گوشارێکی نوێی زانستگاکانی «پەیام نوور» بۆسەر خوێندکاران!

گوشارێکی نوێی زانستگاکانی «پەیام نوور» بۆسەر خوێندکاران!
سازدانی: هێرش ڕەهنەوەرد




ئاسۆی ڕۆژهەڵات: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو و لەگەڵ دەسپێکی نەخۆشینی کۆرۆنا کۆمەڵێ کێشە و گرفت بۆ خوێندکاران لە ئێران درووست بووە.
دوابەدوای تەشەنە سەندنی نەخۆشینی کۆرۆنا ودوای ماوەیەک زانستگاکان و خوێندنگاکان داخران،  ئەگەرچی دانانی کلاسی ئینترنێتی بەشێ لە پلانی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ چارەسەسەری ئەم مەسەلەیە، بەڵام ئینترنێتی لاواز، گران، فیلتر کراو و ... کێشەیەی جیدی بۆ خوێنداکاران درووست کردوە.
نەبوونی پلانی درووست بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە لە لایەن نیزامی پەروەردەی ئێران و حکومەتی کۆماری ئیسلامی خوێندکارانی لەگەڵ هەندێ کێشەی دیکەش بەرەو ڕوو کردەوە.
بۆ نموونە زانستگاکانی پەیام نوور بە بڵاو کردنەوەی ئاگادارییەک ڕایانگەیاند کە پێش دەسپێکی تاقی کارییەکان، خوێندکاران دەبێ شەهریەی ترمی پێشیان بخەنە حەسێب لە حاڵێکدا کە ئەو ماوەیە کلاسەکان لە زانستگان بەڕێوەنەچوون و بە شێوەی مەجازی تەنیا ژمارەیک لە خوێندکاران بەشدارییان لەو کلاسانەدا کردووە.
ئەم بڕیارەی زانستگاکانی پەیام نوور تەنیا کێشەی ئەوە نییە کە خوێندکاران دەبێ شەهریەی ئەو کلاسانەی کە تێیدا بەشدارییان نەکردوە پەرداخت بکەن بەڵکوو کۆمەڵێ کێشە و گرفتی دیکەی هەیە کە دەری دەخات بارودۆخی پەروەردە و خوێندن بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدا دەبات.
هەواڵنێری ئاسۆی ڕۆژهەڵات بۆ شیکاری زیاتری ئەم بابەتە، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز «ئەمیر دانشوەر» وانەبێژی زمانی کوردی لە زانستگای پەیام نووری  شاری «مەریوان» ئەنجام داوە کە لێرەدا سەرنجی ئێوەی خوێنەران بۆ دەقی ئەم وتووێژە ڕادەکێشین.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هەروا کە ئاگاداران بەپرسانی زانستگای پەیام نوور لە درێژەی گوشارەکنیان بۆسەر خوێندکاران ئەمجارە داوای هەزینەی تێرمی پێشوویان بە بێ ئەوەی کە کلاسێک لە ئارادا بوبێ لە خوێندکاران کردوە و ئەمە ناڕەزایەتییەکی لە لایەن چالاکانی خوێندکاری درووست کردوە، دەتوانن سەبارەت بەم گوشارە نوێیانەی بەرپرسانی زانستگای پەیام نوور زیاتر ڕوونکردنەوە بدەن؟
ئەمیر دانشوەر؛ ھەر وەك ئاگاداری بە ھۆی مەترسیی تووشبوون بە كۆرۆناوە فێرگەكان لە ئاستی سەرەتایی و مام ناوەند و تا زانكۆكان داخران، تا ئێرە ھیچ كێشەیەك نییە، بەڵام كێشەكان لەویوە دێنە ئاراوە كە بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەم مەودا كە لە داخرانی سیستەمی پەروەردەدا درووس بووە، ھیچ پیلانێك دانەڕژاوە. بۆ نموونە دەكرا ئەم نیوساڵە لە وەرزی ھاوین قەرەبوو بكرێتەوە یا ئەگەر گونجاو نییە دەكرا ئەم تێرمە حەزف بكرێت. بەڵام كاربەدەستانی ئاستی باڵای كۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە پەنا دەبەنە پۆلی مەجازی، بەڵام دەزانین كە ئەم شێوازە لە پەروەردە و فێركاری ژێرخانێكی بەھێزی لە تەكنۆلۆژیا و ئەنتەرنێت و ...ھتد پێویستە، بەڵام ئەم پێداویستیانە دابین كردنی كەوتە ئەستۆی بنەماڵەكان بۆ خوێندكار و قوتابی و ئەمیشە خۆی دۆخێكی ئەستەمتری بۆ خەڵكی ساز كرد. ئەوەی كە خەمی نانی بوو ئیسە پێویست بوو خەمی نێت و ھاند و ....بخوات بۆ ئەوەی منداڵەكەی لە خوێندن دوا نەكەوێ، ئەستەمتر لەم دۆخە دۆخی ئەو كەسانە بوو كە لە دێھاتە دوورەدەسەكان ژیانیان د ەكرد و دەسڕەسییان بە نێت نەبوو.
خاڵێك كە لێرا جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێ بكرێ ئەوەیە كە خوێندن لە ئاستی باڵادا لە زانكۆكانی پەیام نوور و ئازاد خۆڕایی نییە و دەبێ خوێندكار شەھرییەی ئەو كتێبانە بدات كە زانكۆدا وانەكانی دەگوترێتەوە. چاوەڕوانی ئەوە دەكرا كە بۆ ئەم خوێندكارانە چەن ھەڵبژاردن ببێت. وەك ئەوەی كە خوێندكار بتوانێ ئەو تێرمە بە تەواوی حەزف بكات و ھەزینەی لە سەرشان نەكەوێ كە ئەم ھەڵبژاردە لانی كەم لە زانكۆی پەیام نووردا بوونی نییە. چاوەڕوانی ئەوە دەكرا چونکا پۆلەكان مەجازی كراون و ڕەنگە لە كتێبێكدا كە یەك مامۆستا وانەبێژی دەكا ٨٠٠ خوێندكار یا زیاتری ببێت و ئەمە خۆی ھەزینەكانی دەوڵەت بە ڕێژەیەكی زۆر دادەبەزێنێ، شەھرییەكان تا ئاستێكی خوار داشكانی بۆ بكرێ. كە دوایین ھەواڵدا باس لەوە دەكرێ كە پێویستە خوێندكاران شەھرییەكانیان پێش كاتی تاقیكارییەكان دەبێت پەرداخت بكرێت! ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر دەكرا خوێندكار تا دەسپێكی تێرمی نوێ شەھرییەی تێرمەكە پەرداخت نەكات.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ سەرەڕای ئەوەی کە هەزینەیەکی زۆر بۆ زانستگاکان گەڕاوەتەوە، بەڵام لە جاران زیاتر گوشار دەخاتە سەر خوێندکاران، ئەڵبەت لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو سازمانی بەرنامە و بودجە بە وەزارەتی پەروەردەی ڕاگەیاندبوو کە بۆ دابین کردنی حەقدەستی دواخراوی خانەنشینان ئەمواڵ و دارایی خۆتان بفرۆش، بەڵام ئەوان تەنیا مەدرەسە و ئۆردوگا تەفریحی و ئاموزشییەکانیان هەیە، ئایا پێت وایە ئەم گوشارانەی زانستگای پەیام نووریش بۆ خوێندکاران، هەوڵێک بێ بۆ  پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنانەی کە لە بوودجەی وەزارەتی پەروەردە هەیە؟
ئەمیر دانشوەر؛ ئەوەی كە نرخی ھەڵاوسان زیاترە لە ڕەقەمانەی كە كۆماری ئیسلامی ڕایدەگەیەنێ لە كەس شاراوە نییە، گران بوونی نان و بێنزین و سەیارە و ..ھتد كە پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی مرۆڤە بە تەواوی دەرخەری ئەم دیاردەیەتە. بەرپرسانی حكوومەت زۆر جار دان بەوەدا دەنێن كە ئابووری وڵات فەشەلی ھێناوە و ئەوان بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەلێنانە لە ھیچ ناگوزەرێن، كە وایە وەڵامی پرسیارەكەت دەبێت بەوە كە بە دڵنیاییەوە ئەم زەخت و فشارە لە سەر خوێندكارانە بەشێكە لە پڕۆژەیەكی گەورەتر كە ھەوڵ دەدات كەمیی و کورتهێنانی بوودجە قەرەبوو بكرێتەوە.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ئاراستەی ئەو گوشار و پلانانەی کە سیستم بۆ سەر خوێندکارانی جێ بە جێ دەکات، بەرەو کوێ دەچێ و مەترسییەکانی چییە لە ئیستا و داهاتوو؟
ئەمیر دانشوەر؛ بە دڵنیاییەوە ئێران خەریكە بەرەو بەرنامەیەكی جیھانی ھەنگاو ھەڵدەگرێ كە ئەویش «نێئۆلیبراڵیزم»ـە و ئێمە دەزانین لە وڵاتانی نێئۆلیبراڵیستیدا ھەوڵ بۆ ئەوە دەدرێ كە ھەموو ئەركەكانی دەوڵەت بەرەو خوسووسیسازی بڕوات و سیستەمی پەروەردە و فێركاریش بە ھەمان شێوە ھەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێ. بە دڵنیاییەوە دەوڵەتە نێئۆلیبراڵیزمەكان دەیانەوێ شانی خۆیان لە ژێر ئەركەكانیان خاڵی كەن و ئەو ئەركانە بخەنە ئەستۆی خەڵكی سڤیڵ. ئەمە مژدەی كارەساتێك دەدا كە شایستەسالاری بوونی نەمێنێ و خەڵكی بەو ئاستە كە پارە دەدەن لە تەحسێڵ و خوێندن بەشدار بن و ئەویشە خۆی مەترسییە بۆ چینی كەم داھاتی كۆمەڵگا كە لە درێژخایەندا لە تەحسێڵ كە حەقی ھەموانە بێ بەری بن.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ سەرەڕای ئەوەی سیستمی حاکمیەت لە ئیستادا سیستمێی دژە کرێکاریە و گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر چنینی هەژار و کەم داهاتی ئەو وڵاتە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ماجراجوییەکانی لە ناوچەکە کە ئابڵۆقە ئابوورییەکانی لێ کەوتوەتەوە و دەرەنجامی سیسمتی گەندەڵ و ڕانتی کە ڕۆژ نییە ئێختلاس و دزی لێ نەکرێ،  ئابووری ئەو وڵاتەی بەرەو دەڕواو وای کردووە کە سەرمایەدارەکان کڕینی بوورس لە ئێران ڕا بگرن و سەرمایەکانیان لە وڵاتانی تر سەرمایە گوزاری بکەن، بە گشتی بە پێی ئەو ئامارانەی کە هەیە  ئابووری ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تووشی کێشە دەبێ  و ئیستاش بووە بە ناوچەیەکی نا ئارام بۆ سەرمایەدارەکانیش و ناوێرن سەرمایە گوزاری لە ئێراندا بکەن، پێتان وایە بەو حاڵەیشەوە ئێران بتوانێ بەرەو نێئۆلیراڵیزم بڕوات؟

ئەمیر دانشوەر؛ سیستەمی نێئۆلیبراڵیزم لە خۆیدا كێشە و گرفتی زۆرە و مەترسییەكانی زیاتر ڕوو لە چینی ھەژار دەكات و توانایی ئێران بۆ نێئۆلیبراڵیزمە كردنی وڵات لێرا باس كردنی شیاو نییە چوون نێئۆلیبراڵیزم ئەو بەھەشتە نییە كە ئێران یا ھەر وڵاتێ تر ھەوڵی گەیشتن پێی بدات. بەڵام لە وەڵامی جەنابت پێویستە بڵێم بەو دۆخەی كە ئەمڕۆ زاڵە و ئابووری ئێران بە ھۆی گەمارۆ ئابوورییەكانی وڵاتانی دیكە ئابوورییەكی داخراوە و ژێرخانی ئابووری وڵات ھەڵگری نییە و ناتوانێ بە بێ كێشە بەرەو نێئۆلیبراڵیزم بڕوات و چونکا لە بەشی بەرھەمە ناوخۆییەكان جەخت نەكراوەتەوە ساڵانە ڕێژەی ھاوردەی کاڵا بیانییەكان زیاتر دەبێت و كورد وتەنی «لە ھەردوو جەژن بوو».

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ زۆر سوپاس کاک «ئەمیر» بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکانتان، دوایین وتەی ئێوە ڕوو لە خوێنەرانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات چییە؟
ئەمیر دانشوەر؛ بە داخەوە لە ئێراندا بە چینی خوێندكار كە بڕیارە داھاتووی وڵات بە دەستەوە بگرن بایەخ نادرێت و ئەمەش ھۆكارێكە بۆ ئەوەی كاربەدەستانی داھاتوو بە لێھاتوویی پەروەردە نەكرێن. ئێمەی خوێندكار پێویستە زیاتر بەدواداچوون بكەین بۆ مافەكانمان و بێ ھەڵوێست نەبین. ھەر وەھا سیستەمیش پێویستە ھەڵسوكەوتی بەرانبەر چینی خوێندكار بگۆڕێت كە خوێندكار پێویست نەبێت بۆ دابینكردنی شەھرییەی خوێندنگە ڕوو لە كۆڵبەری و ...ھتد بكات و لە كۆتاییشدا داھاتوویەكی چاوەڕوان كراوی نەبێت.

هەواڵنێری ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە درێژەی بەدواداوچوون لەسەر ئەم بابەتە هەوڵی وتووێژ لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکەی زانستگاکانی پەیام نووری مەریوان لەوانە: «ئومێد درەخشانی» ئەندامی شۆرای شاری مەریوان و مامۆستای ئەو زانستگایە و دوکتور «کازم حەسەنی» سەرپەرەستی زانستگای پەیام نووری مەریوان دا، بەڵام هیچکام لەوانە حازر بە وتووێژ و وڵام دانەوەی پرسیارەکانمان نەبوون. 


ئه‌م بابه‌ته 182 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:52:05/06/2020