کاردانەوەی بەرپرسانی ئەمریکایی لە دەوری نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران

کاردانەوەی بەرپرسانی ئەمریکایی لە دەوری نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران
ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ دۆناڵد تڕامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە دەوری نوێی ناڕەزایەتی گشتی خەڵک لە ئێران کاردانەوەی نیشان دا و جارێکی دیکە پشتیوانی لە خەڵک کرد.
ڕۆژی شەممە ٢١ی بەفرانبار، دۆناڵد تڕامپ لە سەر ماڵپەڕی توییتێری خۆی ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە فارسی نووسی: "من لە دەسپێکی دەورەی سەرۆک کۆماری خۆم لەگەڵ ئێوە وەستاوم و دەوڵەتی من هەروەها لەگەڵ ئێوە دەوێستێت. ئێمە لە نزیکەوە بە شوێن خۆپیشاندانەکانی ئێوەوەین.
ئازایەتی ئێوە ئیلهام بەخشە."
دۆناڵد تڕامپ هەروەها لە توویتێکی دیکەدا ڕژیمی ئێرانی ئاگادار کردەوە: "دەوڵەتی ئێران دەبێت ڕێگە بدات بە گرووپەکانی مافی مرۆڤ تا چاودێری ڕاستییەکانی خۆپیشاندانی ناو خەڵک بکەن و ڕاپۆڕت بدەن. نابێت شاهیدی کوشتنی دووبارەی خۆپیشاندەرانی موسالمەت خواز یان پچڕانی ئینتەڕنێت بین. جیهان چاودێری ئەم ڕووداوانەیە."
هەروەها ڕۆژی شەممە٢١ی بەفرانبار، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ماڵپەڕی توییتێری خۆیدا لەگەڵ بلاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی خۆپیشاندانەکان، نووسی: "دەنگی خەڵکی ئێران ڕوونە. ئەوان لە درۆکانی ڕژیم، بێ عورزەگی و وەحشیگەری سپای ژێر بڕیاری دزخوازی خامنەیی وەڕەز بوون."
پۆمپێئۆ دووپاتی کردەوە: "ئێمە لە پاڵ خەڵکی ئێرانەوە وێستاوین کە شیاوی داهاتوویەکی باشترن."
هەروەها لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان، چەندین ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی ئێران دەربڕیوە.
تام کاتێن، سێناتۆری کۆماریخواز لە دوو توییت دا ئاماژەی بە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی شەممە لە ئێران کرد و نووسی: "خەڵکی بوێری ئێران ناخەڵەتێن.ئەوان هیچ جۆرە تەوەهومێکیان سەبارەت بە پیاوانی شەیتان سفەت کە بەسەریاندا دەسەڵاتداری دەکەن نییە. ئێستا ئەوان جارێکی دیکە هاتوونەتە شەقامەکانەوە. خوا پارێزگاری ئەوان و ئاواتەکانیان بۆ داهاتوویەکی باشتر بێت."
تاد یانگ، سێناتۆری کۆماریخوازی هەرێمی ئیندیانا لە ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران پشتیوانی کرد و لە ماڵپەڕی توییتێری خۆیدا نووسی: " بوێری و ئازایەتی خەلکی ئێران کە ئەمشەو لە شەقامەکاندا دەستیان دایە خۆپێشاندانی ئاشتی خوازانە بۆ من ئیلهام بەخشە. خوا ئاگاداریان بێت."
هەروەها چەندین سێناتۆری کۆماریخوازی دیکە تا ئێستا پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران دەربڕیوە.

ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:11:12/01/2020