نوێنەری ئێران بانگهێشتی دانیشتنی ناوچەیی بانکی جیهانی نەکراوە

نوێنەری ئێران بانگهێشتی دانیشتنی ناوچەیی بانکی جیهانی نەکراوە
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: حوسەین میر شوجاعیان، ڕاوێژکاری وەزیری ئابووری ئێران دەڵێت کە بانگهێشتی ئێران بۆ دانیشتنی مەجازی سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ کە چەندین ڕۆژ لەمەوپێش بۆ بەرەنگاری لەگەڵ کڕۆنا بەڕێوە چوو، نەکراوە.
ناوبراو لە ماڵپەڕی توییتێری خۆیدا نووسی: "دەستخۆشی و پێزانین لە سەختکۆشی گرووپی ناوچەیی بانکی جیهانی دەکەین بەڵام بەداخەوە ئێران بەنگهێشتی ئەم دانیشتنە نەکراوە."
هەواڵنێری فارس، حسەین میر شوجاعیان وەکوو نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ ناو دەبات.
دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاری لەگەڵ کڕۆنا داوای یارمەتی ٥میلیارد دۆلاری لە سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ کردووە بەڵام ئەم دامەزراوە جیهانییە تا بە ئێستا وڵامی ئەم داواکارییەی کۆماری ئیسلامی نەداوەتەوە.
"سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ" و "بانکی جیهانی" دوو دامەزراوەی جیاواز لە یەکترین کە ئەرکی یەکەمین دامەزراوە، چاودێری بەسەر سەقامگیری نیزامی پووڵی جیهانە وئەرکی بانکی جیهانی کەم کردنەوەی هەژاری لە ڕێگای بەخشینی برێک یارمەتی بە وڵاتانە.

ئه‌م بابه‌ته 370 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:08:22/03/2020