بانگەواز بۆ ٥ی بەفرانبار

بانگەواز بۆ ٥ی بەفرانبار

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: لە دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ لە سەرکوتی توندووتیژانەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە کاردانەوە بەرامبەر بە دۆخی نالباری ئابووری و سیاسەتە هەڵەکانی ڕژیم، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ئامادە نەبوون کە زانیارییەک سەبارەت بە کوژراوان، بریندارەکان و بەندکراوانی ئەو ناڕەزایەتییانە ڕابگەیێنن.
هەواڵنێری ڕووییتێرز لە ڕاپۆڕتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە ڕێژەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر گەیشتووتە ١٥٠٠ کەس کە عەلی خامنەیی بڕیاری کوشتنی ئەو خۆپیشاندەرانەی داوە.
تا ئێستا چەندین بەرپرسی و سێناتۆری ئەمریکایی کارادانەوەیان سەبارەت بە ڕاپۆڕتی ڕووییتێرز هەبووە و خوازیاری لیکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بوون.
هەر لەم بارەیەوە بۆ مەحکووم کردنی کوشتنی ڕێژەیەکی زۆر لە شارۆمەندانی ئێرانی و هەروەها بەندکردنی خۆپیشاندەران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، چەندین کاردانەوە و چالاکی بەم بۆنەیەوە لە لایەن چەندین حیزبی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەوانە؛ ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، شۆڕای مودیریەتی گوزار، ناوەند و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان، ژمارەیەکی زۆر لە دایکان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو بۆ پشتیوانی و ڕێزگرتن لە بەندکراوان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی  مانگی خەزەڵوەر، ڕاگەیاندن و پەیامی خۆیان ڕوو بە خەڵکی ئێران و کوردستان بڵاو کردوتەوە.
دایکان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ماوەی ٤٠ساڵی پێشوو بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، "خوازیاری ئەوەن کە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار بۆ ناڕەزایەتی بە کوشتنی ئەو کەسانەی کە لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا گیانیان لە دەستدا، بە هەر شێوەیەک کە لە توانایاندا هەیە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕن." و هەروەها ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک، پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەزەڵوەر دەبڕی و لەگەڵ مەحکووم کردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە پەیامێک دا ڕوو بە خەڵکی کوردستان ڕۆژی ٥ی بەفرانباری بە دەرفەتێک بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەردەوامی ڕەوتی خۆپیشاندانەکان ناو برد و لە چەندین خاڵدا داواکاریەکانی خۆی بۆ ڕۆژی ٥ی بەفرانبار دەربڕی.
شۆڕای مودیریەتی گوزاریش لە پشتیوانی لە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە یەکگرتوویی خۆیان دژ بە بکوژانی منداڵان و شارۆمەندانی ئێرانی نیشان بدەن و ڕێگە بەوە نەدەن کە خوێنی منداڵانی ئێران لەسەر عەرز بڕژڕێت.


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:44:24/12/2019