دژە ئاراستەی خەڵک بەرامبەر هەڵسوکەتی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ کۆرۆنا

دژە ئاراستەی خەڵک بەرامبەر هەڵسوکەتی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ کۆرۆنا

ئاوێستا ئەتابەک

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی نەخۆشینی کۆرۆنا لە سەراسەری جیهان و ئێران و گیرۆدەبوونی خەڵکانێکی زۆر بەو نەخۆشینە، بەڵام  کۆرۆنا ڤایرووس جیاواز لە وڵاتانی دیکە لە شارەکانی ئێران بە شێوەیەکی گشتگیر و مەترسیدار تەشەنەی سەندووە و بەرەو ئاراستەییەکی مەترسییدار دەڕاوت کە پێدەچێ کۆنترۆڵی لەدەست خودی ڕژیمیش نەمێنێت.

بە پێی زانیارییە بڵاو کراوەکان لە لایەن خودی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماوەی ٣ رۆژی ڕابردوو هەر ڕۆژانە زیاتر لە  ٢٠٠٠ کەس تووشی ڤیرووسی کۆرۆنا دەبن.
 لەم بارەیەوە و پێی نوێترین زانیارییە بڵاو کراوەکان لە لایەن وەزارەتی بێهداشتی ئێرانەوە کە ڕۆژی چوارشەممە  ٣١ی گوڵانی ٩٩ی هەتاویی بڵاو کرایەوە، تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٢ هەزار و ٣٤٦ کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە لەم ڕێژەیە ٦٤ کەس گیانیان لەدەست داوە. بەم شێوەیە و بە پێی ئەو ئامارانە سەرجەم ١٢٦ هەزار ٩٤٩ کەس بوون بە قوربانی و لەم ژمارەیەدا ٧ هەزار و ١٨٣ کەس گیانیان لەدەست داوە.
دەبێ بوترێ کە ئاماری بڵاوە کراو لە لایەن وەزارەتی بێهداشتی کۆماری ئیسلامی ئاماری ڕاستەقینە نیییە و ئەو کەسانەی کە هەوڵی بڵاوە کردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەیان داوە دەستگیر و لێپرسینەوەیان لێ کراوە. ئامارەکانی وەزارەتی بێهداشتی کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەک ناڕاستن، کە بووە بە هۆی بەرز بوونەوەی دەنگی ناڕازای شارۆمەندان و تەنانەت هەندێ لە بەرپرسانی دەوڵەتی وەک؛ نوێنەری شاری "ڕەشت" لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، جەواد حەقشناس بەرپرسی شۆرای فەرهەنگی کۆمەڵایەتی تاران، مەجید فەراهانی ئەندامی شۆرای شاری "تاران"، مەحەممەد موختاری کاپیتانی تیمی فوتباڵی داماشی گیلان و چەندین دوکتور و پەرەستار لە شارە جیاجیاکانی ئێران کە زۆربەیان ئاماری بڵاوە کراوەی وەزارەتی بێهداشتیان بە گاڵتەجاڕانە و دوور لە ڕاستی زانیوە و پێشتریش بەرپرسێکی وەزارەتی بێهداشت جیهانی رایگەیاندبوو کە ئاماری ڕاستەقینە لانیکەم ٥ بەرابەری ئەو ئامارەیە کە وەزارەتی بێهداشتی ڕژیم بڵاوی دەکاتەوە. هەڵبەت بە پێی ئەوەی کە ئەم قسانە لە کاتێکدا بوو کە ڕەوتی ڕوو لە زیاد بوونی تووشبووانی کۆرۆنا بەم ئاستەی ئیستا زیاد نەبوو و ئاماری ڕاستەقینە لەوانەیە زیاتر لە ١٠ ئەوندەی ئاماری بڵاوە کراوە لە لایەن ڕژیمەوە بێ.
 ئەگەرچی شاراوە نییە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی ڤیرووسی کووئید-١٩ تا ئیستاشی لەگەڵدا بێ سیاسەتی بێدەنگی و درۆی بەرامبەر بە بڵاو کردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان لە میدیا و ناوەندەکانی خۆیەوە گرتە پێش، بەڵام ئەوەی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو کۆرۆنای کرد بە مەترسی بۆسەر گیانی سەرجەم شارۆمەندان لە ئێران و بگرە وڵاتانی درواسێ و جیهانیش تەنیا بێدەنگی و درۆی میدیا و ناوەندەکانی ئەو ڕژیمە  نەبوو، بەڵكوو سیاسەتی بەئەنقەستی ئەو ڕژیمە بوو لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتەکەی.
حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوو چکۆلەترین بایەخی بە بارودۆخی ژیانی خەلک نەداوە و بە هەموو شێوەیەک گیانی خەڵکی فیدای مانەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆر وگەندەڵەکەی کردووە و سیاسەتی بە ئەنقەستی ئەو رژیمە بۆ بەرەنگاری نەکردن لەگەڵ ڤیرووسی کۆرۆنا گۆشەیەکی بچووک لەو جیانایەتانەیە کە بۆ مانەوەی خۆی گرتوویەتە بەر.
کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە دەیەوێ بە مەزڵوم نەمایی و ڕاکێشانی عەتفی کۆمەڵگای جیهانی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لە لایەکی دیکەوە بۆ وەرگرتنی پارە بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانە ئابوورییەی کە خەریکە چۆک بە زیادە خوازییەکانی  دەدات و یا بە وەر گرتنی کەرەستەی پزیشکی و بێهداشتی لە وڵاتان و فرۆشتنی لە بازاری ڕەش بڕە پارەیک پەیدا بکات.
نموونەی سەلمینەری ئەو ڕاستییە دیتنەوەی ئەو یارمەتییە پزیشکی و بێهداشتییانەی کە لە لایەن "سازمانی جیهانی بێهداشت، یۆنسکۆ، وڵاتانی ئاڵمان و ..." بۆ ئێران بەڕێ کرابوون لە بازاڕی ڕەشی وڵاتانی تورکیە و وڵاتانی دیکە و یان ئاشکرابوونی ئەو کەلوپەلانەی کە لە لایەن ئێرانەوە بۆ کەربەلا و وڵاتگەلی دیکەی وەک سوریە و یەمەن بەڕێ کرابوون. بەخشین و فرۆشتنی ئەم کەرەستانە لە کاتێکدایە پێداویستییەکانی خەڵکی وڵاتەکەی و تەنانەت پزیشک و پەرستارەکان لە لایەن ڕژیمەوە دابین ناکرێ و بۆ دەست خستنیان سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئابووری کۆمەڵگا دەبێ پارەیەکی زۆر هەزینە بکرێ.
کۆماری ئیسلامی بەم هەڵسوکەتە دژە ئینسانی و هەل پەرەستانەی بەرژەوەندییەکانی خۆی و لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەی خستوەتە پێش بەژەوەندییەکانی خەڵک و ستانداردە پزشکییەکانی جیهان و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر خەڵک تووشی نەخۆشینی کۆرۆنا دەبن، بۆ نموونە بە لابردنی یەکجاری یاساکانی قەدەغە کردنی هاتوچۆ و دابین نەکردنی پێداویستییەکانی خەڵک کارێکی وای کرد کە خەڵک بڕژێنە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان. ئێمە دەیبینین کە لە وڵاتانی دیکە دەوڵەت و دەسەڵاتەکان لە بواری ماڵییەوە پێداویستییەکانی خەڵکی وڵاتەکەیان جێ بە جێ دەکەن، بەڵام چوونکە کۆماری ئیسلامی ئەو کارە ناکات بە حوکمی بارودۆخی نالەباری ئابووری مەوجوود کە لە مێژە بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بووە، ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە بارودۆخێکی نالەبار و فەلاکەت باردا داناوە و  بە شێوەیەک کە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان لەگەڵ کێشە بەرەو ڕوو دەبنەوە و لە ڕووی ناچارییەوە هاتونەتە شوێن کار و چالاکییەکانیان.
 ئەم سیاسەتە دوژمنکار و نەزانکارانەی ڕژیم لە پێناو مانەوەی دەسەلاتی خۆیدا کاری چالاکانی مەدەنی و کەمپەین و کومیتەخەڵکییەکانی دژوارتر کردووەتەوە وکارێکی وای کرد کە ئەم نەخۆشینە بەشێوەیەکی بەرچاو لە تەواوی شار و ناوچەکانی ئێران تەشەنە بسێنێ و گیانی شارۆمەندان بکات بە قوربانی.
هەر بۆیە ئەم بارودۆخە مەترسیدارە سەرەڕای ئەوەی کە ڕووانگەی ئینسان و بە گشتیی دەسەڵاتەکان بەرامبەر بە بێهداشتی تاک و بە کۆمەڵ دەگۆڕێ و پێ دەچێ کە گۆرانکاریگەلی گەورە لە ئاستی پەیوەندی خۆشەویستی و باهاناوە چوونی ئینسانەکان دروست بکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە و لە ئاستی ئێران دەبێ بە هۆی  درووست بوونی "دژە ئاراستە" لە دژایەتی "ئاراستە"ی هەوڵەکانی ڕژیم بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی.
کۆنترۆڵی ناوچەیی و دروست کردنی کەمپەین وگرووپ گەلی جیاواز بۆ بە هاناوە چوونی خەڵک بۆ خەڵک کە خۆیانیان لە ڕێگای گەیاندنی یارمەتی، وەر نەگرتنی کرێی خانۆ، دوکان، ڕێنمایی بۆ پاراستنی بێهداشت و دابین کردنی پێداویستی پزیشکی، دروست کردنەوەی پەیوەندی نێوان پزیشکان و خەڵک ڕێز گرتن لە کادرە دەرمانییەکان و ناو لێنانی پزیشکان لە کوردستان وەک "پێشمەرگانی سپی پۆش" و دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، خانۆ نشینان، کارمەندان و ماڵخوراوانی کۆمپانیاکان و مامۆستایان و... کە ڕۆژ نییە لە شوێن و شارێکی  ئێران بەڕێوەنەچن تەنیا گۆشەیەکی بچووک لە دەسپێکردنی هەستی ناڕەزایەتی و شەپۆلی توڕەیی گەرووی جەماوەر و خەڵکی ناڕازی و وەزاڵە هاتووی خەڵی ئێرانە کێ پێ دەچێ لە داهاتوودا بە شێوەیەکی گشتگیر تر و لە جوغڕافیایەکی بەرینتردا دەست پێ بکات.



ئه‌م بابه‌ته 289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:35:22/05/2020