی جۆراوجۆری لە ناوخۆ و دەرەوە بەدواوە بووە.

ئه‌م بابه‌ته 73 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:17:20/06/2020