فەرماندەی سێنتکام: کۆماری ئیسلامی گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر ئەمنیەت و سەقامگیری ناوچەکە

فەرماندەی سێنتکام: کۆماری ئیسلامی گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر ئەمنیەت و سەقامگیری ناوچەکە
ژێنێراڵ مەکێنزی، بەرپرسی ژووری فەرماندەهی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت: کۆماری ئیسلامی و هەنگاوە تێکدەرانەکانی، گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەکە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی جۆزەردان، فەرماندەی سێنتکام لە وتووێژێژکی ڕۆژنامەوانی دا وتی: "ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەکە. ئەوان تیرۆریزم و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بواری ئابووریەوە دابین دەکەن، ئەوان ڕژیمی مرۆڤکوژی ئەسەد بەهێز دەکەن، بۆ حوسییەکان لە یەمەن چەک و چۆڵێ پێشکەوتوو دابین دەکەن، هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرە نێونەتەوەییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بەڕێوە دەبەن و بە دژی عەرەبستان و هێزە ئەمریکاییەکان دەجوڵێنەوە. ئێران چالاکانە ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا بڵاودەکاتەوە و مەبەستی لەو کارە لاواز کردنی ئەمنیەتی سەرتاسەری ناوچەکەیە؛ هەمووی ئەم هەنگاوانە لە کۆتاییدا لە ڕاستای ئامانجە هێژمۆنیکەکانی خۆی دایە.
ڕژیمی ئێران چەندین ساڵ بەشێكی گەورەی لە سامانی نیشتمانی ئەو وڵاتە کە دەبوایە بۆ ئاسایش و بژێوی خەڵک بوایە، هەڵی گرتووە و بەردەوام بۆ ناسەقامگیری لە ڕێگای هێزە بەوەکاڵەتەکانی خۆی کەڵکی لێ وەگرتووە و لەم ڕێگایەشەوە هەوڵی داوە تا وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش لەگەڵ ئامانجەکانی خۆی هاوڕا بکات.”
ناوبراو ئەوەشی زیادکرد: "هەر بەم پێیە، بە بڕوای من، ڕێگای گشتیی ئێمە لە ناوچەکە ئێرانە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ڕێنمایی دەکرێت وهەر ئەو جۆرەی دەزانن بە "کارزاری ئەوپەڕی گووشار" پێناسە دەکرێت.
"کارزاری ئەوپەڕی گووشار"، گەمارۆ و ڕێگا جۆراوجۆرەکان لە خۆ دەگرێت تا کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەنجامی کارە جیاوازەکان وەکوو ڕاگرتنی چەکی ناوەکی، ڕاگرتنی کار لەسەر مووشەکە بالێستیکەکان، ڕاگرتنی پشتیوانی ماڵی تیرۆریزم و زۆر هەنگاوی دیکە بە دژی وڵاتە جیرانەکانی بخاتە ژێر گووشارەوە.
فەرماندەی سێنتکام لە پرسیاری وڵامێک دا لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران لە داهاتوودا وتی: بەراوردی من ئەوەیە کە ئێمە چووینەتە قۆناغێکی نوێ کە من بە "بەرگری کێبڕکێ کردن لەگەڵ ئێران" ناوی دەبەم.
ئەم قۆناغە لە ڕاستیدا بە هێرشەکان لە ژانویە دەستی پێکرد، کاتێک ئێمە هێرشمان کردە سەر قاسمی سولەیمانی و ئەوان هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی ئێمە لە هەولێر و بنکەی ئەلئەسەد کرد. 
ناوبراو ڕوونی کردەوە لە دوای کووژرانی قاسمی سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەولاوە، ئێرانییەکان ناچار بە پێداچوونەوە بە ستراتیژی و لێکدانەوەکانیان بوون، چوونکە هیچ کاتێک بڕوایان نەدەکرد کە ئێمە بەڕاستی بە دژی ئەوان ئەو هەنگاوە هەڵگرین.
بە وتەی فەرماندەی سێنتکام، ئێران لە ئێستادا لەو چالاکییانەی ڕابردووی دەستی کێشاوەتەوە چوونکە شاهیدی توانای ئەمریکا لە وڵامدانەوە لە ناوچەکە و لە جیهان دا بووە.

ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:51:11/06/2020