ئۆکڕاین: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر فڕۆکە ئۆکڕاینیەکە هەڵەیە

ئۆکڕاین: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر فڕۆکە ئۆکڕاینیەکە هەڵەیە
لە دوای وتەکانی جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەرکۆتایی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە فڕۆکە ئۆکڕاینیەکە، کە لەلایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی خرایە خوارەوە، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکڕاین ئەم ئیدیعایەی بە هەڵە ناوبرد و لەسەر پێویستی خوێندنەوەی سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە پێداگری کرد.
یون یێنین، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکڕاین لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنی دا وتی: "ئێمە لە سەرەتاوە دەبێت بڕوا بە بەڵگە واژۆکراوەکان بکەین، نە وشە جوانەکان..."
یێنین کاردانەوەی بەرامبەر وتەی بەرپرسانی ئێرانی لەسەر ئەوەی کە هەڵەی ئینسانی هۆکاری ئەم کارەساتە بووە نیشان دا و وتی: "ئێمە لەسەر ئەوەی کە ڕاپۆڕتە فەرمییەکان سەبارەت بە هۆکاری ئەم تراژێدیە لە پلەی یەکەم دا دەبێت بە پێی ڕاستیی لە پەیوەندی یاسادا بێت پێداگرین."
هەر لەم پەیوەندەدا، ناوبراو ئاماژەی بە پێویستی تەواوکردنی "لێکۆڵینەوەی فەنی" و "ڕێگا کەیفەرییەکان" کرد.
ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردان، موحسین بەهاروەند، جێگری یاسایی و بواری نێونەتەوەیی وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ئیرانا، پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لەسەر فڕۆکەی ئۆکڕاینییەکەی بە تەواو کراو ناوبرد و ڕایگەیاند: "هیچ ناڕوونیەک بوونی نییە و ئێمە دەزانین چی ڕووی داوە، ئەگەری هەیە خوێندنەوەی سندووقە ڕەشەکە یارمەتییەکی کاریگەر بە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکان نەکات."
جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکڕاین لە وڵامی ئەم وتانەدا دەڵێت: "ئەمە لە بواری بەڕێوەچوونی عەداڵەت و هەستی بنەماڵەی گیانبەختکردووان درووست نییە کە بڵێین پڕۆسەکان بێ خوێندنەوەی سندووقە ڕەشەکە کۆتایی پێهاتووە."
یێنین پێشووتر و لە ڕۆژی ٢٩ی گوڵان دا وتبووی: "ئەگەر وتووێژەکان نەگاتە ئەنجام، ئەوە ناچارین دەست بدەینە دادگا داوەرییە نێونەتەوەییەکان، وەکوو دیوانی نێونەتەوەیی دادگوستەری."
جێی وەربیرهێنانەوەیە، ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، فڕۆکەی ٧٥٢ی ئۆکڕاین لە تاران لە لایەن پەدافەندی ئاسمانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیەوە خرایە خوارەوە سەرجەمی سەرنشینەکانی کە ١٧٦ سەرنشین بوون، گیانیان لە دەستدا.
سەرەتا ئێران هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی کێشەی فەنی ڕاگەیاند و هەر جۆرە بەرکەوتنی مووشەکی لەگەڵ فڕۆکەکە ڕەت کردەوە و لە هەمان ڕۆژدا ئەبولفەزل شکارچی، وتاربێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەم ئیدعایەیەی درۆیەکی تەواو و بە شەڕی ڕەوانی ئەمریکا ناوبرد.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای سێ ڕۆژ حاشا کردن لەم بابەتە، لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، کەوتنەخواری فڕۆکەی ٧٥٢بە هۆی مووشەکی سپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.
تا ئێستا کۆماری ئیسلامی هیچ هەنگاوێکی بۆ خوێندنەوە و دابەزینی زانیاری سندووقی ڕەشی فڕۆکەکە هەڵنەگرتووە.

ئه‌م بابه‌ته 342 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:47:09/06/2020