برایان هووک: ڕێبەرانی ئێران لە نێوان دانووستان لەگەڵ تڕامپ یان ڕووخانی ئابووری دانەیەکیان هەڵبژێرن

برایان هووک: ڕێبەرانی ئێران لە نێوان دانووستان لەگەڵ تڕامپ یان ڕووخانی ئابووری دانەیەکیان هەڵبژێرن
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: برایان هووک، بەرپرسی ژووری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، حکوومەتی ئێرانی ئاگادار کردەوە کە لە نێوان دانووستان لەگەڵ دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ یا ڕووخانی ئابووری دانەیەکیان هەڵبژێرن.
لە ڕاپۆڕتی ڕۆژی سێشەممە٣٠ی گوڵانی نیۆیۆرک تایمز دا هاتووە برایان هووک بە ئاماژە بەوەی گوشارەکان کارسازە دەڵێت؛ ٣ ساڵ زیاترە لە ڕێگای دیپلۆماسی و بەرگری ئێرانمان ڕاگرتووە و بەرنگاری بووینەتەوە.
ناوبراو ئیزافەی کرد لە دەرەنجامی گەمارۆکانی ئەمریکا بە دژی ئێران لەم چەند ساڵەدا، حکوومەتی ئێران تێک چووە.
دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ لە کاتی هاتنەسەرکار، کارزاری ئەوپەڕی گوشاری بە دژی ئێران گرتووتە پێش تا ئێران مەجبوور ببێت لەسەر مێزی دانووستان لەگەڵ واشینگتۆن بەشدار ببێت.
لە دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ئەم وڵاتە هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی بە تایبەت گەمارۆ نەوتییەکانی گەڕاندەوە. دەوڵەتی ئەمریکا دەڵێت کە خوازیاری ڕێکەوتنێکە کە گەورەتر لە بەرجام بێت و پیلانی ناوەکی ئێران، چالاکی ناوچەیی و هەروەها پیلانی مووشەکی ئەم وڵاتە لە خۆی بگرێت.
ئۆپێک دەڵێت  بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە مانگی ئاوریل دا بە ٥٣هەزار بۆشکە دابەزین بەرامبەر بە مانگی مارس بۆ ١ملوێن و ٩٦٩هەزار بۆشکە لە ڕۆژ دا دابەزیوە.
بەرهەمی نەوتی ئێران پێش لە گەمارۆکانی ئەمریکا ٣ملوێن و ٨٢٠هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا بوو.

ئه‌م بابه‌ته 41 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:09:20/05/2020