راگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە زەوی لەرزە شاری"کۆتۆل"(قوتوور) و گوندەکانی دەورووبەری

راگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە زەوی لەرزە شاری

خەلکی بەشەرەفی کوردستان!
هاونیشتیمانییانی مافخوراوی دەڤەری کۆتۆل!

هەروەک ئاگادارن ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی٤ی رەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٣ی فێورییەی ٢٠٢٠ زایینی، ٢ زەوی لەرزە بە هێزیی ٥.٨ پلەی ریشتەر، کە یەکەمیان لە کاتژمێر نۆ و پەنجاوسێ خولەکی سەر لە بەیانیی و دووهەمییان حەوت و نیوی ئێوارە، شاری کۆتۆلی سەر بە پارێزگای ورمێی هەژاند و بەداخەوە سەرەڕای خەساری زۆری ماڵی، هاونیشتیمانییەکی زۆر لەو ناوچەیە بریندار بوون.
ئەو زەوی لەرزەیە هاوکات لەگەڵ زیانەکانی لەو ناوچەیە، کە ٣٢ گوند و ٤ هەزار بنەماڵە لەخۆ دەگرێ، ناوچەی "باشکالان"ی سەر بە پارێزگای "وان"ی کوردستانی باکووری هەژاندووە و بەداخەوە سەرەڕای خەساری زۆری ماڵی ٩ کەس گیانی لەدەست داوە و نیزیک بە ٨٥ کەسی دیکە بریندار بوون.
ئەوەی کە جێگەی داخ و دڵگرانییە ئەوەیە کە ئەو کارەساتە مرۆڤییە لە سەرمای زستان و لە بەفر و تەڕوتووشییەدا لەو ناوچەیەی داوە و زۆرێک لە خانوو و ئاوەدانییەکانی ئەو دەڤەرە داڕماندووە و هاوکات رێژەیەکی زۆر مەڕ و ماڵاتی خەڵکەی ناوچەکە لەناوچوون و دەڤەرەکە پێویستی بە فریاکەوتن و بەهاناچوونی بەپەلە هەیە.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر بەسەر زەوی لەرزەی یەکەمدا لە ناوچەی کۆتۆل خەڵکەکە پێویستیی بە خێوەت و کەلوپەلی گەرمکەرەوە و خواردن هەیە، بەڵام هیچ هاوکاریی و فریاکەوتنەک لەلایەن دام و دەزگاکانی رژیمەوە نەگەیشتۆتە دەستی خەڵکەکە و ژیان و گوزەرانییان ئەستەمتریش بووە.
دیارە ئەوە بەهاناوەنەچوون و کەمترخەمییە لە کۆماریی ئیسلامیی ستەمکار چاوەڕوانکراوە، چوونکە مێژووی دوور و نیزیک لە چەند ساڵی رابردوودا سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە لە دوای زەوی لەرزە وێرانکەرەکانی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی لە ناوچەی سەرپێڵی زەهاو لە کرماشان لە تێیدا نیزیک بە ٨٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەروەها زەوی لەرزەی شاری بەم لە بەفرانباری ١٣٨٢ی هەتاوی کە تێیدا زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس گیانییان لەدەستدا، رژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەر پشتیوانی و هاوکاریی هەمەلایەنەی حیزبوڵاکان و گرووپە توندئاژۆکانی وڵاتانی ناوچە، نەتەنیا بەهانای خەڵکەی خۆیەوە نەچووە، تەنانەت دەستی بەسەر هاوکاریی خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا گرت و خزێندرانە گیرفان بەرپرسانی ئەو سیستەمە گەندەڵە لە سەرێ بۆ خوارەوە.
ئێمە وەکوو ناوەندیی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەداخبوونی خۆمان لەو کارەساتە سرووشتییەی ناوچەی کۆتۆل و کوردستانی باکوو رادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی ئەو کارەساتە دەخوازین و داوامان وایە کە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کۆتۆل و دەورووبەری لە هاوکاری و بەهاناوەچوونییان بێبەش نەکەن.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٤ی رەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی


ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:03:25/02/2020