گەمارۆ نوێکانی ئەمریکا بە دژی دەوڵەتی سووریا

گەمارۆ نوێکانی ئەمریکا بە دژی دەوڵەتی سووریا
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەمارۆ نوێکانی خۆی بە دژی دەوڵەتی ناوەندی سووریا چڕتر دەکاتەوە.

ئەم گەمارۆیانە کە لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ جۆزەردانەوە دەستی پێکردووە، ڕێگری دەکات لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی ئابووری بۆ دیمەشق و هاوپەیمانانی پاش کۆنتڕۆل کردنەوە و بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکان لەو وڵاتەدا. 
ئەم گەمارۆیانە کە بە "یاسای قەیسەر" ناسراوە جگە لە بەشار ئەسەد و دەوڵەتەکەی، هاوپەیمانان و پشتیوانانی ڕژیمی سوریەش دەگرێتەوە کە بریتین لە؛ تاران، مۆسکۆ و حیزبوڵڵای لوبنان. 
کاردانەوەکانی"یاسای قەیسەر" تەنیا ڕوو بە ئەوان نییە، بەڵکوو دەتوانێت لەسەر چین و چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکەش وەکوو ئۆردۆن، عێراق، لوبنان و ئەوانەی کە ویستی پەیوەندی لەگەڵ دەمشقیان هەیە کاریگەری دادەنێت.
کێلی کرەفت، باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەم ڕێکخراوەی ڕاگەیاندووە کە ئاکامی ئەم گەمارۆیانە ڕێگری دەکات لە بەدەست هێنانی داهات بۆ ڕژیمەکەی بەشار ئەسەد و ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی بۆ سەرەڕۆیی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و توندوتیرژی بەرامبەر بە گەلەکەی خۆی بە شێوەی بەرین ئەنجامی دەدات. هەڵسووکەوتی بەشار ئەسەد و ڕژیمەکەی ئاسۆی چارەسەری سیاسی کێشە و قەیرانەکانی سوریای پەک خستووە. 
کێلی کرەفت دووپاتی کردەوە کە دەبێت دەوڵەتی بەشار ئەسەد داواکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، تێپەرێن لە دۆخی سیاسی ئێستای سووریا لە توێی وتووێژ لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوە بەرێت.
کۆنگرێسی ئەمریکا لە کاتی پەسەندی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەم وڵاتە لە سەرماوەزی ساڵی پێشوو ڕێگەی دابوو گەمارۆگەلێکی نوێ بە دژی حکوومەتی سووریا، ئێران و ڕووسیا بە هۆی دەوریان لە سەرکووت و کووژرانی خەڵکی مەدەنی سووریا، داسەپێت و "یاسای قەیسەر"یش بە بودجەی وەزارەتی بەرگری زیاد بکرێت.
بە پێی ئەم یاسایە ئەمریکا دەتوانێت دەوڵەتی ئەسەد، ئێران و سووریا و هەر کەسێک یا گرووپێک کە یارمەتی ئابووری و تێکنۆلۆژی دەوڵەتی سووریا دەکات بخاتە ناو لیستی گەمارۆکانەوە و هەروەها ئەم یاسایە بە ناوبردنی دیاریکراوی ناوی چەندین کەس، ڕێگە بە ئەمریکای داوە تا "پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکانیان بخاتە ناولیستی گەمارۆکانەوە.
 مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە بە پێی یاسای قەیسەر"سێزار"، وڵاتەکەی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کووشتنی خەڵکی  مەدەنی، گەمارۆگەلێکی حقووقی دژی ٣٩ کەسی سووریا وەکوو بەشار ئەسەد و هاوسەرەکەی داسەپاندووە.
مایکێل مەکال، نوێنەری کۆماریخوازی هەڕێمی تێگزاس لە پەڕلەمانی نوێنەرانی ئەمریکا لە کاردانەوە بە گەمارۆکانی ئەمریکا بە دژی دەسەڵاتی بەشارئەسەد لە سووریە وتی: "ئەم گەمارۆیانە ئامرازێکی گرینگن بۆ گووشار خستنە سەر ڕژیمی ئەسەد تا کۆتایی بە هێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان و جینایەتەکانی بێنێت. 
سێناتۆر جیم ڕیچ، بەرپرسی کومیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سەنای ئەمریکاش لە ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆ دا دەستخۆشی لەم هەنگاوەی دۆناڵد تڕامپ کرد.
لە ساڵی ٢٠١١ی زاینییەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سوریا دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری حیزبی بەعس و بەشار ئەسەد دەستی پێکردووە، بە دەست تێوەردانی ئێران و سوریا ئەم ناڕەزایەتییانە بوونە شەڕی ناوخۆی لەو وڵاتە و تائێستا نزیک بە ٨٠٠هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ٦ میلیۆن کەس لەو وڵاتە ئاوارە بوون. بەشار ئەسەد بە پشتگیری ئێران و ڕووسیا و سەرکوتی نەیارانی جارێکی دیکە چووەتەوە سەر دەسەڵات و لە حوکمڕانی سوریا بەردەوامە.

ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:00:18/06/2020