برایان هووک: گەمارۆکان بە دژی ئێران دەرئەنجامێکی زۆر باشی بووە

برایان هووک: گەمارۆکان بە دژی ئێران دەرئەنجامێکی زۆر باشی بووە
برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێت: گەمارۆکان بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرەئنجامی زۆر باشی بووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم گوشارانەوە توانیوێی میلیاردها دۆلار سەرچاوەی ئابووری کە لەبەر دەستی تاران دا بووە، دوور بکاتەوە و بیپچڕێنێت.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی جۆزەردان، برایان هووک لە وتووێژێکی ڤیدیۆیی دا لەگەڵ دامەزراوەی هێریتێج وتی: واشێنگتۆن لە هەوڵی گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆسەر چەک و چۆڵی ئێران دایە.
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئێران وڵاتێکی پەراوێزخراوە و پشتیوانی نێونەتەوەیی نییە، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێڵی پێشەوەی پشتیوانی ئابووری تیرۆریزم لە جیهان دایە و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی چەک و چۆڵ، هەلێک بۆ کۆماری ئیسلامی درووست دەکات تا ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا پێکبێنێت.
ڕێکەوتنی ناوەکی لە نێوان ئێران و شەش وڵاتی زل هێزی جیهانی لە پووشپەڕی ساڵی ٩٤ی هەتاوی دا واژۆ کرا و شەش ڕۆژ دوای ئەم ڕێکەوتنە، شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەسەندکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ ئەم ڕێکەوتنەی پەسەند کرد و شەش بڕیارنامەی پێشووی بە دژی ئێران هەڵوەشاندەوە.
ئێران لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ئێستا مافی کڕین و فرۆشتنی چەک و کەرەستەی نیزامی نییە بەڵام بە پێی ڕێکەوتنی بەرجام و بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنیەت، گەمارۆی چەک و چۆڵ و کەرەستەی نیزامی بە دژی ئێران تا ١٨ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ کۆتایی پێدێت.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد: "ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە هێزە بەوەکاڵەتەکانی، وڵاتانی ناوچەکەی کردۆتە ئامانج، چەکدارنەبوونی ئێران خزمەتێک بە دابین کردنی ئەمنیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دراوسێکانی لە ڕێگەی ‌هێزە بە وەکاڵەتەکانی بەرگری دەکات.
بە وتەی ئەو، کارزاری ئەوپەڕی گووشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران درێژەی دەبێت و تاران دەبێت وڵامدەر بێت.

ئه‌م بابه‌ته 341 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:40:11/06/2020