بن بەستی بێ پاش و پێش!

بن بەستی بێ پاش و پێش!



ئەردەڵان فەرەجی


ئەوەی کە بەرچاوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی بە دوای خۆپیشاندانەکانی یەک دوو دەیەی ڕابردوو تا هاتووە ڕەوایی و مەشرووعییەتی لێ داماڵدراوە و ڕەنگە خۆپیشاندانەکانی سەرماوەزی ئەمساڵ و خەڵتانی خوێن کردنی ئەم خۆپیشاندانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، خاڵی کۆتایی دەرکەوتنی ڕووت و قووتی بێ مەشرووعییەتی و ناڕەوابوونی دەسەڵاتەکەی بێت. ئەمە بۆچی گرنگە؟! 

کۆماری ئیسلامی بەدوای هاتنە سەرکاری و دامەزراندنی بەناچار ، مەجبوور بوو مل بدات بە پرسی هەڵبژاردن بە خەباتکارانی پێشکەوتنخوازی ئەو سەردەم و ئەم پرسە وەک مەحەکی ڕەوایی جەماوەری بوونی خۆی پێناسە دەکات، لە کاتيکدا لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە چەمکی هەڵبژاردن لە ناوەرۆک و ناواخنی ڕاستەقینەی خۆی، پووچەڵ بکاتەوە و بیکات بە شانۆگەرییەک. نموونەی کۆماری ئیسلامی و زۆرێک لە دەسەڵاتە دیکتاتۆر- تۆتالیتێرەکان دەری دەخات کە  ئەو جۆرە ڕژیمانە، بە بێ مەشرووعییەتیش دەتوانن لە سەر کار بمێننەوە، بەڵام بە زەبری زۆر و ئیقتدار. ئەمەش دەریدەخات کە سەرباری پەککەوتەبوونی هەموو تان و پۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەڵام هێزە سەرکوت و داپڵۆسینەکەی هێشتا لە سەر پێیە.

بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانەی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە هەموو ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە، هەر لە ژنان و کرێکارانەوە بگرە تا خوێندکار و مامۆستا و  خانەنشین و خەڵکی هەژار و کەم داهات و بزووتنەوەی کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە ئارا دا بوون کە هێمای ئاشکرا و حاشاهەڵنەگر بوون لە سەر ناڕەوایی ئەم دەسەڵاتەبە درێژایی ئەم چوار دەیەیە. شێوەی هەڵسووکەوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو بزووتنەوانە و داواکارییە ڕەوا و بەرحەقەکانیان بەرگی ڕەوایی لەو ڕژیمە دادەماڵی، بەڵام بۆ بەشێکی بەرچاو لە خەڵک کە وێنەی خۆمەینییان لە مانگ دا دەدیت، کاتی برد تا پەی بەناوەرۆکی دژە مرۆیی بوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرن.

لە سەر چووان نەچین! بەڵام بە پێی هەندێک ئاماری سەنتەری توێژینەوەی زانستگاکانی ئەمریکا و نەک هەر بە ئیدیعای ئەوان، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، زۆرینەی ٨٠، ٩٠% خەڵکی ئێران لە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامین، بەڵام کەمینەیەکی موقتەدر و سەرکوتگەر توانیویەتی بە کوشت و بڕ، زیندان و ئەشکەنجە و بە گشتی جینایەتکارانە ئەو ڕژیمە ڕاگرێت. 

کەواتە دەردەکەوێت ڕژیمێکی نامەشرووع و ناڕەواش دەتوانێت بە پشت بەستن بە هێز و سەرکوت لە سەر کار بمێنێتەوە. ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو  لە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و لە سەرکوتی نەیارانی و ناڕازیانی ناوخۆ دەبینرا ، نواندنی ئیقتدار و هێزی سەرکوت بوو.

 لێدانی قاسمی سولەیمانی و کوشتنی، لێدان لە هێما و سیمبولی ئەو ئیقتدارە بوو.

کوشتنی قاسمی سولەیمانی شکاندنی شکۆی ئەفسانەی لەشکان نەهاتووی دۆرینەی سپای پاسداران بوو. کەم نەبیسراوە و کەمیش خەڵکی پێ چەواشە نەکرا کە نواندنی ئەم ئیقدارە بەرگرتنە لە بەسوورییەی بوونی ئێران. بەسوورییەی بوونی ئێران کرا بە داهۆڵ و دێوەزمەیەک کە خەڵکی پێ چاوترسین دەکرا و بێ کاریگەریش نەبوو، بەڵام سەرەنجام ئەوە وریایی و چاو و گوێ کراوەیی خەڵک بوو هەموو ڕیسەکانی لە کۆماری ئیسلامی کردەوە بە خووری. کەم نەبیسرا کە لە پێناو ئەوەی کە «ئەگەر هیچ شتێکت نییە، هیچ شتێک!، بەڵام لانی کەمەکەی ئەمنییەتی و ئاسایشەکە هەیە» و ئەمەش لە سایەی سەری ئیقتداری کۆماری ئیسلامی و سەرکوتگەری و کوشت و بڕی سپای پاسدارانەوەیە «شووکرانەبژێر بن».

ئەم ئیقتدارە، بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە ئەوندەی دیکە خەوشدار بوو. پرسیار لەوبارەیەوە زۆرە و ئەم بابەتە پانتاییەکەی زۆری لە میدیای جیهانی و ئێرانی بەخۆی سەرقاڵ کردووە کە زۆربەیان ڕووەو تۆمەتبار و تاوانباری سپای پاسدارانە وەک سیمبولی هێز و دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی دا.

ڕەنگە لەو نێوانەدا لێدوانەکەی ترامپ جێی سرنج بێت کە وتی؛ هەواڵ هەیە کە بە هەڵە فڕۆکەیەک لە ئێران بەربووەتەوە! بەرپرسانی سپای پاسداران بە هەموو شێوەیەک بە هەموو شێر و ڕێوی هێنانەوەیەک لە هەوڵی ئەوە دابوون کە ئەم بابەتەش دیزە بە دەرخۆنە بکەن و لە ژێر باری بەرپرسایەتییەکەی خۆیان بدزنەوە. بەڵام لێدوانەکەی ترامپ ڕێی خۆش کرد بۆ قبووڵی ئەو ئیعتراف و دان پێدانانەی کە سپا لانی کەم بە هەڵە  و نەک بە ئەنقەست ئەو فڕۆکەیەی بەرداوەتەوە. 

وەدرۆکەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی ئەوندەی دیکە گومانەکانی بۆ بەئەنقەست نەبوونی خستنەخوارەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە، زۆرتر کرد. گومان زۆرن لە سەر بە ئەنقەست نەبوونییەوە هەر لەوەی کە بۆچی گەشتی فڕۆکەکان لەو شەوەدا ڕانەگیراون؟ بۆ دوو جار ڕۆکێتی پێوەنراوە؟ یان بە ڕاستی لە سەر شاشەی ئۆپێراتۆرەکە مووشەکی کروز دەرکەوتووە؟ سیستمە ئیلیکترۆنییەکەی هەک کراوە؟ و زۆر پرسیاری دیکە، بەڵام لانی کەمەکەی ئەوەیە فس فس پاڵەوانەکەی پووچاندەوە. گومانی جیددی هەیە کە کۆماری ئیسلامی بە ئەنقەست وای کردووە کە ئەو فڕۆکەیە بەر بێتەوە، بەو پێیەی لە ئەگەری کاردانەوە بە موشەکباران کردنی پایەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، وا پیشانی بدەن و ئەمریکاش کە پێشووتر هەڕەشەی خاپوور کردنی ٥٢ شوێنی گرنگی کۆماری ئیسلامی دابوو، ئەو فڕۆکەیەشی بەر کەوتووە و لە ڕێگەی بەقوربانی کردنی مسافیرەکانی ئەو فڕۆکەیە، هەل بقۆزێتەوە و بیکات بە ئەهروومی فشار بە سەر جیهانەوە کە ئەمریکا خەڵکی سڤیل و مەدەنی کردووەتە ئامانج. بەڵام بە پێچەوانە ئێستا ئەو گومانە دروست بووە کە ئێران خۆی جیایەتی جەنگی ئەنجام داوە و خەڵکی سڤیلی وەک سەنگەر و قەڵغان بەکار هێناوە کە ئەمە دەتوانێت باجی گەورەی بۆ کۆماری ئیسلامی بەدواوە بێت. 

لەم پینانەشدا ڕیسەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ شانۆگەری ناشتنی جەنازەی قاسم سولەیمانی، کردەوە بە خوری و ڕێکخستنی ئەو شانۆگەرییەی پڕ خەرجەی لێ بوو بە قوزەڵقورت. 

بە دوای هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام و سەپاندنی گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بریتی بوو لە؛ نەشەڕ و نە دان و ستان! واتە ستراتیژی یان بە واتایەکی دیکە تاکتیکی کاتی ئەم سەردەمە بۆ کۆماری ئیسلامی بریتی دەبێت لەوەی کە  دۆخی ئێستای خۆی بپارێزێت تا هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەمریکا و گرەوی لە سەر ئەوە کردووە کە ترامپ بۆ جاری دووهەم هەڵنەبژێردرێتەوە بۆ سەرۆک کۆماری و پاش ئەوەش هەوڵ دەدات جۆرێکی دیکە و لە ڕێکەوتنێکی دیکەدا لە گەڵ دەوڵەتی نوێی ئەمریکا بسازێتەوە. 

ئەوەی ئێستا دەر دەکەوێت قووڵ بوونەوەی کێشمەکێش و ململانێکانی ناو بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. لایەنی بناژۆخواز و ئووسوولگەرا بە هەموو هێزی خۆیانەوە هێرش دەکەنە سەر ئەوکەسانەی -کە بەشێکیان لە دەوڵەتەکەی ڕووحانی دا کار بەدەستن- کە پێیان وایە  بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ئاڵۆزانەی کە کۆماری ئیسلامی تێی کەوتووە سازان لەگەڵ ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکایە کە دەبێت وەک دەوڵەت و وڵاتێکی ئاسایی هەڵسووکەوت بکەن.  کۆماری ئیسلامی کە لە بەردەم هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی دایە بەو ڕەتی سەڵاحییەتاکەنی کە شوورای نیگابان کردوویەتی، بە نیازە هێز و دەسەڵات یەک کاسە و یەکگرتووتر بکاتەوە، ئەمە خۆی ڕەنگە مەیلێکی ڕۆژئاواییەکان و بە تایبەتی بەشێک لە ئەمریکاییەکانیش بێت. 

دوکتورینەکەی ئۆباما شکستی هێنا کە پێی وابوو لە ڕێگەی ئیسلاحتەڵەبەکانەوە دەکرێت ڕێگە بۆ دێمۆکراتیزە کردنی کۆماری ئیسلامی هەمووار بکرێت. ئێستا هەمووان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە یاری ئیسلاحتەڵەب و ئوسوولگەر کۆتایی هاتووە. ڕەنگە ئەمە خۆی دەرفەتێک بێت؛ ئووسوولگەرا و بناژۆخوازان و لە سەروو هەموویانەوە ژێنێڕاڵەکان لە ئێران دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. حاڵ لە دوو فەقەرە بەدەر نییە؛ یان ئەوەی کە لەگەڵ ئەمریکا دەکەونە شەڕ و هێزی سەربازی ئەنجامی بەریەک کەوتنەکە دیاری دەکات، یان خود نا لەگەڵ ئەمریکا دەسازێن. واتە کۆتایی بەم گوتارەی نەشەڕ نە دان و ستانە دێت و پرسەکە بە لایەک دا یەکلایی دەبێتەوە. 

لەم نێوانەشدا چەک کردنی ئێران لە پرسی خاوەندارییەتی کێشەی عەرەب و ئیسرائیل بەو گەڵاڵە پێشنیارییەی ئەمریکا ڕەنگە پازێڵی  کورت کردنەوەی دەستە ئوختاپووسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کامڵ بکات.

کارا بوونەوەی خاڵی ماشە لە ڕێکەوتننامە ناوکییەکە بە دوای پاشگەزبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغی کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی لە بەرجام و ناڕەزایەتی وڵاتانی ئۆرووپایی بەرامبەر هەڵوێستەکەی کۆماری ئیسلامی ئەوندەی دیکە باری ئێرانی  قورستر کردووەتەوە. پلانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا ئەوەیە نیوە و نیوەچڵ لە بەرجام دا بمێنێتەوە، هەر بەشی ئەوندەی جیهانی پێ هەڵبخەڵەتێنێ و کێشی بکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ کە مۆڵەتی قەدەغە بوونی کڕینی هەندێک چەکی لە سەر تەواو بێت و دەستی بەهەندێک لەو چەکە پێشکەوتووانە ڕا بگات کە ساڵانێتە خەویان پێوە دەبینێت، بەڵام ئایا ڕووسییە ئەو چەکانە بە ئێران دەفرۆشێت بۆ خۆی پرسیارێکی گەورەیە.

لەم دۆخە ئاڵۆزە ناوخۆیی و جیهانییەی کۆماری ئیسلامی، پرسی هەڵاوسان و گرانی و خراپی باری دارایی و ئابووری خەڵکی ئێران، ئەوندەی دیکە دۆخەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی دژوارتر کردووەتەوە. 

ئەگەرچی گەندەڵی سیستمێکی حوکمڕانی، نەبوونی مەشرووعییەت، دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزم، هەژار و بێکاری لە ڕادەبەدەری خەڵک و جیاوازی چینایەتی زەق و حاشاهەڵنەگر و یان قەیرانی دیپلۆماسی و  پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، ناڕەزایەتی  بەرفراوان و بەرین بەڵام  پەرتەوازە و نایەکگرتوو، نەتوانن هەر کامیان بە تەنیا ڕژیمێک و بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی نەڕووخێنن، بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆی ئەم قەیرانانە بڕست لە هێزی دەسەڵاتی سەرکوتگەر و بێ بەزەیی دەبڕێت و سەرەنجام چۆکی پێ دا دەدات.

بە هەر سیناریۆ و ئاراستەیەک دا بێت، گۆڕانی گەورەی سیاسی لە ئێران بەڕێوەیە و هەمووان ئەوە پێش بینی دەکەن، پرسیار ئەوەیە؛ ئەم گۆڕانە گەورە سیاسییە چی بۆ کورد تێدا دەبێت؟ وڵامدانەوە بەو پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام  هەرچییەک بێت لە قازانج و بەرژەوەندی بزووتنەوەی کورد دا دەبێت یان لانی کەم لەم دۆخەی ئێستا باشتر دەبێت بەو مەرجەی کە کورد یەکگرتوو لە شانۆی سیاسی  کوردستان، ئێران و جیهان دەرکەوێت.

ئەم دۆخەی ئێستای کۆماری ئیسلامی بن بەستێکە کە نە ڕێی پاشی هەیە و نە ڕێی پێش، ناچارە بە  هەڵبژاردن و ناتوانێت هەروا درێژەی پێ بدات، هەڵبژاردنی هەر کام لە بژاردەکان، دۆخێکی نوێ دەخولقێنێت و ئەم دۆخەش گۆمێکە و کورد دەبێت مەلەوانێکی شارەزا بێت.


ئه‌م بابه‌ته 307 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:01:18:14/02/2020